رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی هەفتەیەکی رابردووی سلێمانی زیاترە لە 18 ملیار دینار و داهاتی مانگێکیش زیاتر بووە لە 51 ملیار دینار.
رۆژی هەینی، ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردەوە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 20ـی تەممووز بۆ ئەمڕۆ 26ـی تەممووز، 18 ملیار و 455 ملیۆن و 564 هەزار و 605 دینار بووە.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 12 ملیار و 308 ملیۆن و 624 هەزار و 587 دینار بووە، بەوەش نزیکەی شەش ملیار دینار زیادیکردووە.
بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25ـی ئاب بۆ ئەمڕۆ، 51 ملیار و 860 ملیۆن و 899 هەزار و 903 دینار بووە.
ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، داهاتی مانگێک پێشتری هەمان سنوور، 65 ملیار و 407 ملیۆن و 831 هەزار و 136 دینار بووە، بەوەش داهاتی مانگانە نزیکەی 9 ملیار دینار کەمیکردووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 674 ملیار دینار.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
بە دروشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ