جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق: چیدیکە مووچە دواناکەوێت

27-09-2025
مالیک محەممەد
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بگاتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. ئاماژە بەوەش دەکات، لەمەودوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواناکەوێت.
 
ئەمڕۆ شەممە نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "بەپێی بودجەی سێ ساڵەی عێراق، دەبێت بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بگاتە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بەڵام بڕیاری دادگەی فیدراڵی وایکرد کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان کەم بکەنەوە، لەگەڵ هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییانەش. ئەوانە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بوون."
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز گوتیشی، "ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنان 240 هەزارە. ئەم رێککەوتنە وادەکات کۆمپانیاکان بەرهەمهێنان زیاد بکەن و بیگەیێننە 400 هەزار؛ چاوەڕێش دەکرێ لە دوو ساڵی داهاتوودا بگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا."
 
بە گوتەی نەهرۆ رواندزی، لە ساڵی نوێوە "پێویست دەکات" ئەو بڕگەیەی نێو رێککەوتنەکە هەمواربکرێتەوە کە باس لە بڕە نەوتی پێویستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، "چونکە ئەو 50 هەزار بەرمیلە بەشی پێویستی نێوخۆ ناکات. عێراق خۆی مانگانە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل بۆ پێویستی نێوخۆ بەکاردەهێنێت کە دەکاتە بڕی 58 هەزار بەرمیل بۆ هەر پارێزگایەک."
 
لەبارەی خەرجکردنی مووچە، نەهرۆ رواندزی باسی لەوە کرد، "لەمەودوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواناکەوێت." گوتیشی، "پێش نیوەی مانگی داهاتووش پێویستە مووچەی مانگەکانی 8 و 9 دابەش بکرێت، بۆئەوەی لە مانگی 10وە لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دابەش بکرێت."
 
رۆژی 25ی ئەم مانگە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی هەناردەکردنەوە دەستیپێکرد.
 
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە