رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین ساتەکانی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی نەوت زیانەکانی پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی قەرەبوو کردەوە. نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 14 سەنت زیادی کرد.
بەپێی هەندێ سەرچاوەی نزیک لە گرووپی ئۆپێک پڵەس، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لەو گرووپە بەنیازن لە مانگی 8 ـی ئەم ساڵدا هێشتا قەبارەی خستنەرووی نەوت زیادبکەن.
هەرچەندە پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی بەهۆی بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئۆپێک پڵەس نرخی نەوت دابەزی، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەی خۆی هێنا.
لە کۆتایی رۆژدا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 67 دۆلارو 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 28 سەنت بەرزبووەوەو بە 65 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
چوار وڵاتی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس پشتراستیان کردووەتەوە، ئەو گرووپە بەنیازە لە مانگی 8 دا هاوشێوەی مانگی 7 رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانەوە.
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (پرایس فیوچەرز گرووپ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی پەیوەست بە ئۆپێک پڵەس، نرخی نەوتی پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی دابەزاند."
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 12٪ دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.
بەپێی ئەو راوێژکارەکەی (پرایس فیوچەرز گرووپ) چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزبوونەوەی خواست لە چەند مانگی داهاتوودا بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە کاتی داخستنی بازارەکاندا نرخی نەوت زیانەکانی قەرەبووکردەوە و بە بەرزبووەوە رۆژی هەینی دەرباز کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ