عێراق دەیەوێت کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان لەگەڵ کوەیت پەرەپێبدات

28-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ شاندێکی کوەیتی بە سەرۆکایەتیی خالید وەلید دین، بریکاری وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، هەردوولا تاوتوێی پتەوکردنی هاوئاهەنگی بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی نێوانیانیان کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزیری نەوت جەختی لە پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بواری وەبەرهێنانی نەوت لە کێڵگە هاوبەشەکان کردەوە و رایگەیاند، وەبەرهێنان لەو کێڵگانە مافی هەردوو وڵاتە و هەنگاوی باش لەبارەی لێکتێگەیشتنەکانەوە نراوە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ تەکنیکییەکان کردووە و گوتوویەتی، عێراق دەیەوێت کێڵگەکان پەرە پێبدات و وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵدا بکات بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
 
بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرۆکی شاندی کوەیت جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیی هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە. هەروەها رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ لایەنی عێراقی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەبووە، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکات.
 
گرنگترین کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و کوەیت، کێڵگەی رومێلەی باشوور، کێڵگەی زوبێر، کێڵگەی خزر مای و کێڵگەی دوڕڕەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە