رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دڵنیایی دەدات لەوەی کار دەکەن بۆئەوەی ئەو مووچانەی ماون، لە داهاتوودا بدرێن و نەفەوتێن.
ئەمڕۆ هەینی فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە زاخۆ راگەیاند، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەسەر هێڵە لەگەڵمان بۆ پرسی مووچە. دانوستاندن بەردەوامە و ئێمە هەموو پابەندییەکانمان جێبەجێ کردوون."
لەبارەی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا گوتی، پێویست بوو چوارشەممە یان پێنجشەممە بگات، بەڵام "پشتیوان بە خودا، یەکشەممە یان دووشەممە دەگات."
لە عێراق مووچەی مانگی 10 و بەشێکی مانگی 11ش خەرجکراوە. سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، "کار بۆ ئەوە دەکەین مووچەکانی دیکەش نەفەوتێن. یاسای بودجە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەم کارایە، ئەگەر مامەڵەی سیاسیمان لەگەڵ نەکەن، ئەوا مووچەکان نافەوتێن."
لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "کارێکی تیرۆریستی بوو، نیشانەی ئەوەیە حکومەتی فیدراڵی ئەو هێزەی نییە ئاسایشی وڵات بپارێزی، دەستی تیرۆریستانیش درێژترە لە دەستی حکومەتی فیدراڵی و ئەوەش جێگەی داخە. ئەو لایەنانەی لە پشت ئەو کردەوانەن دیارن، لای ئێمە و لای حکومەتی فیدراڵیش دیارن."
فارس عیسا باسی لەوەش کرد، "پێشتر لیژنەی تایبەت پێکهێنراوە و کارەکانی خۆیان کردووە و راپۆرتی خۆیان پێشکێشی بەڕێز سوودانی کرد، بەڵام کاری پێنەکرا و ئەوانەشی دەستگیرکرابوون دواتر ئازادکران."
سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکان، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوای وایە، "ئەوان (بکەرانی هێرشەکان) چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێ رێگری لە پێشکەوتنەکان بکەن."
شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ