رووداو دیجیتاڵ
گومرگی ئیلام دەڵێت، لە 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە 270 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەی عێراق کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2025 سوهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام رایگەیاند، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-01-2025، واتە لە ماوەی 10 مانگدا زیاتر لە 270 هەزار و 950 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەی عێراق کراوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە بایی زیاتر لە 114 ملیۆن و 128 هەزار دۆلار بوون.
سوهراب کەمەری گوتی، زیاترین ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی هەناردە کراون بریتی بوون لە شوتی، سێو، خەیار، تەماتە، پرتەقاڵ.
بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام راشیگەیاند، لەو 10 مانگەدا کۆی گشتی هەناردە لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە 2 ملیۆن و 223 هەزار تۆن بووە کە بایی زیاتر لە یەک ملیار و 311 ملیۆن دۆلار بووە.
بە گوتەی سوهراب کەمەری، بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، ئامێر و پارچەی یەدەگی تایبەت بە وێستگەکانی کارەبا، کەرەستەی بیناسازی، کاشی و سیرامیک، بەرهەمە پلاستیکییەکان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاترین ئەو کاڵایانەن کە لە 10 مانگی رابردوودا لە رێگەی سنووری میهرانەوە هەناردەکراون.
دەروازەی سنووریی میهران بە دووری 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ