نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بۆ 22 هەزار دینار بەرزبووەوە

29-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ بۆ 22 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. چاودێریی بازرگانیی سلێمانیش دەڵێت، ئەوە وایکردووە خواست لەسەر کڕینی گۆشتی بەرخ 50٪ دابەزێت. گۆشت فرۆشێکیش لە پارێزگای دهۆک دەڵێت: "نرخی گۆشت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی خواست نەبووە."
 
رۆژی چوارشەممە 29-03-2023، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خواست لەسەر کڕینی گۆشتی بەرخ 50٪ دابەزیوە، چونکە نرخەکەی بۆ 22 هەزار دینار بەرزبووەتەوە؛ گۆشتی گوێرەکەش ئێستا 18 بۆ 19 هەزار دینارە."
 
لە سلێمانی کیلۆیەک گۆشتی مانگا 13 و 14 بە هەزار دینارە، سۆران عەبدولغەفوور دەڵێت، گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور پەیوەندی بە گرانبوونی ئالیک هەیە کە نزیکەی 800 هەزار دینارە و زیندە قەپان کە بە پلەبەندی زیادی کردووە، مانگی 11ی پار بە 5250 دینار بوو، مانگی 12 بووە 6250 دینار، مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بووە 7300 دینار، مانگی شوبات بووە 8600 دینار و ئێستاش بە نۆ هەزار و 100 دینارە. 
 
محەممەد شوکر، گۆشتفرۆشێکە لە شاری هەولێر و بە رووداوی گوت، ئێستا نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 22 هەزار دینارە، ئەو نرخە لە 18ی ئادارەوە بەوشێوەیە زیادیکرد، ئەگینا پێش مانگێک کیلۆی بە 18 و 19 هەزار دینار بوو.
 
بە گوتەی محەممەد شوکر، یەکێک لە هۆیەکانی گرانبوونی نرخی گۆشت ئەوەیە ئەو ئاژەڵەی دەهێندرێتە هەولێر بۆ ناوەراست و خوارووی عێراق دەنێردرێت، هەر لەوبارەوە بڕیارە سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن بۆ ئەوەی دوو داوا لە وەزارەت بکەن، "یەکەم؛ ئاژەڵی هاوردە زیادبکەن. دووەم؛ رێگری بکرێت لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق."
 
بە گوتەی ئەو گۆشتفرۆشەی شاری هەولێر، نەرمەی گۆشتی گۆلک کیلۆی بە 20 هەزار دینارە و بە ئێسک بە 16 هەزار دینارە.
 
پارێزگای سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 100 بۆ 120 تۆن گۆشتی سوورە. بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور، دوێنێ سێشەممە قایمقامێتی سلێمانی بە ئامادەبوونی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی کۆبووەوە. 
 
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە دەرکراون بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور گوتی: "دوو گرنگترین بڕیار کە دەرکرا ئەوەیە، رێگریی دەکرێت لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هاوکات کارئاسانی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو دەکرێت، بەڵام دەبێت مەرجەکانی تەندروستی تێدا بێت."
 
هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتا بە گشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە. بەگوتەی سۆران عەبدولغەفوور، دوای ئەو بڕیارانەی کە دەرکراوە بۆ رێگری کردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور پێشبینی دەکەن بە پلەبەندی بازاڕ رێکبخرێتەوە و نرخی گۆشتی سوور دابەزێت. 
 
لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 112 هەزار سەر مەڕ، ملیۆنێک و 233 بزن، 367 هەزار رەشەوڵاخ بە نێر و مێ وە هەن. ئاراس قەساب کە هاوکات سەرۆکی سەندیکای بازاری گۆشتفرۆشانی دهۆکە بە رووداوی گوت: "نرخی گۆشتی بەرخی بچووک بە 22 هەزار دینارە، کاوڕ بە 17 و 18، مەڕ 15 و 14، گۆلک نەرمەی بە 18 و 19 و ئیسک 15 هەزار دینارە."
 
بەگوتەی ئەو گۆشتفرۆشە: "لە پارێزگای دهۆک خواست لەسەر گۆشت کەمنەبووەتەوە و رۆژانە هاونیشتمانییان بەپێی پێویستی خۆیان گۆشت دەکڕن." 
 
رۆژی 25ی ئاداری 2023، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت: "ئەو گۆڕانکارییەی بە پلەبەندی دوای کۆرۆنا روویدا هۆکارێک بوو بۆ گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور، دواتر ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر بەهای دۆلار و دینار هات، وشکەساڵی لەسەر ئاستی جیهان کە هەرێمی کوردستانیشی لێ بەدەر نەبوو، ئەوانە هۆکاری بنەڕەتین کە وایکرد گۆشت لەسەر ئاستی جیهان بەرزببێتەوە."
 
فیراس سدیق گوتیشی: "70٪ تێچووی بەرهەمهێنان ئالیکە، لەکاتێکدا پێش 2016 تەنێک جۆ بە 250 هەزار دینار بوو ئێستا بە 650 دینارە واتا بەرزبووەتەوە، دەبێت ئەوەش بزانرێت بەرهەمەکانی کشتوکاڵی بە دینار دەخرێتە بازاڕ و کەرەستەی ئالیک کە لە جیهان هاوردە دەکرێت بە دۆلار دەکڕدرێن."
 
بۆ رێگری کردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور قایمقامێتی سلێمانی سێ بڕیاری دەرکردووە: 
 
- لە مانگی نیسان و بەرەچاوکردنی لایەنی تەندروستی، کارئاسانی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بەتایبەتی ئاژەڵی بچووک. 
 
- لەپێناو پرکردنەوی خواستی هاووڵاتییان و رێگریکردن لەبەرزبوونەوەی نرخ، رێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
 
- دروستبوونی چەند لیژنەیەک لە قەزا و ناحیەکان کە بەدواداچوون بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەن و لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لە پرۆژە و کێڵگە پەلەوەریەکاندا جوجکەیان تێبکرێت و رێکخستنەوەیان بۆ بکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شەفافیەت: داهاتی ئەم ساڵی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 900 ملیار دینارە

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم ساڵی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 894 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا داهاتەکە پار زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە. بەمەش ئەم ساڵ بەراورد بە پار، داهاتی ئەو سنوورە زیاتر لە 5.5 ملیار دینار کەمی کردووە.