رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت دابەزی و سەرەڕای هێوربوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین لە چەند رۆژی رابردوودا، بەڵام بەردەوامیی کێشە بازرگانییەکان، ئاسۆی خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوتی لە مامناوەند و درێژخایەندا تەمومژاوی کردووە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 25 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 18 سەنت دابەزی و بە 61 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەپێی زۆربەی ئابووریناسان، پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بن و جێبەجێبکرێن، سستیی ئابووری لە جیهاندا دروستدەکات، ئەوەش دابەزینی خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوت لێدەکەوێتەوە.
بانکی بارکلیزی بەریتانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوتی برێنت 4 دۆلار دابەزاندووە بۆ 70 دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە چەندین ئەندامی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس داوایان کردووە لە مانگی شەشەوە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان زیاد بکەن.
بەپێی بانکی بارکلێز، ئەو زیادکردنانە دەبنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت بە بڕی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل.
پەیمانگەی نەوتی ئەمریکاش لەلایەکی دیکەوە رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە 500 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ