رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی کەنەدا رێژەی سوودی لە 2.25% وەک خۆی هێشتەوە، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و رەنگە پێویست بکات سیاسەتی نەختینەیی تووند بکات.
ئەمە سێیەم جارە لەسەریەک بانکی ناوەندیی کەنەدا رێژەی سوود جێگیر دەکات و رایگەیاندووە، دەیەوێت رێژەکە بە جێگیری بهێڵێتەوە تاوەکو داهاتووی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و کەنەدا روون دەبێتەوە.
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ناجێگیریی نوێی بۆ ئابووریی کەنەدا دروستکردووە.
تیف ماکلێم، پارێزگاری بانکی ناوەندیی کەنەدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "دەزانین هەڵاوسان لە ماوەی داهاتوودا بەرزدەبێتەوە. هەموومان بەنزینمان لە ئۆتۆمبێلەکانمان کردووە و نرخەکانمان لە وێستگەکان بینیوە."
ماکلێم ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندیی کەنەدا ئامادەیە "چاودێریی کاریگەرییە راستەوخۆکانی" شەڕەکە بکات پێش ئەوەی بڕیار لەسەر گرتنەبەری رێکاری پێویست بدات، بەڵام هۆشداریدا لە مەترسیی "هەڵاوسانی بەردەوام" کە پەیوەستە بە ململانێکەوە.
گوتیشی، "چەندە ململانێکە درێژە بکێشێت و فراوانتر بێت، مەترسییەکانیش گەورەتر دەبن."
کەنەدا هەناردەکارێکی سەرەکیی نەوت و گازی سرووشتییە، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی وزە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە تێچووی زیاتر لەسەر کۆمپانیا کەنەدییەکان دروست دەکات.
ماکلێم هۆشداریدا کە داخستنی تەنگەکە کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی ئابووریش دەبێت و گوتی، "نەوت و گازی سرووشتی تاکە کاڵا نین کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن،" و ئاماژەی بە بەرهەمەکانی دیکەی وەک پەین کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ