رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانی و سیاسییەکانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا، کارکردنی ئابوورییانەی حکومەتی چین بە 'تەڵەی قەرزەکانی چین' ناودەبەن، لە کاتێکدا حکومەتی چین بەردەوامە لە دروستکردنی گەورەترین بلۆکبەندی ئابووری لە جیهاندا و کاری زۆر دەکات بۆ زیندووکردنەوەی رێگەی ئاوریشم، بەپێی پلان و رێگە و ستراتیژێکی نوێ.
مەترسییەکان لە ماوەی رابردوودا زیاتر سەریانهەڵدا، کاتێک دەوڵەتێکی دیکەی ئاسیاوی، کەوتە ناو 'تەڵەی قەرزەکانی چین'ەوە.
حکومەتی لاوس کە دەوڵەتێکی هەڵکەوتووی رۆژهەڵاتی ئاسیایە و دەکەوێتە نێوان ڤێتنام، کەمبۆدیا و تایلاند، بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەکان، بووەتە نوێترین قوربانیی دەستی پلانە ئابوورییە هەڵگوشەرەکەی چین، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان، حکومەتی وڵاتەکە تێدەکۆشێت بۆ خۆپاراستن لە دواکەوتن لە دانەوەی قەرزەکانی سەری کە چین پێیداوە.
لاوس، بەشی گەورەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی سەر تۆڕی وزەی کارەبای نیشتمانی خۆی دایە کۆمپانیای China Southern Power Grid کە کۆمپانیایەکی سەر بەدامەزراوەی موڵکداری پڕۆژەکانی حکومەتی چینە. بارەگاکەی لە شاری گوانگجۆیە.
ئاژانسی 'رۆیتەرز' ئاشکرایکردووە، یەدەگی دراوی بیانی لە لاوسدا بۆ کەمتر لە یەک ملیار دۆلار دابەزیووە، ئەمەش هەلێکی زێڕینی داوەتە چین بۆ ئەوەی لاوس بخاتە ناو دەستپێشخەرییەکانی وەبەرهێنانی خۆیەوە، کە قازانجێکی زۆری لێدەکات.
دامەزراوەی Eurasian Times دەڵێ ریزبەندی لاوس لەلایەن ئاژانسی مۆدی لە B3 بۆ Caa2 دابەزیووە، پێشبینی دەوڵەتانی قەرزداریش لە بێلایەنەوە بۆ نێگەتیڤ گۆڕاوە لەسەر لاوس، ئەمەش بەهۆی 'گشارە تووندەکانی پارەی نەختینەوە'.
ئەو دەوڵەتە بچووکە، تێدەکۆشا بۆ دانەوەی قەرزەکانی سەری بە چین، بەڵام بێ توانایی لە دانەوەی قەرزەکان وایکرد، زۆرینەی کۆنترۆڵی 'تۆڕی کارەبای نیشتمانی' بە چین بدات لە بری قەرز، لەگەڵ کەڵەکەبوونی قەرزەکانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانیدا، کە دەوڵەتی لاوس خاوەنیەتی و 26 لەسەدی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنێت.
چین چۆن گەمارۆی وڵاتە هەژارەکان دەدات؟
چین پێشتر رووبەڕووی هەمان تۆمەت کراوەتەوە، بە ئابڵوقەدانی دەوڵەتانی هەژاری هاوشێوەی لاوس، ئەمەش لەرێگەی پێدانی بڕە پارەیەک بۆ دانەوەی قەرزەکانی، لە بەرامبەردا چین کۆنترۆڵی دامەزراوە ستراتیژییە گەورەکانی ئەو وڵاتانە دەکات، کە لە بنەمادا دامەزراوەی نیشتمانین و ناکرێ ببنە موڵکی دەوڵەتانی بیانی.
دەوڵەتانی دیکەی وەک سریلانکا و پاکستان، پێشتر کەوتوونەتە ناو ئەو تۆڕەی 'تەڵەی قەرزەکانی چین'ەوە، ئەمەش پاش پەنابردنە بەر بازنە بۆشەکانی وەرگرتنی قەرزی نوێ لە چین و دانەوەی قەرزە کۆنەکانیان، لەگەڵ ناچاربوونیان بە دەستهەڵگرتن لە دامەزراوە نیشتمانییەکانیان.
کارەکە بەکورتی بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت، هەر وڵاتێک کە قەرزداری چینە و بەهۆی تەنگژەی دارایی جیهانییەوە ناتوانێ قەرزەکانی بداتەوە، چین دەستپێشخەری قەرزی نوێی بۆ دەکات و قەرزی زیاتری دەداتێ، بە سوودی زیاترەوە، بۆ ئەوەی قەرزە کۆنەکانی بداتەوە، وڵاتەکان دەکەونە ژێر باری سوودی قەرزە کۆن و نوێیەکانیان و کاتێک بێتوانایی لەدانەوەی قەرزەکان پێشاندەدەن، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکانیان، ئەوکات چین لە بەرامبەر بڕێک لە قەرزەکانیدا، داوای بەدەستهێنانی موڵکایەتی یەکجاریی یان پشک لە دامەزراوە گەورەکانیان لێدەکات و بەوەش هێواش هێواش، کۆی دەوڵەتەکان لە رووی ئابوورییەوە، ملکەچی ویستەکانی چین دەبن.
شرۆڤەکاران، بەتایبەت رۆژئاواییەکان پێیانوایە پڕۆژەی دەستپێشخەریی 'پشتێن و رێگە' لە چین کە ساڵی 2013 ئاشکراکرا، لە بنەمادا هەوڵێکی چینە بۆ فراوانکردنی هەژموونی چین بەسەر هەموو جیهاندا. پڕۆژەکە ئامانجی یەکەمی سیاسەتەکانی دەرەوەی شی جین بینگی، سەرۆکی ئێستای چینە.
لە پڕۆژەی 'پشتێن و رێگە'دا، کۆی 138 دەوڵەت و 30 رێکخراوی نێودەوڵەتی بەشدارن، لەگەڵ وەبەرهێنانی پێشنیازکراو بۆ بەستنەوەی ئاسیا و ئەفریقیا و ئەوروپا پێکەوە، بەتێچوویەکی زەبەلاح کە دەگاتە 8 تریلیۆن دۆلار.
دەستەوارەی نهێنی و مەترسی بۆ سەر 23 دەوڵەت
دەستپێشخەریی 'پشتێن و رێگە' رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی زۆر دەستەوارەی دووانەیی و چەند لایەنی، لە نێوان دەوڵەتە بەشدارەکاندا کە بەنهێنییەکی زۆر ئەنجامدەدرێت.
'سەنتەری توێژینەوە جیهانییەکان بۆ گەشەپیدان' کە بارەگاکەی لە واشنتنە، هۆشداریداوە لەوەی لە کۆی 68 دەوڵەتی بەشداربووی دەستپێشخەرییەکە، 23 دەوڵەتیان رووبەڕووی مەترسی گەورە و تەنگژەی گەورەی قەرز دەبنەوە.
راپۆرتێکی سەنتەرەکە تیشکی خستووەتە سەر هەشت دەوڵەتی بەشداربووی دەستپێشخەریی 'پشتێن و رێگە' کە پێکهاتوون لە جیبۆتی، کیرگیزستان، لاوس، مەنگۆلیا، گیبرالتار، دوورگەکانی ماڵدیف، پاکستان و تاجیکستان. ئەو دەوڵەتانە لە بنەمادا خۆیان کێشەی قەرزیان هەبووە.
سەنتەرە ئەمریکییەکە دەڵێ، بەپێی ئەوەی لەسەر دەستپێشخەرییە چینییەکە لە رووکەشدا دەبینرێ، پڕۆژەکە بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی دەوڵەتانی ئاسیاوی، ئەوروپی و ئەفریقییە، چونکە چەندین تریلیۆن دۆلار پێشکێشدەکرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتێکی 'سەنتەری توێژینەوەکانی گەشەپێدان' دەڵێت "ترس هەیە لەوەی کێشەی قەرزەکان کە چین بەو وڵاتانەی دەدات، جۆرێکی پێشبینینەکراو بە چین وەک خاوەن قەرز دەهێنێتە ئاراوە".
ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان
کەڵەکەبوونی قەرزەکان و رۆڵی چین لە ئیدارەدانی کێشەی قەرزەکاندا، سەریکێشاوە بۆ کەڵەکەبوونی ئاڵۆزی ناوخۆیی و دووانەیی ئەو وڵاتانەی لە پڕۆژە چینییەکەدا بەشدارن، مەترسییەکانی سەر ئەو دۆخەی زیادکردووە کە هەندێک بە 'تەڵەزگە' ناویانناوە، ئەمەش لە دژی دەوڵەتە بچووکەکان لەپێناو بەدەستهێنانی سوودی گەورە و ستراتیژی لێیان، لەلایەن چینەوە.
نموونەی روونی ئەو 'تەڵەزگە'یە، سریلانکایە، چونکە کاتێک ئەو وڵاتە نەیتوانی بەندەری 'هامپانتۆتا' دروست بکات، چینییەکان هاتنە ناو کارەکەوە و کۆمپانیایەکی چینی، توانی گرێبەستێکی بەکرێوەرگرتنی بەندەرەکە بۆ ماوەی 99 ساڵ بەپارەیەکی کەم بەدەست بهێنێت. ئەمە وایکرد دەستەواژەی 'دیپلۆماسیەتی تەڵەزگەی قەرزەکان' سەرهەڵبدات و مەترسییە بیردۆزەییەکان بوونە مەترسی راستی، ئێستا ئیدی وەک چاودێران دەڵێن، مەبەستە ستراتیژییەکانی پڕۆژە چینییەکە، ئاشکرا بوو.
براهما چیلانی، شرۆڤەکاری هیندی لە وتارێکدا دەڵێ "گواستنەوەی موڵکایەتی بەندەری هامپانتۆتا بۆ چین، لە سریلانکادا وەک نموونەی ئەو جووتیارە قەرزارە تەماشا دەکرێت، کە لە بەرامبەر قەرزەکانی سەریدا، پەنا بۆ پێدانی کچەکەی بە خاوەن قەرزەکان دەبات".
لە پاکستان، چین مافی تاکانە و لێخۆشبوونی باجی لە بەکارخستنی بەندەری 'جەوادر'ی تایبەتدا بەدەستهێنا بۆ ماوەی 40 ساڵی داهاتوو. ئێستا کۆی 91 لەسەدی داهاتی بەندەرەکە بۆ چینە. چین هەروەها پلانی هەیە پێگەیەکی ستراتیژی دەریاوانی تایبەت بەخۆی، لە نزیک بەندەرەکە دروست بکات.
پاکستان لە سیاسەتەکانی دەرەوەیدا لەبەردەم بژارەی سنوورداردابوو، چونکە دوای ئەوەی پشتی زۆری بە وەبەرهێنانە چینییەکان بەست، کارەکە لەو وڵاتەدا گەیشتە ئەوەی کە ئێستا ئەگەر چین چالاکییە داراییەکانی خۆی لە پاکستاندا رابوەستێنێت، حکومەتی پاکستان دەکەوێتە لێوارێکی یەکجار نزیکی مایەپووچبوون، بەبێئەوەی توانای پەنابردن بۆ کەسی هەبێت، چونکە رۆژئاواییەکان بەتەواوی بەهۆی چینەوە لێی دوورکەوتوونەتەوە.
عومران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە ماوەی رابردوودا گوتی، وڵاتەکەمان لە بژارەکانی سیاسەتی دەرەوەیدا ئازاد نەبووە. ئەو لە وەڵامی پەیامنێرێکدا گوتی: "هەرهێندەی دەوڵەتەکەمان بکەوێتە قۆناخی پشت بەخۆ بەستن، ئەوکات قسەکردن لەسەر ئەو بڕیارانە ئاشکرا دەکەین کە پێشتر وەرگیراون".
پەلکێشان بۆ رووسیا
دەوڵەتێکی دیکەی تێوەگلاو لەو پەلکێشانە ئابوورییەی چین بەسەر وڵاتانی دیکەیدا دەهێنێت، تاجیکستانە. ئەو دەوڵەتەی کەوتووەتە ژێر هەڵچوونی گڕکانی قەرزەکانی چینەوە. تاجیکستان 'باخچەی پشتەوە'ی رووسیایە.
تاجیکستان تاوەکو ساڵی 2006 لە قەرزکردن لە پەکین بەردەوامبوو، کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەری، دەوڵەتی ناچارکرد کۆی رووبەری 1158 کیلۆمەتر لە خاکەکەی بداتە چین لە چیاکانی پامیر.
دوای ئەوە، کۆمپانیا چینییەکان مافەکانی هەڵکۆڵین بەدوای زێڕ، زیوو و کانزاکانی دیکەیان لە ناوچەکەدا بەدەستهێنا.
کیرگیزستان کە دراوسێی چینە، بۆخۆی بەدەست قەرز و ناسەقامگیری سیاسییەوە دەناڵێنێت، مانگی رابردوو پەنای بۆ چین برد. ئێستا بانکی Eximbank ی چینی خاوەنی زیاتر لە پەنجا لەسەدی قەرزە دەرەکییەکانی ئەو وڵاتەیە، کە دەکاتە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار. ئەو بانکە کۆنترۆڵی بەسەر چەند پڕۆژەیەکی ناو وڵاتەکەدا لە بواری گواستنەوە و وزەی سەرەکی وڵاتدا بەدەستهێناوە.
چەندین دەوڵەتی دیکەی ئاسیا و ئەفریقیا بەهەمانشێوە لە لیستە درێژەکەی 'تەڵەزگەی قەرزەکانی چین'دان.
ئەمساڵ پەتای کۆرۆنا، زۆر وڵاتی ناچار بەهەوڵدان بۆ دانەوەی قەرزەکانیانکرد بەهۆی سستبوونی چالاکییە ئابوورییەکانەوە، ئەوەش سەریکێشا بۆ پشتبەستنی زیاتر بە چین و قەرزکردن لێی، چین لە رووی بازرگانییەوە ئێستا لەدوای کۆرۆنا، گەشەیەکی یەکجار خێرا بەخۆوە دەبینێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدردۆنگییەکی زۆرەوە لە هەنگاوەکانی چین دەروانێت. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دڵنیایی دەدەنە ئەو دەوڵەتانە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستینیان بە چین، چونکە ئەو پێگە ستراتیژییەی چین لەو وڵاتانەدا بەدەستیدەهێنێت، ئەمریکای نیگەرانکردووە، ئەمریکا پڕۆژەی 'کواد' پەیڕەو دەکات بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی هەژموونی چین بەسەر زەریاکانی هندی و ئارامدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ