رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بەبڕی 18 هەزار دینار دابەزی. هۆکاری سەرەکیش دابەزینی نرخی ئۆنسەی زێرە بەبڕی نزیکەی 200 دۆلار.
بە گوتەی عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بۆ رووداو، ئەمڕۆ نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 755,000 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 882,000 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 925,000 هەزار دینارە.
بەراورد بە دوێنێ دووشەممە، نرخی مسقاڵێک زێڕ بەپێی عەیارەکان، 15 بۆ 18 هەزار دینار دابەزیوە.
رۆژی دووشەممە مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 770 هەزار دینار، عەیار 21 بە 900 هەزار و عەیار 22ـش بە 943 هەزار دینار بوون.
دابەزینی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕ؛ دوێنێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 200 دۆلار دابەزی و لە ئاستەکانی 4500 دۆلارەوە بۆ ئاستەکانی 4300 دۆلار دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ نزیکەی 40 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتەوە سەرووی 4360 دۆلار.
لە لایەکی دیکەوە، دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕی سنووردارکردووە. ئێستا 100 دۆلار بە نزیکەی 144 هەزار دینارە.
گۆڕانی نرخی مسقاڵی زێر لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان لە لایەک و، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە لایەکی دیکە.
بە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، نرخی مسقاڵی زێڕیش بەرزدەبێتەوە و بەپێچەوانەوەشەوە لەگەڵیدا دادەبەزێت.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، دابەزینی نرخی دینار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێر و، بەرزبوونەوەی نرخی دیناریش دایدەبەزێنێت.
تێچووی حەواڵەی زێڕی هاوردەکراویش دەکرێت کاریگەریی لەسەر نرخی مسقاڵی زێر هەبێت.
بەردەوامیی جەنگ و لێدوانە توندەکان وایکردووە وەبەرهێنەران زێڕ وەک "پەناگەیەکی ئارام" بەکاربهێنن. چەند هۆکارێکی سیاسی بوونەتە پاڵپشت بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکە.
گومانەکان لەسەر سەرکەوتنی گفتوگۆکانی ئاشتی زیادیان کردووە؛ بەپێی راپۆرتەکان، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە کە مۆسکۆ پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکات بۆ گفتوگۆکان، ئەمەش دوای ئەوەی دەگوترێت ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی پووتین.
سەرەڕای ئەو ناجێگیرییەی لە نرخەکەیدا دروست دەبن، بەڵام زێڕ لەسەر ئاستی ساڵانە لە بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەدایە. پێشبینی دەکرێت ساڵی 2025 ببێتە ساڵی تۆمارکردنی گەورەترین بەرزبوونەوەی ساڵانەی نرخی زێڕ لە دوای ساڵی 1979وە.
جگە لە هۆکارە سیاسییەکان، بەردەوامیی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان، زیادبوونی وەبەرهێنان لە سندوقەکانی زێڕ و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن ئەمریکاوە، وایکردووە نرخی ئەم کانزا زەردە بە بەرزی بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ