رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێک کە لە دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە ئاراستەی سەرجەم ناوچە گومرگییەکانی عێراق کراوە، لە رۆژی 1ی حوزەیرانەوە کار بە بڕیاری 270ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دەستکاریکردنی لیستی نرخی کاڵا و شتومەک لە گومرگەکان دەکرێ.
سەرچاوەیەک لە دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێت، لەمەودوا گومرگ بەپێی نرخی کاڵا وەردەگیرێت، بەڵام رێژەی سەتیی وەرگرتنی گومرگ هەر بە جێگیری دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەک لە دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارمان داوە لە 1ی حوزەیرانەوە کار بە بڕیاری 270ی ئەنجوومەنی وەزیران بکەین کە تایبەتە بە دەستکاریکردنی لیستی نرخی کاڵا و شتومەکی هاوردەکراو، بەڵام ئەو بڕیارە نرخی گومرگ ناگۆڕێت. کار بە نرخی ئەو کاڵایە دەکرێت کە هاوردە کراوە و گومرگ بەگوێرەی نرخی کاڵا وەردەگیرێت."
ئەو سەرچاوەیەی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق گوتیشی: "بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر ئەوە نەکراوە کە بڕیارەکە لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت."
هاوکات د. حامی هەرکی، راوێژکاری لۆجیستی و گومرگی بە رووداوی گوت: "نرخی گومرگی سەر کاڵا لە عێراقدا بەو جۆرە رێکخراوە کە بۆ خۆراک 1٪، بۆ کاڵای گشتی 5٪ و بۆ کاڵا و شتومەکە تایبەتەکان، دەرمان و ئامێری پزیشکی 15٪ـیە."
د. حامی هەرکی دەڵێت: "لە عێراقدا بۆ وەرگرتنی گومرگ کار لەسەر نرخی کاڵا و شتومەک ناکرێت، واتە لە دەستەی گشتیی گومرگدا بۆ هەر کاڵایەک نرخێک دیاریکراوە و جێگیرە. بۆ نموونە، بەفرگرێک لە دەستەکەدا نرخەکەی بە 300٪ دۆلار دیاریکراوە و 5٪ی ئەو بڕە پارەیە وەکو گومرگ وەردەگیرێ، بەجۆرێک ئەگەر بازرگان بە نرخێکی گرانتریش هاوردەی بکات، هەر بە نرخی 300٪ دۆلار گومرگی لێوەردەگیرا."
ئەو راوێژکارە لۆجیستی و گومرگییە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەدوای ئەم بڕیارەوە نرخە جێگیرەکان کاریان پێناکرێت، بەڵکو هەر بارێک هاوردە بکرێت نرخەکەی لێک دەدرێتەوە و بەگوێرەی ئەو نرخەی هاوردەکراوە گومرگی لێوەردەگیرێت."
جگە لە هەرێمی کوردستان، لە عێراقدا 23 ناوەندی گومرگی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ