رووداو دیجیتاڵ
هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و کوشتن و رفاندنی کوردانی ئێزدی؛ چیرۆکی زۆر خەمناک و تراژیدی بەدوای خۆیدا هێنا؛ بەتایبەتیش کوشتن، فرۆشتن و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان و ژنان، بەشێک لەوانە وەک فیلم خرانەڕوو، بەڵام ئەمجارە کچە دەرهێنەرێکی کوردی ئێزدی، بە تێڕوانینێکی جیاواز، کار لەسەر ژن لە نێو کوردانی ئێزدیدا دەکات و دیوێکی جیاوازتر دەخاتەڕوو.
دڵپاک مەجید، ماوەی یەک ساڵە کار لەسەر بەڵگەفیلمێکی درێژ دەکات، رۆژانە لەگەڵ دوو کارەکتەری فیلمەکە دەژی، دەیەوێت چیرۆکی دایک و کچێکی کوردی ئێزدی لە گوندی شاریا بخاتەڕوو کە ماوەی 50 ساڵە سەرقاڵی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتن.
ئەو دەرهێنەرە گەنجە لەبارەی فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەیەوێت دیوێکی دیکەی ژنی کوردی ئێزدی پێشان بدات، جیاواز لەو فیلمانەی تاوەکو ئێستا لەبارەیانەوە بەرهەمهاتوون و وەک قوربانی پێشاندراون، ئەو لەم بەرهەمەدا هێز و لێهاتووییان پێشاندەدات.
دڵپاک مەجید، کوردی ئێزدییە و خەڵکی کۆمەڵگەی شاریای پارێزگای دهۆکە، رۆژنامەڤانی دەستپێکی کاری بووە و ماوەی سێ ساڵە رووی لە کاری فیلمسازی کردووە.
روونیشیکردەوە، فیلمەکە لەبارەی دوو ژنی کوردی ئێزدییە کە لە 1950ـەوە ژیانیان لەگەڵ مەڕوماڵاتە و بە تەنیا ژیاون، سەختی و دەربەدەری زۆریان رووبەڕووبووەتەوە، هەروەها رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، تاکە هاوڕێی ئەوان لە ژیاندا مەڕوماڵاتە.
بە گشتی فیلمەکە باس لە ژیانی رۆژانەی دایک و کچێک دەکات کە خاوەنی 40 مەڕ و بزنن، لە دوای مردنی دایکەکە، کچەکە بە تەنیا دەمێنێتەوە و ئەرکەکەی قوڕستر دەبێت.
دەرهێنەر دەیەوێت ئەم بەرهەمەی بە مژاری کوشتن و تووندوتیژی داعش دژ بە ژنانی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە نەبەستێتەوە، بەڵکەو ژیانی رۆژانە، داب و نەریت و کولتووریان پێشان بدات.
مەڕوە تەمام، خەڵکی میسرە و پرۆدیۆسەری بەرهەمەکەیە و پلانی ئەوەیان هەیە، ئەم بەرهەمە لە 2026 بڵاوبکەنەوە و ئێستا لە قۆناخی پێشخستنی چیرۆکەکەن و بۆ ئەم مەبەستە دیداری ئۆنلاینیان لەگەڵ رێکخەرانی چەند فێستیڤاڵێک هەبووە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوکاری پڕۆژەکە بکەن، لەوانەش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین و فێستیڤاڵی نێودەڵەتیی فیلمی سەنداس کە لە فێستیڤاڵە هەرە گرنگەکانی جیهانن.
پڕۆژەکە لەگەڵ 77 پڕۆژەی دیکە پێشکێش بە حەوتەمین دیداری سینەمایی بەیروت کرا و یەکێک لەو 12 پڕۆژانە بوو کە وەرگیران و پێشبڕکێی بۆ بردنەوەی شەش خەڵاتکرد و توانی خەڵاتی 'IDFA Spotlight' بەدەستبێنێت کە خەڵاتێکی تایبەتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئەمستردام بوو لەو دیدارەدا، بەمەش دەرهێنەر لە خولی داهاتووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئەمستردام لە هۆڵەندا بەشدار دەبێت کە چالاکییەکانی لە 8-19ـی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەدەچێت. دڵپاک مەجی دەڵێت: "یەکەم دەرهێنەری کوردم پڕۆژەی فیلمەکەم لە دیداری سینەمایی بەیروت وەرگیرابێت".
جۆست دامن، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئەمستردام، لەبارەی پڕۆژەی فیلمەکە دەڵێت، پڕۆژەکە زیادکردنێکی ناوازەیە بۆ ئەو فیلمانەی کە بەم دواییانەدا لەبارەی کوردانی ئێزدی بەرهەمهاتوون. هەروەها دەڵێت: "ئەم فیلمە لە ناوەوە هاتووە و سێ نەوە لە کەسایەتی بەهێز و سەربەخۆ لەخۆدەگرێت: دایک، کچ و فیلمسازێک".
دەرهێنەر لەبارەی خەڵاتەکە دەڵێت، بەهۆی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، لە خولی داهاتووی فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبێت و لە خول و وۆرکشۆپی ئۆنلاین و راستەوخۆدا بەشدار دەبێت کە تایبەتە بەو دەرهێنەرانەی یەکەم فیلمی درێژیان بەرهەمدێنن. گوتیشی، خەڵاتێکی دیکەی پێشبڕکێی هاندانی ژن و ئازادی ئایینی بۆ 2023 بۆ پڕۆژەی فیلمەکەی لە ئەمریکا بەدەستهێناوە.
جگە لەم بەرهەمە، دڵپاک مەجید، پێشتر یەکەم ئەزموونی لە بواری سینەمادا لە 2022 تاقیکردوە و کورتە فیلمێکی بەناوی 'گەدۆ' بەرهەمهێنا، سەرچاوەکەی چیرۆکێکی راستەقینە بوو و باس لە کچێکی کوردی ئێزدی ژێر دەستی داعش دەکات.
ماوەی کورتەفیلمەکە 10 خولەکە، کارەکتەری سەرەکیی کە کچێکی کوردی ئێزدییە، لە دوای ئەوەی دەکەوێتە دەستی داعش، لە شوێنی بەخێوکردنی بەرخ ژیان بەسەردەبات و یەکێک لە بەرخەکان دەبێت بە هاوڕێی و ناوی دەنێت 'گەدۆ'.
چیرۆکی فیلمەکە لە کۆتایی 2021 نووسراوە و لە حوزەیرانی 2022 لە شاریا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە.
عەلیا محەممەد دەروێش، خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و رۆڵی ئەو کچە کورد ئێزدییەکە لە فیلمەکەدا دەگێڕێت، هەروەها میلاد داوود کە خەڵکی قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە رۆڵی کارەکتەری داعشێک دەگێڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ