رووداو دیجیتاڵ
پاوڵ ئۆستەر، نووسەری ئەمریکی و خاوەنی زنجیرە رۆمانی "The New York Trilogy"، لە تەمەنی 77 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
ئۆستەر، بەهۆی بەرهەمەکانییەوە کە لە زیاتر لە 30 کتێبدا چاپکراون، لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردو؛ پێگەیەکی بەرزی هەبوو.
ئەو نووسەرە، رۆژی سێشەممە 30ـی نیسانی 2024 بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە، لە ماڵەکەیدا لە برۆکلینی ئەمریکا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، هەواڵەکە لەلایەن جاکی لایدن، هاوڕێ نووسەرەکەیەوە بڵاوکرایەوە.
لە ئاداری 2023، سیری هۆستڤێدت، نووسەر و هاوژینی ئۆستەر، تووشبوونی هاوژینەکەی بە نەخۆشی شێرپەنجە راگەیاند.
ئۆستەر لە دایک و باوکێکی جووی پۆڵەندییە و لە ویلایەتی نیوجێرسی ژیاوە، دواتر بۆ خوێندن لە زانکۆی کۆلۆمبیا، چووەتە نیویۆرک. دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، چوار ساڵ لە فەرەنسا ژیاوە.
بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە لە 1982 کتێبێکی بەناوی "The Invention of Solitude" بڵاوکردەوە، ناوەڕۆکەکەی باس لە پەیوەندی نێوان باوک و کوڕ دەکات.
بەناوبانگبوونی ئۆستەر لە رێگەی زنجیرە رۆمانی "The New York Trilogy" بوو کە بە سێ بەشی جیا بڵاوکرایەوە، دواتریش رۆمانی "Timbuktu"، "Moon Palace"، "The Music of Chance" و "Leviathan"ـی بڵاوکردەوە.
بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە بۆ 40 زمان وەرگیڕدراون. هەروەها لە بواری سینەمادا سیناریۆی بۆ فیلمی "Smoke" لە 1995 نووسیوە، چیرۆکەکەی باس لە فرۆشگایەکی تووتن لە برۆکلین دەکات، دواتر لە کاری دەرهێنانی فیلمی "Blue in the Face" بەشداربووە.
لە 2017 رۆمانی "4321"ـی بڵاوکردەوە کە لە 866 لاپەڕە پێکهاتووە، لە رێگەی ژیانی کارکتەری ئارچی فێرگسن، وێنای کۆمەڵگەی ئەمریکی کردووە. رەخنگەران رای جیاوازیان لەبارەی رۆمانەکە هەیە، بەڵام بە بڕوای ئۆستەر، بەرهەمێکی دانسقەیە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئۆستەر رووبەڕووی ژیانێکی سەخت و ناخۆش بووەوە، بەتایبەتیش لە دوای ئەوەی نەوە 10 ساڵەکەی بەهۆی خواردنی هێرۆینەوە گیانی لەدەستدا، هەروەها دوای 10 مانگ، کوڕەکەی کە باوکی نەوەکەی بوو، بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ