بەڵگەفیلمەکەی مێلانیا ترەمپ پێشبینییەکانی بۆکس ئۆفیسی تێپەڕاند؛ داهاتەکەی چەندە؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمە نوێیەکەی مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە سینەماکانی ئەمریکا، توانی هەموو پێشبینییەکان تێپەڕێنێت و داهاتەکەی 7 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند.
 
ئەم بەڵگەفیلمە باس لە ژیانی مێلانیا ترەمپ دەکات، بە "گرانترین بەڵگەفیلمی مێژوو" دادەنرێت؛ ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیای ئەمازۆن 40 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی مافی پەخش و 35 ملیۆن دۆلاری دیکەشی بۆ بەبازاڕکردنی خەرج کرد.
 
پێشبینی دەکرا داهاتی فیلمەکە لە یەکەم هەفتەدا نزیکەی 5 ملیۆن دۆلار بێت، بەڵام بەپێی گۆڤاری (ڤارایەتی)، داهاتەکە "دەستپێکێکی گەورەیە بۆ بەڵگەفیلمێک" و "هۆڵیوود ریپۆرتەر"یش دەڵێت: "کەس چاوەڕێی ئەمەی نەدەکرد."
 
سەرەڕای سەرکەوتنە سەرەتاییەکەی، فیلمەکە پێویستی بە داهاتی زۆر زیاترە بۆ ئەوەی تێچووەکەی دەربێنێتەوە. هەندێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، گرێبەستە گەورەکەی ئەمازۆن رەنگە زیاتر پەیوەندیی بە سیاسەتەوە هەبێت تاوەکو قازانجی دارایی، بەو پێیەی وەک هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوە لە کۆشکی سپی لێکدەدرێتەوە.
 
لەوبارەیەوە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بڵاویکردووەتەوە، زۆرینەی هۆڵیوود پرسیاری ئەوە دەکەن: "ئایا ئەم هەنگاوەی ئەمازۆن تەنیا بۆ خۆشەویستکردنی خۆیەتی لەلای سەرۆک ترەمپ؟" بەڵام ئەمازۆن رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، تەنیا لەبەر ئەوەی "مشتەرییەکانمان خۆشیاندەوێت" مافی پەخشەکەیان کڕیوە.
 
فیلمەکە بە ناوی (Melania: 20 Days to History) تیشک دەخاتە سەر ژیانی خانمی یەکەمی ئەمریکا لەو 20 رۆژەی پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە کانوونی دووەمی 2025. مێلانیا خۆیشی یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە.
 
دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن برێت راتنەر کراوە، کە ئەمە یەکەم پڕۆژەیەتی لە ساڵی 2017ـەوە، دوای ئەوەی بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسییەوە لە کارکردن دابڕابوو.
 
فیلمەکە سەرکەوتنێکی گەورەی لە ناوچەکانی وەک تەکساس و فلۆریدا بەدەستهێناوە کە بە پێگەی جەماوەریی ترەمپ دادەنرێن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی (رۆتن تۆمەیتۆز)، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان رای بینەران و رەخنەگراندا هەیە؛ لەکاتێکدا فیلمەکە 99%ـی رەزامەندیی بینەرانی بەدەستهێناوە، بەڵام لەلایەن رەخنەگرانەوە تەنیا 10%ـی بەدەستهێناوە. رەخنەگران فیلمەکە بە "رێکخراو و دەستکاریکراو" ناو دەبەن کە زیاتر لە "ریکلامێکی بێشەرمانە" دەچێت.
 
ئەمازۆن لە گرێبەستەکەیدا مافی بەرهەمهێنانی زنجیرەیەکی دیکەی بەڵگەفیلمی لەسەر مێلانیا بەدەستهێناوە، کە بڕیارە دواتر لە خزمەتگوزاریی پەخشی ئەمازۆن نمایش بکرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی (KPop Demon Hunters)

(KPop Demon Hunters) ئاوێتەیەکە لە میوزیک و ئەفسانە کۆنەکانی کۆریا

ئەنیمەیشنی (KPop Demon Hunters) بەرهەمی کۆمپانیای نێتفلێکسە، کە ئەمساڵ بووە براوەی دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب؛ خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن و باشترین گۆرانی ڕەسەنی بۆ گۆرانی "Golden"، ئاوێتەیەکە لە میوزیکی کەی-پۆپ و ئەفسانە کۆنەکانی کۆریا.