رووداو دیجیتاڵ
تیۆرییەکی نوێی کوردی بۆ شرۆڤەکردنی دەقی ئەدەبی و هەڵسەنگاندنی کارەکتەرەکانی نێو رۆمان دەخرێتەڕوو؛ داهێنەرەکەی دەڵێ: ''دەمانەوێت شوێنپەنجەی کوردیش لە داهێنانە هزرییەکاندا دیار بێ.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-02-2026، گۆران سەباح، رەخنەگر، توێژەر و داهێنەری تیۆریی نوێی ''تاکۆنی'' لە پانێلێکدا لە هەولێر کە لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە رێکخرابوو، وردەکاری و زانیاریی تایبەت بە تیۆرییەکەی خستەڕوو.
تاکۆنی تیۆرییەکی رەخنەییە بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی دەقی ئەدەبی. گۆران سەباح رایگەیاند: ''ئێمە دەمانەوێت شوێنپەنجەی کوردیش لە داهێنانە هزرییەکاندا دیار بێ و بتوانین شتێک زیاد بکەین.''
بەگوتەی ئەو توێژەرە، یەکەم جار وشەی ''تاکۆنی''ـی لە کتێبێکی د. محەممەد تەها حوسێندا بینیوە کە بە واتای ''تاکگەرایی'' بەکارهێنراوە، ''بەڵام من بە واتای پڕاوپڕ لە خۆت بەکارمهێناوە و هەستم کرد ئەو وشەیە زیاتر لەگەڵ تیۆرییەکەم دەگونجێت.''
''تاکۆنی تاکێکی هاوسەنگە''
گۆران سەباح زیاتر تیۆرییەکە شی دەکاتەوە و دەڵێت، ''تاکۆنی'' تاکێکە کە بۆ بڕیاردان دەگەڕێتەوە بۆ ناخی خۆی و پشت بە خۆی دەبەستێت، ''بە واتای خۆیبوون و خۆئاگایی دێت. تاکێکی بیرکەرەوە، پشتبەخۆبەستوو، بەسوود بۆ خۆی و دەوروبەری. واتا هۆشیار و هاوسەنگە.''
ئەو توێژەرە سێ بنەمای سەرەکیی بۆ تیۆرییەکە داناوە کە رەخنەگرانی ئەدەبی دەتوانن بە لەبەرچاوگرتنی سێ بنەماکان، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی باشتر بۆ کەسایەتیی نێو رۆمانەکان و دەقە ئەدەبییەکان بکەن.
بنەماکانی تیۆریی تاکۆنی بریتین لە:
-خۆناسین: هەبوونی زانیاریی لەسەر خۆت کە لە شەش ئاست پێکدێت:
ئاستی یەکەم: تایبەتە بە زانیاریی سەرەتایی لەسەر خۆت وەک ناو، ناوبانگ، رەنگی چاو، رەچەڵەک و ...
ئاستی دووەم: تایبەتە بە ناسینی هەستەکانی تاک، ''بۆ نموونە دەبێ تاک بزانێت کە حەزی لە چ بۆنێکە.''
ئاستی سێیەم: تایبەتە بە ناسینی تواناکانی تاک.
ئاستی چوارەم: تایبەتە بە ناسینی تەندروستیی تاک، ''دەبێ بزانێت کە چی نەخۆشییەکی هەیە و تەندروستییەکەی لە چی ئاستێکدایە.''
ئاستی پێنجەم: رۆحانییەت، ''ئەو ئاستە رەهەندەکانی ئایین، ویژدان و زۆر شتی دیکەی تاک کە دەبێ زانیاری لەسەر هەبێ.''
ئاستی شەشەم: تاک دەبێ بزانێت کە تاکێکی پراکتیکییە یان نا.
گۆران سەباح ئاماژەی بەوەش کرد، ''بەگوێرەی تیۆرییەکەم، ئەو شەش ئاستە بەردەستن کە رەخنەگر لە نێو کارەکتەرەکانی نێو رۆمان وردببێتەوە.''
-بنەمای دووەم خۆبەڕێوەبردن:
هەر بەگوێرەی تیۆرییەکە، یەکێک لە بنەماکان کە رەخنەگرانی ئەدەبی دەتوانن پشتی پێ ببەستن بریتییە لە خۆبەڕێوەبەردنی ''دیار و نادیار''ـی جەستە، ئەو توێژەرە دەڵێت، بەڕێوەبردنی دیار تایبەتە بە چۆنیێتیی مامەڵەکردنی تاک لەگەڵ فیزیکی جەستەی و بەڕێوەبردنی نادیاریش تایبەتە بە چۆنیێتیی کۆنترۆڵکردنی گوشارە دەروونییەکان.''
-بنەمای سێیەم خۆڕازیکردن:
گۆران سەباح پێیوایە تاک هەر کردەوە و قسەیەک کە دەیکات، دەبێ بۆ خۆڕازیکردنی خۆی بێت، ''ئەگەرنا کات بەفیڕۆدانە.''
بنەمای خۆڕازیکردن لە تیۆریی تاکۆنیدا، دوای خۆناسین و خۆبەڕێوەبردن دێت. ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئەگەر تاک خۆی نەناسێت، خۆی بەڕێوەنابات و ناشتوانێت خۆی رازی بکات.''
گۆران سەباح پێیوایە ئەم تیۆرییە چەند گریمانەیەکی لێ دەبێتەوە، ''بۆ نموونە یەکێک لەوانە ئەوەیە کە هەر تاکێک خۆی رازی نەکات، ناتوانێت خۆی خۆش بوێت.''
تاکۆنیی ئەرێنی و نەرێنی:
ئەو توێژەرە ئەوەشی خستەڕوو، لە تیۆرییەکەدا دەکرێ تاکۆنی ئەرێنی یان نەرێنی بێت، ''تاکێک خۆی نەناسێت، خۆی بەڕێوەنەبات، خۆی رازی نەکات، تاکێکی نەرێنی دەبێ، بەو واتایە کە نە سوودی بۆخۆی هەیە نە بۆ دەوروبەریشی. بەڵام تاکێک کە خۆی دەناسێت، خۆی بەڕێوەدەبات و خۆی رازی دەکات، تاکێکی بەسوود و ئەرێنییە''.
بەگوتەی گۆران سەباح، هیچ مرۆڤێک هەموو زانیارییەکان لەسەر خۆی نازانێت، ''کەواتە 100٪ ئەرێنی نییە، واتە لە نێوان تاکۆنیی ئەرێنی و نەرێنیدا وەک تاکێکی هاوسەنگ دەمێنێتەوە. هەندێک جار بەرەو نەرێنی دەڕوات، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ نێوەڕاست، هەندێک جاریش بەرەو ئەرێنی دەڕوات و دووبارە دەگەڕێتەوە نێوەڕاست کە بەو پڕۆسەیە دەگوترێت تاکسەنجی.''
تیۆرییە 5ـی شوباتی 2026 لە گۆڤاری رۆماندا بڵاوکراوەتەوە و داهێنەرەکەی دەڵێت، لەسەر رۆمانی تاوانی پیرۆز لە نووسینی کوردۆ شابان جێبەجێکراوە و وەڵامی داوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ