لە هەولێر؛ فیلمی 'جەوان'ی شارۆخان بە ژێرنووسی کوردی نمایش دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵخانەی گشتیی هیندستان لە هەولێر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەمای هەولێر، فیلمی "جەوان"ـی ئەستێرەی جیهانی، شارۆخان بە ژێرنووسی کوردی نمایش دەکات و بلیتەکانیش بەخۆڕایین.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆنسوڵخانەی هیندستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەمای هەولێر، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، کاژێر 05:00ـی ئێوارە، فیلمی سینەمایی (جەوان) لە هۆڵی 'ئیمپایەر سینەما' لە شاری هەولێر نمایش بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، هیتێش سینگ مێهرا، جێگری کۆنسووڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەم نمایشە هەوڵێکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان و ئاشناکردنی خەڵک بە کولتووری هیندستان. پێمانوایە بینەری سینەمای بۆڵیوود لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆرە و خەڵکێکی زۆر پێشوازی لە فیلمەکە دەکەن."
 
سەبارەت بە وردەکاریی نمایشەکە، جێگری کۆنسووڵی گشتیی هیندستان گوتی: "بلیتەکان بەخۆڕایین و کۆنسووڵخانەی هیندستان لە هەولێر دابینی کردوون. ئێستا تەنیا لە هەولێر نمایش دەکرێت، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نمایشی بکەین."
 
فیلمی (جەوان) لە دەرهێنانی (ئاتلی)یە و (گۆری خان) بەرهەمی هێناوە؛ یەکێکە لە پڕداهاتترین فیلمەکانی بۆڵیوود و بۆ یەکەمجارە بە شێوەیەکی فەرمی و بە ژێرنووسی کوردی لە رێوڕەسمێکی لەم شێوەیەدا نمایش دەکرێت.
 
شارۆخان لەم فیلمەدا بە دوو کارەکتەری جیاواز دەردەکەوێت؛ رۆڵی (ڤیکرام راتۆر) کە سەربازێکی پێشووە و رۆڵی (ئازاد)ـی کوڕی کە بەڕێوەبەری زیندانە و وەک پارێزەری مافی چەوساوەکان رووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە.
 
ئەم فیلمە لە کاتی نمایشکردنیدا لە سینەماکانی جیهان بووە دیاردەیەکی سینەمایی و بەهۆی ئاکشنە تووندەکان و پەیامە کۆمەڵایەتییەکانی، ستایشێکی زۆری کرا. بەهۆی ئەم فیلمەوە، شارۆخان لە ساڵی 2025دا یەکەمین خەڵاتی نیشتمانیی (National Award)ـی وڵاتەکەی وەک باشترین ئەکتەر بەدەستهێنا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە