رووداو دیجیتاڵ
رۆبەرت دوڤاڵ، ئەکتەری ئەفسانەیی هۆڵیوود و ئەستێرەی فیلمە ناودارەکانی The Godfather و Apocalypse Nowلە تەمەنی 95 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی شوباتی 2026، لوسیانا هاوژینی دوڤاڵ رایگەیاند: "ئەو هونەرمەندەی کە براوەی خەڵاتی ئۆسکارە و دەرهێنەری سینەماییشە، ئەمڕۆ لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کردووە".
لوسیانا لە راگەیێندراوێکدا بۆ رێزگرتن لە یادەوەرییەکانی گوتی، ئەو ئەکتەرێکی براوەی خەڵاتی ئۆسکار، دەرهێنەر و چیرۆکبێژ بوو. بەڵام بۆ من، ئەو هەموو شتێک بوو. خۆشەویستیی ئەو بۆ پیشەکەی تەنیا بەندبوو بە خۆشەویستییە قووڵەکەی بۆ کارەکتەرەکان.
لە سەربازییەوە بۆ لووتکەی سینەما
دوڤاڵ لە شاری ئاناپۆلیس لە ویلایەتی مێریلاند گەورە بووە، کوڕی سەربازێکی هێزی دەریایی و دایکێکی ئەکتەر بوو. دوای تەواوکردنی زانکۆ و خزمەتکردن لە سوپای ئەمەریکا، رووی لە نیویۆرک کرد، لەوێ لەگەڵ دەستین هۆفمان دەژیا و بووە هاوڕێی جین هاکمان لەو کاتەی کە هەرسێکیان خوێندکاری بواری نواندن بوون.
سەرەتای دەرکەوتنی لە شانۆکانی بڕۆدوەی بوو، پاشان یەکەم دەرکەوتنی لەسەر شاشەی سینەما لە ساڵی 1963 لە فیلمی To Kill A Mockingbird بوو بە رۆڵی ئارسەر رادلی.
یەکێک لە باشترینەکانی جیهان
لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار لە ئۆسکار بەربژێرکرا بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری یاریدەدەر لە فیلمی The Godfather
لە ساڵی 1979، جارێکی دیکە نێوی چووە نیو لیستی پاڵێوراوان بۆ هەمان خەڵات بەهۆی رۆڵی کۆلۆنێڵ بیل کیڵگۆر لە فیلمی Apocalypse Now فرانسیس فۆرد کۆپۆلا، دەرهێنەری هەردوو فیلمەکە، پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا دوڤاڵی بە یەکێک لە باشترین ئەکتەرەکانی جیهان وەسف کردبوو.
رۆبەرت دوڤاڵ لە کۆی حەوت جار بەربژێربوون بوون بۆ ئۆسکار، لە ساڵی 1984 توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فیلمی Tender Mercies بەدەستبهێنێت، کە تێیدا رۆڵی هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی لادێیی دەبینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ