پێشانگەی ئیستەنبووڵی هاوچەرخ کرایەوە و پێشبینی دەکرێت 30 هەزار کەس سەردانی بکەن

01-10-2025
راوین ستێرک
راوین ستێرک
پێشانگەی (ئیستەنبووڵی هاوچەرخ)
پێشانگەی (ئیستەنبووڵی هاوچەرخ)
نیشانەکردن پێشانگەی ئیستەنبووڵی هاوچەرخ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

(ئیستەنبووڵی هاوچەرخ) یەکێک لە گەورەترین پێشانگە هونەرییەکانی جیهانە، بە سەتان هونەرمەند و هەزاران بەرهەمی هونەری لە ئیستەنبووڵی تورکیا دەستیپێکرد.
 
هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز، وەرزی چالاکییە هونەری و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانیش لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووەتەوە. پێشانگەکە بە یەکێک لە 20 گەورەترین پێشانگەی هونەری لەسەر ئاستی جیهان دەناسرێت و رۆژانە هەزاران هۆگری هونەر سەردانی دەکەن.
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، یەکێک بوو لە سەردانکەرانی پێشانگەکە و ستایشی گرنگیی پێشانگەکەی کرد و رایگەیاند: "بەڕاستی بەشداری و گرنگیدان بە هونەر زۆر باشە. هەموو ساڵێک لێرە ئەو گرنگیپێدانە زیاد دەکات و دەگاتە ئاستێکی جیهانی. جێگەی دڵخۆشییە کە گرنگییەکی وا لێرە هەیە. گرنگیی هاووڵاتییان و هونەرمەندان بەڕاستی جێگەی شانازییە".
 
پێشانگەکە ماوەی 20 ساڵە لە هەمان مانگدا ساز دەکرێت و ئەمساڵ دەیان گالێری و 579 هونەرمەندی لە 16 وڵاتەوە لە ئیستەنبووڵ کۆکردووەتەوە.
 
نزیکەی هەزار بەرهەمی هونەری لە بوارە جیاوازەکاندا نمایشکراون، لەوانەش بەرهەمی پەیکەر، تابلۆ، ئینستالەیشن، ڤیدیۆ ئارت و چەندین بەرهەمی دیکە کە سەرنجی سەردانکەرانیان راکێشاوە.
 
باریش کارایازگان، مامۆستایە و خوێندکارانی ئامادەیی هونەرە جوانەکانی هێنابوو بۆ پێشانگەکە، گوتی: "ئێمە خوێندکاران دەهێنینە ئێرە و لە گالێرییەکاندا گفتوگۆ لەسەر بەرهەم و ستایلی هونەری دەکەین. نەک تەنیا لەسەر جوانی، بەڵکو لەسەر پیشەسازیی هونەر و داهێنان و پێشکێشکردنیش قسەیان لەگەڵ دەکەین. ئەم بابەتانە لە قوتابخانە زۆر باسیان لێوە ناکرێت، بەڵام لێرە ئەو دەرفەتە دروست دەبێت".
 
هونەرمەند مێلیس بویوکەرکەن، یەکێک لە بەشداربووان، دەڵێت: "نزیکەی دوو مانگ لە چین مامەوە و ئەو زنجیرە بەرهەمەم لەوێ ئامادە کرد. ناوی زنجیرەکە (لەبەرئەوەی هێشتا شتی زۆر باش هەن)ـە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە جیهاندا زۆر بابەت و پێشهاتی ناخۆش هەن کە هەموومانیان نیگەران کردووە. منیش ویستم بیری خەڵکی بهێنمەوە کە هێشتا شتی زۆر باش لە ژیاندا بوونیان هەیە".
 
پێشانگە نێودەوڵەتییەکە لە (تەرسانە ئیستەنبووڵ) بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، تەنیا لە ئیستەنبووڵ نا، بەڵکو لە زۆر شاری دەوروبەریشەوە هۆگرانی هونەر رووی تێدەکەن. پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 30 هەزار کەس سەردانی پێشانگەکە بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڵگەفیلمی خولەپیزە

خولەپیزە چۆن ژیا و چۆن گیانی لەدەستدا؟

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا، بەڵگەفیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ژیان و بەسەرهاتی مەحموود محەممەد، ناسراو بە خولەپیزە و هاوڕێکانی دەگێڕێتەوە کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا دژی حکومەتی پاشایەتیی عێراق چەکیان هەڵگرت.