کیانۆ ریڤز لە نوێترین فیلمیدا دەکەوێتە نێو خیانەتێکی کوشندەوە

01-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن کیانۆ ریڤز Shiver
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیانۆ ریڤز، ئەستێرەی بەناوبانگی زنجیرە فیلمەکانی (John Wick) و (The Matrix)، ئامادەکاری دەکات بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمێکی نوێی زانستی خەیاڵی و هەستبزوێندا بە ناوی (Shiver). فیلمەکە لە دەرهێنانی تیم میلەر، دەرهێنەری فیلمی سەرکەوتووی (Deadpool) دەبێت.
 
چیرۆکی فیلمەکە، کە بە ئاوێتەیەک لە فیلمەکانی (Edge of Tomorrow)ـی تۆم کروز و (The Shallows)ـی بلەیک لایڤلی ناسێندراوە، باس لە قاچاخچییەک دەکات کە کیانۆ ریڤز رۆڵەکەی دەگێڕێت. لە کاتی ئەنجامدانی کارێکدا لە دەریای کاریبی، دەکەوێتە نێو خیانەتێکی کوشندەوە و خۆی لەنێوان کۆمەڵێک تەرم، چەکداری بەکرێگیراو و ماسی قرشی برسییدا دەبینێتەوە. 
 
کارەساتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت و کارەکتەرەکە لەناو بازنەیەکی کوشندەی کاتدا گیر دەخوات و دەبێت بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێت بۆ شکاندنی ئەو بازنەیە.
 
کۆمپانیای (وارنەر بڕۆس) لە قۆناغەکانی کۆتایی دانوستاندایە بۆ کڕینەوەی مافی چیرۆکی فیلمەکە. ماسیۆ ڤۆن، دەرهێنەری بەناوبانگی زنجیرە فیلمی (Kingsman)، لە رێگەی کۆمپانیای (مارڤ فیلم)ـەوە کاری بەرهەمهێنانی بۆ دەکات.
 
سەرەڕای ئەوەی دوایین فیلمەکانی کیانۆ ریڤز، وەک (Ballerina) و (Good Fortune)، سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا، بەڵام ئەم ئەکتەرە هێشتا یەکێکە لە ئەستیرە دڵخوازەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم. ریڤز چەندین پرۆژەی گەورەی دیکەی لەبەردەستدایە، لەوانەش فیلمی (BRZRKR) کە لەسەر بنەمای ئەو چیرۆکە نەخشێندراوەی خۆی دروستی کردووە و لەلایەن نێتفلێکسەوە بەرهەم دەهێنرێت.
 
تیم میلەر، دەرهێنەری فیلمەکە، پێشتر بە فیلمی (Deadpool) ناوبانگێکی جیهانیی بەدەستهێنا و بووە یەکێک لە پڕداهاتترین فیلمەکان. هەروەها کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Terminator: Dark Fate) کردووە و دروستکەری زنجیرە ئەنیمەیشنی بەناوبانگی نێتفلێکس (Love, Death & Robots)ـە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە