کۆما ئامەد کۆنسێرتێکی لە ئەڵمانیا سازکرد و داهاتی بۆ هاوکاریی کوردی ئێزدییە

01-12-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
کۆنسێرتی کۆما ئامەد لە ئەڵمانیا. وێنە؛ رووداو
کۆنسێرتی کۆما ئامەد لە ئەڵمانیا. وێنە؛ رووداو
نیشانەکردن کۆما ئامەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە دەنگە سەرنجڕاکێش و پەیامە کاریگەرەکەیان، کۆما ئامەد زیاتر لە 400  میوانی کورد و ئەڵمان و چەندین سیاسەتڤانی ئەڵمانی لە کۆشکی حکومەتی هەرێمی بادن ڤوتمبێرگە لە شاری شتوگارت، لە کۆنسێرتەکەیان سەرسام کرد.  
 
کۆنسێرتەکە لەژێر درووشمی "رێگاکانی چاکبوونەوە"ـدا  لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی تەندروستی و هەمەچەشنی، بەهاوکاریی وەزارەتی دەوڵەتی  بادن-ڤوتنبێرگ رێکخرا. 
 
داهاتی کۆنسێرتەکە بۆ هاوکاریی کوردی ئێزدییە لە شەنگال. 
 
پ. د. ئیلهان کزلهان، رێکخەری چالاکییە خێرخوازییەکە، بە رووداوی راگەیاند، ئەو هەموو هاوکارییەی کە ئەمڕۆ و سبەی و رۆژانی دواتر کۆدەکرێنەوە، رادەستی حکومەتی بادن-ڤوتمبێرگ دەکرێت، ئەوانیش دەیگەیێنە سنوونێ و شنگال و بۆ نەخۆشخانە تەرخان دەکرێن بۆ چارەسەری نەخۆشەکانی دەروونی.
 
هەرێمی بادن-ڤوتمبێرگ یەکەم هەرێم بوو لە ئەڵمانیا کە هەزار ژن و کچی کوردی ئێزیدی هێنایە ئەم هەرێمە و چارەسەری دەروونی بۆ کردن.
 
لە 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 60 پڕۆژە بۆ هاوکاریی کوردی ئێزدی جێبەجێ کراون کە نزیکەی پێنج ملیۆن یۆرۆی تێچووە.
 
فیلیپ کایل، سەرۆکی دەستەی پەرەپێدان و هاوکاری هەرێمی بادن-ڤوتمبێرگ، بە رووداوی راگەیاند: "رێزی مرۆڤ، ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤ، ژیانێکی مرۆڤانە، ئەمانە مافی هەموو کەسێکە لێرە، بەڵام لە راستیدا ئەمە روونادات. بۆیە پێویستە بەریەککەوتن هەبێت لە جیاوازییە کولتوورییەکاندا و ئەمە لە رێگەی میوزیک و کولتوورەوە روودەدات". 
 
گوتیشی: "لە راستیدا ئەرکی ئێمەیە بۆ جیهانی دەرەوە، کاتێک پێکەوە سەما دەکەین، کاتێک پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕین، پەیوەندی دروست دەکەین. ئەمە زۆر گرنگە. بۆ ئێزدییەکان بە گشتی و بۆ هەموو کەمینەکان. ئەوان تەنیا دەیانەوێت بە ئاشتی بژین. بۆ ئەم کەمینانە بارودۆخەکان بەردەوام خراپتر دەبن. زیاتر و زیاتر زەوت دەکرێن. هیچ ئومێدیان نییە، چونکە لە کەمپەکاندا دەمێننەوە. بۆیە ئیمە دەبێت هاوسۆزی پیشان بدەین. هاوسۆزی مرۆڤانە".
 
لێرە ئامادەبووان تەنیا گوێگری موزیک نین، بەڵکو بەشێکن لە هەڵمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی. وەک ئەوەی لە دروشم و ئامانجی کۆنسێرتەکەدا هاتووە کە کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ شنگال. لە هەمانکاتدا ئەمە هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو برینە قوڵەی کوردی ئێزدی و وەبیرھێنانەوەی مێژوویەکە کە نابێت لەبیر بکرێت.
 
میوزیک دەتوانێت دەنگ بێت بۆ ئاشتی، بۆ چاکبوونەوە و هاوسۆزی، دەتوانێت هیوا بگەیەنێت بەو شوێنانەی کە زۆر پێویستیان پێیەتی. بەشداربووان بە تامەزرۆوە گوێبیستی میوزیک و هونەری کۆما ئامەد بوون. زۆربەیان لە دوورەوە هاتبوون بۆ ئەوەی بەشداری ئەم کۆنسێرتە بن.
 
گەشبین مینایی، یەکێک لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە بووە و گوتی: "کۆنسێرتەکە زۆر گەرموگوڕ بوو، خەڵکێکی زۆری لێ بوو. پێشکێشکردنەکەی زۆر بە شێوەی جوان پێشکێشکرا و ئامانجەکەشی زۆر باش بوو. هەستێکی باشم هەیە کە بەشداریم لەم کۆنسێرتەدا کرد".
 
گابریەل کۆنفەرەس، میوانێکی دیکەی کۆنسێرتەکە بووە و گوتی: "لە زۆر رووەوە ئەمە زۆر یارمەتیدەرە. یەکەم، پەیوەندیی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵکەوە هەیە. هەروەها ئەمە پشتگیریەکی دارایی گرنگە، بە تایبەت ئێستا کە هاوکارییە داراییەکان کەم دەبنەوە، بۆ نموونە لە ئەمریکاوە کە خەریکە دەکشێتەوە. واتا ئێمە پێویستمان بە سەرچاوەی دیکەیە. بەبڕوای ئەو، ئەم چالاکیانە دەتوانن زۆر یارمەتیدەر بن لەو رووەوە. لە لایەکەوە پەیوەندی بە هاوکاریی داراییەوە هەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە پەیوەندی بە هۆشیاری و وەک گوتم گەیاندنی رۆح و لەیەک نزیکردنەوەی لایەنە کولتوورییەکانیشەوەیە".
 
گەورەترین دیاسپۆرای کوردی ئێزدی لە ئەڵمانیایە، هەر بۆیە زۆربەی بەشداربووانی کۆنسێرتەکە داوایان کرد لە داهاتوودا هاوشێوەی ئەم جۆرە چالاکییانە زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە