رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، لە گەلەریی میدیا لە شاری هەولێر، پێشانگەی تایبەتیی ئەحمەد عەبدولحەمید، شێوەکاری عێراقی بە ناونیشانی (جەستەیەک لە غوربەت) کرایەوە، تێیدا ژن مژاری سەرەکیی تابلۆکان بوو.
پێشانگەکە یەکەم پێشانگەی تایبەتیی شێوەکارە و وەک وەفایەک بۆ رۆحی قەرەنی جەمیل، هونەرمەندی کۆچکردووی کورد، کردوویەتیەوە. ئەحمەد عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە دا کە باوکی، پەیکەرساز عەبدولحەمید زوبێدی، لە گەنجێتیدا هاوڕێی نزیکی قەرەنی جەمیل بووە و پۆرترێتێکی برۆنزیی وەک دیاری پێشکێشی رۆحی ئەو هونەرمەندە کردووە.
ئەحمەد عەبدولحەمید، سەبارەت بەو دەستپێشخەرییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قەرەنی جەمیل یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی هونەری کوردستان، هونەرمەندێکی داهێنەر، رۆشنبیر و هۆشیار بوو، بەداخەوە لەدەستمان دا، بۆیە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە بە دیارییەکی بچووک دەزانین بۆ رۆحی ئەو".
لە پێشانگەکەدا 32 تابلۆ نمایشکراون. شێوەکارەکە شێوازی کارەکانی بە "فیلمێکی سینەمایی" دەچوێنێت کە گوزارشت لە رووداوەکان و ژیانی مرۆڤی عێراقی دەکات.
بە گوتەی هونەرمەند، چەمکی نامۆبوون لە تابلۆکاندا لە چەند رەهەندێکەوە بەرجەستە کراوە، کە بریتین لە؛ نامۆبوونی ناوەوە، نامۆبوون لەنێو کۆمەڵگە و نامۆبوونی جوگرافی لە کاتی چوونە دەرەوە لە وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ