شوان عەتووف: لە دڵەوە سیناریۆی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا'ـم نووسیوە

02-03-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' شوان عەتووف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوایین ئەزموونی شوان عەتووف وەک دەرهێنەری، فیلمی کۆمێدیی "خۆشەویستی لەسەردەمی کۆرۆنا"یە کە ژمارەیەک ئەکتەری کۆمێدی تێیدا بەشدارن و بڕیارە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا لە سینەماکانی کوردستان پێشانبدرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە. ژیار حەکیم، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە کوردە کردووە و لەبارەی ناوەڕۆکی فیلمەکە و ساتە خۆش و ناخۆشەکانی بەرهەمهێنان و وێنەگرتنی فیلمەکەی لەگەڵدا کردووە.
 
رووداو: بەخێربێی کاک شوان 
 
شوان عەتووف: زۆر سوپاس
 
رووداو: چۆن بوو بیرۆکەی ئەو فیلمەت لەلا گەڵاڵە بوو؟
 
شوان عەتووف: لە راستیدا لە سەردەمانی هاتنی کۆڤید 19ـی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شەقامەکان چۆڵ دەبوون، شارەکان چۆڵ دەبوون، قەدەخەی هاتووچۆ دروستبوو، ترسی ئەوە بڵاوبووەوە کە کۆرۆنا ئازار بەهەموو ماڵەکان دەگەیێنێت و بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە هەموو وڵاتاندا خەڵک رووبەڕووی مەرگ دەبووەوە، بەهۆی ئەو رۆژگارانەوە، بەڵگەی ئەوەم هەبوو کە بچمە دەرەوە و هاوکاری هەندێک خەڵکی هەژار بکەم و ئەو کەسانەی کەمدەرامەتن کە نەیاندەتوانی بچنە دەرەوە، توانیم شتی سەیر سەیر لە دەرەوە ببینم، فەنتازیای چۆڵی شارەکەم یان ئەو گەڕەکەی من تێیدا دەژیم، دواتر ئەندێشەکردنی چۆڵی گۆی زەوی، لەو کاتانەدا بوو بیرۆکەکەم بۆ هات، بەتایبەتی ئاژەڵەکانم بینی ئازادن لە دەرەوە و مرۆڤەکان کۆیڵەن لە ماڵەکانیاندا، ئەمە کۆنسێپتێک بوو و ئیشم لەسەری کرد. 
 
رووداو: وەکو ئەوەی لە پۆستەرەکەدا دەردەکەوێت، ئەکتەرەکان زۆربەیان کۆمێدین، وا دەردەکەوێت کە فیلمەکە کۆمێدییە، کۆرۆناش سەختی و کارەسات بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی، چۆن توانیت ئەو دووانە پێکەوە ببەستیتەوە؟
 
شوان عەتووف: سەردەمی کۆرۆنا بەهانەیە بۆ زۆر بابەت و مژاری گرنگ، لەبارەی مرۆڤ لەسەر زەوی و لە هەموو کۆمەڵگەکاندا، وەکو ئەو کەمە شکستەی لە رووی تەندروستییەوە لیبرالیزمی نوێی هێنا، بواری کەرتی تەندروستی لەسەر زەی و لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکاندا، هەرگیز بیریان لەوە نەکردبووە، رۆژێک لە رۆژان ئاوا نەخۆشی زۆرمان هەبێت چی بکەین؟ بەڵام بەردەوام بیریان لەوە کردبووە کە دەبێت چەک، تەقەمەنی، جبەخانە، تۆپ و تانکی زیاترمان هەبێت. لەبەرئەوە جۆرێک لە بەهانەیە لە سەردەمی کۆرۆنا قسە لەسەر مژاری میدیا، دۆزی ژن، مژاری لیبرالیزمی نوێ گەیشتن بە مژدەکانی بکەین، لەسەر مژاری ئۆنلاین، لەسەر تێگەیشتنی مرۆڤی هاککراو، کە بتوانێت بگەیتە هەر کەسێک لە هەر کوچ و کەلەبەرێک بێت لە رووی ئەمنییەوە، لەسە مژاری بەها، بەهای مرۆڤ و بەراوردەکردنی بە ئاژەڵ لەو ساتەدا، زۆر زۆر مژار هەن بەبۆنەی سەردەمی کۆرۆنا من باسیان دەکەم.
 
بۆیە لەبەر ئەوە لەسەر مەرگی مرۆڤەکان لە سەردەمی کۆرۆنا نەوەستاوم. بۆیە بەو شێوەیەش من بە درامایەکی کۆمێدی و تۆزێ رۆمانسیش کارم کردووە، تەنانەت چیرۆکی لابەلای خۆشەویستیشی تێدایە، خۆشەویستی تەنیا بۆ نێر و مێ نا. 
 
رووداو: ئینجا ئێوە ئیشتان لەسەر بابەتێک کردووە کە خۆتان ئەزموونتان لەگەڵیدا هەبووە، تووشی کۆرۆنا بوون، ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەوە هەیە کە فیلمێکتان لەبارەیەوە بەرهەمهێناوە؟
 
شوان عەتووف: دووبارەی دەکەمەوە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرامبەر بە مرۆڤ نەوەستاوم، لەو سەردەمی کە کۆڤید 19 هات، کۆمەڵێک حاڵەتی تراژیدی و کۆمەڵێک حاڵەتی کۆمێدی و فەنتازیش دروستبوون، بەبۆنەی ئەو فەزایەوە من کۆمەڵێک قسەی دیکەم کرد، تەنانەت بابەتی ئەوەی، ئەگەر لە فیلمەکەدا کارەکتەرێک تووشی کۆرۆنا بووبێت، ئەویشم بە کۆمیدی خستووەتەڕوو.
 
رووداو: لەوێش هەروا باستان کردووە؟
 
شوان عەتووف: دەڵێم ئەگەر هەبێت. 
 
رووداو: کاری کاستینگ کێ کردوویەتی؟ چۆن بوو ئەو ئەکتەرانەتان هەڵبژارد؟
 
شوان عەتووف: ئەم فیلمە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سۆ مارکێتینگە و هاوڕێی ئازیزم کاک سۆران عوسمان پرۆدیوسەری کارەکە بووە، لەگەڵ ئەوان رێککەوتین کاری پەیوەندیکردن بە ئەکتەرەکانەوە ئەوان بیگرنە ئەستۆ، بەڵام کاستینگی کارەکە خۆم و هاوکارەکانمان کردوومانە. 
 
رووداو: لە کاتی وێنەگرتندا. بەشێک لە ئەکتەرەکان کۆمێدین، کاک ئەحمەد جۆڵا و کاک ماهیر حەسەن، هەروەها کاک رێشان، کاک مستەفا ئەحمەد، هیچ یادەوەرییەکی خۆی هەبوو لەو کاتەدا روویدابێت و بتانەوێت باسی بکەن؟  
 
شوان عەتووف: بە دڵنیاییەوە، ئەو بەڕێزانە هەر بوونیان خۆیان، لەبەرئەوەی ئەزموونێکی زۆر زۆریان لە نێو یادەوەری ئێمەدا هەیە، بەرێز مامۆستا مستەفا ئەحمەد، کاک ماهیر حەسەن، کاک ئەحمەد جۆڵا، مامۆستا سیروان جەمال، ئینجا سرووشت خان، کاک رێشان، ئینجا کاک شوان کەریم، ئینجا ژاڵە خان کە ئەمانە ئەکتەری باشن و ناسراون و لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی زۆر جوانی تازە، کاک زەریا بۆ نموونە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گرووپە، کە وێنەیان لە پشتمانەوە هەڵواسراوە، بە دڵنیاییەوە....   
 
رووداو: هیچ یادەوەرییەک لە خەیاڵتدایە لەو کاتەدا روویدابێت؟
 
شوان عەتووف: زۆر، نازانم، خۆی ئیشەکە کۆمێدییە، کارەکتەرەکان خۆیان کۆمێدین، دۆخکە کۆمێدی بوو چونکە گەرمایەکی زۆر زۆر هەبوو، نازانم چیت بۆ باس بکەم، تەنیا دەتوانیت سوود لە پشت کامێرای ئێمە وەربگرن و بیبینن، سات نەبووە کۆمێدی نەبێت.
 
رووداو: دواتر پشت کامێراش بڵاودەکەنەوە؟ 
 
شوان عەتووف: دەتوانن قسە لەگەڵ پرۆدیوسەر بکەن و سوود لە پشت کامیرا وەربگرن، چونکە بەڕاستی بە گرنگی و پڕۆفیشناڵانە راهێنانمان لەگەڵ ئەکتەرەکاندا کردووە و خۆمان ئامادەکردووە، هەروەها دەبینی چەند کۆمێد بووە، بەم گەرمایە کە چەند گەرم بوو و کەوتینە مانگی حەوت و هەشتەوە، زۆربەی کات لە کاژێر چواری ئێوارەوە تاوەکو چواری بەیانی کارمان دەکرد و بە رۆژ دەخەوتین، ئەمە ژیانمانی هەڵگێڕابوو و دۆخێکی کۆمێدی دروستکردبوو. بەڵێ چەند ساتی زۆر زۆر کۆمێدی هەبوو لە کاتی ئیشکردندا.   
 
رووداو: باسی پڕۆدیوسەرت کرد، بە گشتی لە کوردستان کێشەی بە بازاڕکردن بۆ فیلمەکان هەیە، لەم چەند ساڵانەی دواییدا کەمێک پێشکەتووە، دەمەوێت بزانم بۆ ئەم فیلمە چۆن دەتانەوێت بە بازاڕی بکەن؟ بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بێن سەیری بکەن، پلانێکتان هەیە کە بەڕێزیشتان ئاگادار بن؟
 
شوان عەتووف: لە راستیدا ئەم بابەتە پەیوەندی بە پرۆدیوسەری بەڕێزەوە هەیە، بەڵام ئاگادارم کە پلانێکی تۆکمە، پتەوە و باش دانراوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بیگەیێنە جەماوەری کوردستان و لە هەمانکاتتدا عێراقیش.
 
رووداو: هەموو کەسێک لێی تێدەگات.
 
شوان عەتووف: دوای ئەوە بۆ فێستیڤاڵەکان، دوای ئەوە بۆ ئەوروپا، بەڵێ، وەک هەموو ئەو فیلمانەی ساڵانی پێشوو، دەمێنێتەوە سەر باشی و خراپی و حەزکردن و حەز لێنەکردنی بینەرەکان، بەڵام پلانی بۆ دانراوە، خۆشحاڵانەش رووداو سپۆنسەری میدیایی ئێمەیە، خۆشحاڵین، بەڵام پلانکە چۆنە، ئەوە لەلایەن بەڕێز پرۆدیوسەرە. 
 
رووداو: بەڕێزتان ئەکتەر و دەرهێنەرن و لەم فیلمەدا رۆڵی دەرهێنەرت هەیە، هیچ رۆژێک هەبووە لە کاتی وێنەگرتندا بڵێیت خۆزگە منیش لەم فیلمەدا ئەکتەر بوومایە و رۆڵێکم بگێڕابووایە، زیاتر حەزت لە کام رۆڵ بووە؟
 
شوان عەتووف: ئەم ئیشەم زۆر لە دڵەوە نووسی، دەبێت لێرەوە کاک شوان کەریمم بیر نەچێت کە لە قۆناخی نووسینەوەی سێیەمدا لەگەڵمان بوو، ئەویش بەشداربوو، ناتوانم بڵێم یەک کارەکتەر، بەڵام زۆر سات هەبووە حەزم کردووە منیش ئەکتەر بوومایە، لەبەر ئەوەی زۆر جوان بووە، ئەکتەرەکان دەگەیشتنە ئەو ئاستەی بە جوانی ناواندن بکەن، دووەم ساتە و دیمەنەکە خۆی جوان بوو، هەندێ کات حەزم دەکرد لەسەر ئەو کورسییە نەبووام و لەوێ بوومایە، لەبەردەم کامێراکە.  
 
رووداو: چەن جار دەستکاری دەقەکەتان کردووە یاخود چەند جار بە نووسینەکەدا چوونەتەوە و چەند پێیەوە خەریکی بوون؟  
 
شوان عەتووف: دەتوانم بڵێم 10 مانگ، خەریکی سکرێپتەکە بووین، شەش چاپی لێ نووسرایەوە، واتە لە سەرەتاوە تاوەکو دەستپێکردن شەش جار نووسرایەوە، تەنانەت لە کاتی ئیشکردنیش، وەکو نووسینەوەی سەرەتا لەگەڵ خانم ئەڤین ئازی و ئەمجەد یوسفی، دواتر خۆم، دواتر لەگەڵ کاک شوان کەریم، دواتر دووبارە خۆم، بەمشێوەیە. 
 
رووداو: هیچ کێشەتان لە کاتی وێنەگرتندا رووبەڕووبووەوە؟
 
شوان عەتووف: لە کاتی بەرهەمهێنان و وێنەگرتندا؟ 
 
رووداو: بەڵێ.
 
شوان عەتووف: گەرما. 
 
رووداو: جگە لە گەرما؟
 
شوان عەتووف: هیچ

رووداو: واتە هەموو شتێک باش بوو؟ 
 
شوان عەتووف: هیچ شتێک، تەنیا گەرما، بەڕاستی گەرما هیلاکی کردین و قورساییەکی دیکەی هێنایە سەر شانمان، بۆ نموونە تۆ لە کاتی وێنەگرتندا ئاماژە دەدەی بە ئەکتەرەکان کە ئەکتەرەکان ئامادەبن، کامێرا ئامادە بێت، دەنگ ئامادەبێت و ئەکشن بۆ نموونە، فێنککەرەوەکان بکوژێنە، ئەمەشی بۆ زیاد ببوو. کاتێک کەتم دەدا بۆ ئەوەی تێبینی بدەم، فێنکەرەوەکان ئیشیان دەکرد، ئەکتەرەکان گەرمایان دەبوو و مەیکئەپ تێک دەچوو، کە دەستمان پێکرد یەکێکە لە ئاگادارکردنەوە زیادەکان ئەوەبوو فێنککەروەکانیش بکوژێننەوە، بەڕاستی گەرما هیلاکی کردبووین.
 
رووداو: جگە لەمە، ئەگەر بە گشتی باس لەوە بکەین، کێشە لەبەردەم بەرهەمهێنانی فیلم لە کوردستاندا چین؟
 
شوان عەتووف: کێشە بەردەوام کێشەی بوودجەیە، کێشە سەرەکییەکەیە، ئارامییەک لەم مژارەدا نییە، لەم ماوەیدا کۆڕێکم سازکرد لەبارەی سینەماکار و نا ئارامی، لە مێژووی دروستبوونی فیلمەوە، تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، کەم فیلمساز هەیە، جگە لەو کوردانەی خەڵکی وڵاتێکی دیکەن، وەک نەرویج، سوێد و فەرەنسا، وەکو تورکیا، ئەوانە رەنگە جۆرێکی دیکە بتوانن سوود لە سندوقەکانی پارەی فیلم وەربگرن، بەڵام ئێمە لە باشوور، هاوڕێکانمان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، زۆر بە قوڕسی فیلم دروست دەکەن، چونکە کێشەیەکی ئەبەدی و ئەزەلیمان هەیە، ئەویش بوودجەیە، ئەو کێشەی بوودجەیەش چارسەر ناکرێت، کە چەندین ساڵە بەڕێزتان ئاگادارن قسەمان لەبارەیەوە کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئیشەکەدا بەردەوامین.
 
رووداو: هیچ رێگە و پێشنیازێکتان لەلایە بۆ چارەسەرکردنی؟
 
شوان عەتووف: من خۆم هیچ قسەیەکم لەوبارەیەوە نەماوە، یەک پلانم هەیە لە ژیانمدا، تەنیا ئیش دەکەم، لەبارەی ئەوەی چۆن سینەما پێش بکەوێ و چۆن پێش نەکەوێ، هیچ قسەیەک نەماوە و هەموویم کردووە، تاکە شتێک کە لە پێش چاوەم روونە؛ تەنیا هەوڵبدەم ئیش بکەم.
 
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر فیلمەکە. رەنگە سەرەتا خەیاڵێکت بۆی هەبووبێت، لە کۆتاییدا ئەوەی تەواو بووە، ئەوەبوو کە خۆتان دەتانویست؟
 
شوان عەتووف: تا رادەیەکی زۆر، شتم لە دەستدا بەهۆی کەمی بوودجەوە، بەهۆی بێ ئەزموونی بە کۆی گرووپی سینەماوە لە کوردستان بە گشتی لە هەموو بەشەکانییەوە، شتم لەدەستدا، هەندێ شت تا ئاستی گریان کە شتێک دەمویست ئاوا بێت، نەبوو و نەکرا، پێی نەوێرام. 
 
رووداو: چۆن نەکرا؟
 
شوان عەتووف: ئیتر، بە بروای من پەیوەندی بە کات و بەم شتانەوە هەبێت، بەڵام بە گشتی تا ئاستێکی زۆر ئەوەی کە ویستم لە ریتم، لە وێنە، لە نواندن و لە کەشی فیلمە، دەستم کەوت.
 
رووداو: پێشبینیت چییە بۆ پێشوازی خەڵک لە فیلمەکە؟
 
شوان عەتووف: لە هەموو فیلمێک ئەو پرسیارەم لێدەکەن. نازانم. 
 
رووداو: نازانی؟
 
شوان عەتووف: نازانم، بەڕاستی نازانم. ئێمە ئیشمان کردووە، هەموو کەسێک، هەموو فیلمسازێک، بە هەر ژانێرک کە کاردەکات، دەیەوێت بگات بە زۆرترین بینەر و زۆرترین بینەر لێی رازی بێت، وەکو ئەوەیە تۆ خواردنێک بۆ میوانەکانت ئامادە بکەیت، دەتەوێت سوپرایز بن، ئاها ئەم خوارنەوە و ئەوەش و ئەوەش هەیە، بۆ ئەوەی تامی لێبکەن و کە رۆیشتنەوە باسی بکەن، بە هەمان شێوەیە، من نازانم حەز لەو فیلمە دەکەن، حەزی لێ ناکەن، پێیان خۆش دەبێت، پێیان خۆش نابێت، بەڵام بە دڵ ئیشمان تێیدا کردووە و خۆمان ماندوو کردووە، ئەوەی کە وزە و توانای ئێمە بووە لەم شێوازی فیلمە و لەم کاتەدا، بەکارمان هێناوە. 
 
رووداو: ئەوەی کەمێک پێش ئێستا لە ترەیلەرەکە سەیرم کرد، تۆزێک کێشە لە نێوان کاک ماهیر حەسەن و کاک ئەحمەد جۆڵا هەیە، کێشەکانیان چۆنە و لەسەر چین؟ تۆزێک بڕۆینە نێو فیلمەکەوە؟
 
شوان عەتووف: لە راستیدا شتەکان لەسەر شتی زۆر، زۆر، زۆر سادە دروستکراوە، شتی زۆر ئاسان، چۆن بڵێی، ئەو کوپە لێرە بێت یان لێرە نەبێت، قژی لەلای راستدا بێت یان لە لای چەپدا، کە دەخەویت گڵۆب داگیرسێت یان دانەگیرسێت، جلی سەوز لەبەردەکەیت یان زەرد؟ من لە پێش تۆوە بڕۆم بۆ ماڵی پوورم یان تۆ؟ تۆ گرنگتری یان من؟ شتی بچکۆڵە بچکۆڵە، شەڕی لەسەر شتی بچکۆڵە بچکۆڵە، بەڵام کە شەڕە لەسەر شتە بچکۆڵە بچکۆڵەکان، ناوەستین و شەڕی گەورە دروست دەبن، لێرە ئیشمان کردووە، ئەگەر وەک تێگەیشتنی شەڕ سەیری بکەیت، تەنانەت لە کۆمەڵگەی خۆشمان، شەڕی گەورە روویداوە، لەسەر شتی زۆر بچکۆڵە بچکۆڵە بووە، لەبەرئەوە لەسەر ئەو فاکتەرە ئیشم کردووە کە فیلمەکەت بینی تێدەگەیت، ململانێیەک هەیە لەسەر شتی زۆر پووچ، کۆمەڵگەکەمان پڕە لەو شتە پووچانە.
 
رووداو: دواتر لە ناکاو گەورە دەبن.
 
شوان عەتووف: پڕە لەو شتە پووچانە، بە نموونە پێت بڵێم، جۆرێکی دیکە قسەمان لەسەر مۆبایل کردووە و ئەنجامێکشیمان لەگەڵ مۆبایل هەیە، بە مرۆڤ دەڵێین دەبێت ئەو شتە لەگەڵ مۆبایلدا بکەیت، بابەتی مۆبایل، ئۆنلاین و ئینتەر و ئەم شتانە چییان لە خێزان کردووە و چی لە مرۆڤ کرد، پەیوەندییەکانی چۆن هەڵتەکاند، ئەمە کێشەی گەورەی مرۆڤایەتییە، مرۆڤ نەوەک هەر خەریکە لە خۆی بێ ئاگا دەبێت، بەڵکو خەریکە دەچێتە فەزایەکی دیکەوە، واتە مرۆڤ و ئامێرەکان. 
 
یوڤال، فەیلەسووفی ئیسرائیلی باسی دەکات، مرۆڤی هاککراو، لەمبارەیەوە قسەمان کردووە، لەبارەی میدیا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا قسەمان کردووە، لەسەر مژاری ژن قسەمان کردووە، خۆشەویستی بە فۆرمێکی دیکە، تەنانەت رۆمانی "خۆشەویستی لەسەردەمی کۆلێرا"ـی مارکیزمان لە یەکێک لە هێڵەکاندا بەکارهێناوە.
 
کارێکی شەپۆڵدارە، تا کۆتایی دەڕوات، لە کۆتاییدا ئامانجمان ئەوەیە بینەر زۆرترین شت و مانای بەرکەوتبێت و ستایلێکی رەخنە ئامێزمان پێشکێش کردبێت.
 
رووداو: بە بڕوای بەڕێزتان وەک دەرهێنەر، خاڵی بەهێزی فیلمەکە چییە، لە هەموو روویکەوە؟
 
شوان عەتووف: هەر فیلمەکە خۆی، خاڵە بەهێزەکانی فیلمەکە زۆر زۆرن، چیرۆکەکە باس ناکەم، بەڵام چیرۆکەکە زیاد لە پێویست سەرنجڕاکێشە بۆ بینەران، دەتوانم ئەو موژدەیە بدەم بە تۆ و بینەرەکان لە هەموو کوردستان کە زیاد لە پێویست سەرنجڕاکێشە. نازانم ئەوە قبوڵکراوە یان نا، ئەمە بیرکردنەوەی من بووە، ریتمێکی زۆر زۆر جیاوازی کۆمێدیا دەبینم، شێوەیەکی جیاوازی کۆمەڵگە دەبینم، ئەکتەرەکان زۆر زۆر بەهێزن و وێنەگرتمان ئاستێکی زۆر زۆر بەرزی هەیە.
 
رووداو: تا چەند پشتتان بە گەنج بەستووە لەم فیلمەدا لە هەموو روویەکەوە؟  
 
شوان عەتووف: زۆر، لە هەموو لایەنەکانەوە، دووبارە دەڵێم پشت کامیراکە ببینە، هەمووی گەنجی تازە پێگەیشتووی هۆشیار و زمانزان و کۆمپیوتەرزان و پلاندانەری باش، لەسەر لۆکەیشن بووین لە کاتی وێنەگرتندا، هەندێ برادەرمان کە سینەماکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون بۆ لامان، بەڕاستی سەرسامبوون بە شێوازی بەڕێوەچوونی سەر سێت، لە ئیشەکەدا گەنجی زۆر زۆر تازە و ئەکتەری زۆر تازە هەن، حەوت ئەکتەری گەنجی تازە دەبینیت لەم فیلمەدا کە پانتاییان لە نواندندا زۆر زۆرە، بۆ یەکەمجاریش دەیانبینیت، لە پەنای ئەو ئەکتەرە زۆر باش و بە توانایانە، حەوت، هەشت ئەکتەری تازە پێشکێش دەکەم. 
 
رووداو: زۆر سوپاس کاک شوان، زۆر خۆشحاڵ بووم.
 
شوان عەتووف: بەڕێزیت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لە ستافی فیلمی "Furiosa: A Mad Max Saga"

بەشی نوێی 'Mad Max' لە فیستیڤاڵی فیلمی کانە

شەقامەکانی دەورووبەری کۆشکی فێستیڤاڵی کان جمەی دەهات، دەیان رۆژنامەڤان و سەتان فۆتۆگرافەر چاوەڕێی هاتنی خاوەنی بۆمبی ئەمساڵی کان بوون، جۆرج میلەر دەرهێنەری چوار بەشی زنجیرە فیلمی "Mad Max"ـە، دوای نۆ ساڵ بە نوێترین فیلمی زنجیرەکە کە پێنجەم بەشیەتی و بە ناوی "Furiosa: A Mad Max Saga" هاتووەتە کان و فەرشی سوور بۆ خۆی و ستافی فیلمەکەی راخراوە، بۆ ئەوەی بۆ یەکەم پێشاندانی ئەم بەشە نوێیە لە جیهاندا.