رووداو دیجیتاڵ
جینی سیلی، گۆرانیبێژی ناسراوی میوزیکی کانتریی ئەمریکی و براوەی خەڵاتی گرامی، لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
دۆن مێری گرەبز، گوتەبێژی کارەکانی، رایگەیاند، سیلی رۆژی هەینی 1ـی ئابی 2025 بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە کە دوای هەوکردنی ریخۆڵەکانی بۆی دروست ببوو، گیانی لەدەستداوە.
سیلی بە "خاتوو کانتری سۆڵ" ناسرابوو و یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی ژنان لە میوزیکی کانتریدا و بە بوێری و پێشێلکردنی دابونەریتەکان و چەندین گۆرانیی بەهێزی لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا ناسرابوو.
سیلی لە ئایاری 2025، ئاشکرای کردبوو، لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە دوای ئەوەی چەندین نەشتەرگەریی پشتی بۆ کرابوو، دواتر دوو نەشتەرگەریی دیکەشی بۆ ئەنجامدرا و بۆ ماوەی 11 رۆژ لە بەشی چاودێریی چڕدا مابووەوە. جگە لەوەش، تووشی هەوکردنی سییەکانیش ببوو.
جینی سیلی لە تەممووزی 1940 لە پێنسیلڤانیا لە دایک بووە. حەزی بۆ میوزیکی کانتری لە منداڵییەوە دەستیپێکرد؛ دایکی گۆرانیبێژ و و باوکی ژەنیار بوو. لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا، بۆ دەستپێکردنی کاری هونەری، رووی لە لۆس ئەنجلۆس کرد.
دوای لۆس ئەنجلۆس، رووی لە ناشڤیڵ کرد و لەوێ گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای مۆنیومێنت رێکۆردز واژۆ کرد. بەناوبانگترین گۆرانیی "Don’t Touch Me" بوو، بەهۆیەوە تاکە خەڵاتی گرامی بەدەستهێنا.
سیلی بە هونەرمەندێکی یاخی و سنووربەزێن ناسرابوو؛ لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرا ژنانی گۆرانیبێژی کانتری جلوبەرگی داپۆشراو بپۆشن، ئەو بە پۆشینی تەننوورەی کورت لەسەر شانۆ دەناسرا. لە سەردەمی زێڕینی ژیانیی هونەرییدا، چەندین گۆرانیی بەناوبانگی هەبوو، لەوانە "I'll Love You More" و "Can I Sleep In Your Arms?".
ئەو هونەرمەندە دوایین گۆرانیی لە تەممووزی 2024 بڵاوکردەوە، کە دووبارەکوتنەوەی گۆرانیی "Suffertime"ـی دۆتی وێست بوو.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ