لە هەولێر دیدارێکی تایبەت بە شیعر و گۆرانیی ژنان سازدەکرێت

02-09-2024
پەسار فایەق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری "ژن.. شیعر.. گۆرانی" ساز دەکات، تێیدا ژمارەیەک ژنە شاعیر بەرهەمە شیعرەکانییان پێشکێش دەکەن و لە دوو پانێڵدا، گفتوگۆ لەبارەی شیعری ژنان دەکرێت. 
 
دیدارەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئەیلولی 2024، بە چاودێری حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هوتێل چوارچرا لە هەولێر دەستپێدەکات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
بەپێی راگەێندراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم رۆژی دیدارەکەدا، بەڵگەفیلمی "دەنگی ژن لە شیعردا" پێشاندەدرێت، دواتر گەشتێک بە نێو سەدای شیعری ژناندا دەکرێت و هەریەک لە کۆسرەت ئەحمەد، فرمێسک مستەفا، رۆژە مەجید، ئیمان یادوەر، بەهرە موفتی، ماردین ئەبوبەکر، پەروین شەمعون، هەنار موفتی، گوڵێ سەلیم، شەیدا محێدین و بەیان ئیبراهیم، شیعر دەخوێننەوە، دواتریش میوزیک و گۆرانی پێشکێش دەکرێت.
 
لە دووەم رۆژی دیدارەکەدا، لە کاژێر 10ـی بەیانی سێشەممە 3ـی ئەیلولی 2024 پانێلی یەکەم: بەناونیشانی "دەنگی ژن لە شیعردا" دەبێت و د. پەخشان سابیر حەمەد، بابەتێک بەناونیشانی "هۆشیاریی رۆشنبیریی لە چوارچێوەی بەرهەمی هزری ژنانی کورددا" پێشکێش دەکات، هەروەها شاعیر رزگار جەباری، بابەتێک بەناونیشانی "رۆڵی ژنە شاعیرانی کورد" و شاعیر رۆژ هەڵەبجەیی بابەتی "چۆن شیعری هاوچەرخ دەناسین؟" پێشکێش دەکەن.
 
پانێڵی دووەم بەناونیشانی "پێگەی ژن لە گۆرانی و میوزیکدا"یە، هونەرمەند نەوژین محەممەد، بابەتێک بەناونیشانی "رۆڵی ژن لە میوزیک و گۆرانی کوردیدا"، شاعیر سەرکەوت رەسوڵ بابەتێک بەناونیشانی "دەنگی مێ لە ئەدەب و هونەردا" و هونەرمەند ئەڤین حسێن بابەتی "ژن د سترانا کوردی دا" پێشکێش دەکەن، دواتریش رێز لە بەشداربووان دەنرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە