رووداو دیجیتاڵ
شارۆخ خان، ئەستێرەی سینەمای بۆڵیوود، بۆ یەکەمجار ناوی چووە یانەی ملیاردێرەکانەوە و بووە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەکتەرانی جیهان.
بەگوێرەی لیستی هورون بۆ دەوڵەمەندانی هیندستانی لە 2025، سامانی شارۆخ خان (59 ساڵ) بە بڕی 1.4 ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.
بەمەش ناوی دەچێتە ریزی ئەو کەسایەتییە جیهانییانەی وەک ئاڕنۆڵد شوارزنێگەر، گۆرانیبێژان ریانا و تایلۆر سویفت و یاریزانی گۆڵف تایگەر وودز، کە سامانیان سەرووی ملیار دۆلارە.
جگە لە شارۆخ خان، چەندین کەسایەتیی دیکەی بۆڵیوود لە لیستەکەدا هەن، لەوانە جوهی چاولا، هریتیک رۆشان، ئەمیتاب باچان و دەرهێنەر کاران جۆهەر، بەڵام سامانی شارۆخ خان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە.
ئاناس رەحمان جونەید، دامەزرێنەر و سەرۆکی توێژەرانی "هورون هیندستان".راگەیاند: "بەدەستهێنانی نازناوی ملیاردێر لەلایەن خانەوە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی پشکەکانییەوەیە لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی و یانە کریکیتییەکەی.
سەرچاوەکانی دیکەی داهاتی بریتین لە داهاتی فیلمەکان، ریکلامە بازرگانییەکان، هەروەها وەبەرهێنانی لە بواری خانووبەرەدا لە سەرانسەری جیهاندا.
بە بڕووای جونەید، بە چوونی شارۆخ خان بۆ نێو لیستی ملیاردێرەکان، رەنگدانەوەی گۆڕانی بزوێنەرەکانی گەشەی ئابووریی هیندستانە.
جوهی چاولا، کە لە چەندین فیلمدا لەگەڵ شارۆخ خان رۆڵی گێڕاوە، لەگەڵ هاوژینەکەی بە سامانی 880 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەمدایە. هریتیک رۆشان بە سامانی 260 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی سێیەم و دەرهێنەر کاران جۆهەر، بە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار و ئەمیتاب باچان بە نزیکەی 183 ملیۆن دۆلار لە لیستەکەدان.
بەپێی لیتستەکە، ژمارەی ملیاردێرەکانی هیندستان لە 2025 گەیشتووەتە زیاتر لە 350 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ