رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ ئەوەی ئۆکراینا لە قۆناخی جەنگدایە و رۆژانە رووبەڕووی هێرشی رووسیا دەبێتەوە، بەڵام هۆڵە شانۆکانی ئەو وڵاتە کراونەتەوە و پێشوازی بەرچاویان لێدەکرێت، بەم دواییە شانۆی نیشتمانیی لڤیڤ بۆ ئۆپێرا و بالێ دووبارە کرایەوە.
لە یەکەم نمایشی هونەریی هۆڵەکە لە شاری لڤیڤ، بینەر ئاوارەکانی ئەو وڵاتە بوون، بەشێکیان یەکەمجار بوو لە هۆڵێکی شانۆیی ئامادە دەبن، ئەوەی کە بەدوایدا دەگەڕان، کەمێک ئارامییە و دوورکەوتنەوەیە لە ترس و دڵەڕاوکێ.
سەرەتا بڕیاربوو تەنیا رێگە بە 300 بینەر بدرێت لە هۆڵەکە ئامادە بن، دواتر ئەو ژمارەیە بۆ 500، پاشان بۆ هەزار بینەر بەرزبووەوە.
ڤاسیل ڤۆڤکۆن، بەڕێوەبەری گشتی و هونەریی شانۆیی نیشتمانیی لڤیڤ رایگەیاند، هۆڵەکە هێزی بەخۆیدا بۆ کردنەوەی دەرگەکانی، لە کاتێکدا رۆژانە چەندین جار زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشەکان دەبیسترێن.
گوتیشی، لە دوای دووبارە کردنەوەی هۆڵەکە و نمایشکردنی یەکەم نمایشی بالێ، لە بەشی یەکەمدا زەنگی ئاگادارکردنەوە بیسترا، بەهۆیەوە روویان لە ژێرزەمین کرد، دواتر گەڕاونەتەوە هۆڵ و درێژە بە نمایشەکە دراوە.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بەشێکی زۆر لە کارمەندانی هۆڵەکە دەستبەرداری کارەکایان بوون و بەشێکیان بوون بە سەرباز.
ئۆپێرای لڤیڤ ئێستا تەنیا خاوەنی 10 فەرمانبەرە، دووانیان کۆچی دواییان کردووە، یەکێکیشیان لە شوباتی 2025ـەوە بێسەروشوێنە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگ، ئۆپیرای لڤیڤ 11 بەرهەمی نوێی پێشکێشکردووە، لەوانەش بەرهەمی ئۆپێرایی گەورە، نمایشی بالێ و کۆنسێرتی میوزیکی.
هەموو نمایشە هونەرییەکان بە سروودی نیشتمانیی ئۆکراینا دەستپێدەکات.
لەو رۆژانەی ئۆکراینا قوربانی زۆری لە شەڕدا دەبێت، نمایشە هونەرییەکان بە خولەکێک بێدەنگی دەستپێدەکات و رێز لە رۆحی قوربانییەکانیان دەگرن.
دەروونناسان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ژیانەوەی شانۆکان لە کاتی جەنگدا، توانای ئەوەی هەیە رووبەڕووی ئازارەکان ببێتەوە.
نمایشە هونەرییەکان لە ئۆکراینا پێشوازی بەرچاویان لێدەکرێت و نرخی بلیتەکان دوو یان سێ مانگ پێشتر دەفرۆشرێن.
نرخی ئامادەبوون لە نمایشێکی هونەری؛ دەگاتە چارەگ یاخود نیوەی مووچەی تاک لە ئۆکراینا، لەگەڵ ئەوەش، خەڵک لە شارێک بۆ شارێکی دیکە گەشت دەکەن بۆ ئامادەبوون لە نمایشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ