هونەرمەند قەرەنی جەمیل بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد

03-06-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەمێک پێش ئێستا هونەرمەند قەرەنی جەمیل، لە تەمەنی 71 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
 
باهۆز مستەفا، نووسەر و هاوڕێی شێوەکار قەرەنی جەمیل، بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، قەرەنی جەمیل لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دواییکرد.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قەرەنی جەمیل دوای تووشبوونی بە شێرپەنجەی سییەکان و جگەر، بۆ ماوەی شەش مانگ چارەسەری پزیشکی لە دهۆک و هەولێر وەرگرتووە و ئامادە نەبوو بۆ چارەسەری بچێتە دەرەوەی وڵات.
 
روونیشیکردەوە، قەرەنی جەمیل هاوڕێی 10 ساڵەیەتی و لە ماوەی داهاتوودا کتێبێکی هاوبەشیان بڵاودەکاتەوە کە گفتوگۆیەکە لە نێوان ئەو و هونەرمەندی کۆچکردوو، لەبارەی هونەری شێوەکاری و هونەر بە شێوەیەکی گشتی.
 
قەرەنی جەمیل، ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایکبووە، لە 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی لیتۆگرافی لە ئیسپانیا تەواوکردووە. 

 

یەکەمین پێشانگەی تایبەتیی خۆی لە 1977 لە هۆڵی قتابخانەی ئەیوبیەی هەولێر کردووەتەوە. بەشداریی لە دەیان پێشانگەی هاوبەشدا لە بەغدا، هەولێر، بارسێلۆنا، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن و چەند شارێکی دیکەی وڵاتانی جیهاندا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە