رووداو دیجیتاڵ
کە باسی زمانی کوردی دەکرێ، ناتوانی بیر لە میر جەلادەت بەدرخان نەکەیتەوە، ئەو پیاوەی لە کۆتاییەکانی سەتەی 19 لەدایکبوو و لە نیوەی یەکەمی سەتەی بیستەمدا، شۆڕشێکی رووناکبیریی بە زمانی پاراوی کوردی دەستپێکرد و گوتی: "کوردبوون بەبێ زمان، هیچ جێی شانازی نییە."
میر جەلادەت بەدرخان، لە ئیستەنبووڵ، پایتەختی ئەوکاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان لەدایکبووە، بەڵام دیپلۆمات، نووسەر، زمانەوان و سیاسەتڤانێکی کەموێنەیە لە مێژووی کورد دا.
میر جەلادەت، کوڕی ئەمین عالی کوڕی بەدرخان پاشایە، لە نیسانی 1893 لەدایکبووە، هەو لەو شارە خوێندی سەرەتایی و ناوەندی و دواتریش فێرگەی باڵای یاسای تەواوکردووە.
جەلادەت، دوای رووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەتی تورکیا (سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەمالیزم)، لەگەڵ باوکی و دوو برای دەچنە قاهیرە، بەڵام جەلادەت و کامەرانی برای لەوێ نامێننەوە و دەچنە ئەڵمانیا. دوای چەند ساڵێک، دەچێتەوە تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و تاوەکو کۆتاییهاتنی شۆڕشەکە دەمێنێتەوە.
سەرەتای شۆڕشی زمان و رۆشنبیریی کوردی
دوای شۆڕشەکەی پیران، جەلادەت بەدرخان دەچێتە سووریا و لەوێ دەست بە بووژاندنەوەی زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری کوردی دەکات.
لە 15ی ئایاری 1932، گۆڤاری (هاوار) دەردەکات، کە تاوەکو تەممووزی 1943 بەردەوام بوو. پێشتریش گۆڤاری (رۆناهی) دەرکردبوو، کە خۆی بەتەنیا نووسین، هەڵەچن و چاپەکەی گرتبووە ئەستۆ.
جگە لە کوردییە پاراوەکەی، هەشت زمانی زانیوە
میر جەلادەت، بە یەکێک لە پێشەنگەکانی زمانی کوردی (پیتی لاتینی) دادەنرێت، سەرەتا لەبەر هۆکاری سیاسی، بە ناوی خوازراو (نهێنی) بابەت و نووسراوەکانی بڵاو دەکردەوە.
ئەو جگە لە زمانی دایک، هەشت زمانی دیکەی بە باشی زانیوە (فارسی، تورکی، عەرەبی، یۆنانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی و رووسی).
"بەبێ زمان، كوردبوون بۆ ئێمە شانازی نییە بەڵكو رووڕەشییە"
جەلادەت بەدرخان، بە تووندی رەخنە لەو كوردانە دەگرێت كە زمانی دی دەزانن، وەلێ هێشتا بە چاكی پیتەكانی زمانی خۆیان نازانن، ئەو كوردایەتی بە زمانەوە گرێ دەدات و كوردبوونێكی بێ زمان نەك وەك شانازی، بەڵكو وەك بەختڕەشی و رووسیاییەكی مەزن دەبینێت.
دەڵێت: "بەبێ زمان، كوردبوون بۆ ئێمە شانازی نییە، بەڵكو رووڕەشییەكی قورسە، داخ و حەیف و هەزار مخابن، نەخاسمە بۆ ئەوانەی كە بە زمانانی دیكە دەزانن بخوێننەوە و بنووسن، بەڵام ئەلفبێی زمانی خۆیان نازانن. كوڕە عەیبە، شەرمە، داوەشانە، یان فێری خوێندن و نووسین بە زمانی خۆتان ببن، یان مەڵێن كوردین!"
میر جەلادەت بەدرخان لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری هاواردا نووسیویەتى: "زمانمان مێژوومانە، زمانمان کەرامەتمانە، کولتوورمان لە زمانماندا شاراوەیە، وەرن با بە زمانی خۆمان بدوێین، وەرن بە کوردی قسە بکەین، وەرن بە کوردی یەکتریمان خۆشبووێت، وەرن با زمانی کوردیمان خۆشبووێت."
جەلادەت بەدرخان ئەلفبای کوردی کردە پیتی لاتینی، سەرەتا توانی ئەلفبایەک دابنێ کە ژمارەی پیتەکانی 36 پیت بوون، پاشان ساڵی 1928 بۆ جاری دووەم دەستکاری تیادا کرد و ژمارەی پیتەکانی کردن بە 25 پیتی لاتینی، ئهمه بووه بنهما بۆ ئهلفبا لاتینییهكهى و ههر لهسهر ئهو بنەمایش گۆڤارى هاوارى بهپیتى لاتینى دهركرد.
بەدرخانییەکان منداڵی ساوایان دەخستە بەردەستی دایەنی کوردیزان"
مەحموود بەییک، نووسەر و لێکۆڵینڤانی کورد، لەبارەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان کە پێشتر بە (ئازیزی) ناسراوبوون، قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت: پێش ئەوەی بڵێین (بەدرخانییەکان) دەبێ بڵێین بنەماڵەی (ئازیزی)، کە لە ساڵی 1200ەوە هەبوون، لە ساڵی 1821 میر بەدرخان دێتە سەر تەختی میری، ئیدی لەوکاتەوە بە (بەدرخانییەکان) دەناسرێن. ئەو میرنشینە تاوەکو 1847 کە میر بەدرخان دەستگیر دەکرێت و لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بۆ ئیستەنبووڵ دوور دەخرێتەوە، میرنشینەکە بەردەوام دەبێت.
مەحموود بەییک دەشڵێت: "زۆر جار لەلایەن هێزی دەرەکییەوە هێرش کراوەتە سەر میرنشینی بۆتان، هێرشی ئاق قۆیلو، قەرە قۆینلو، سەفەوییەکان و دواتریش هێرشی عوسمانلییەکان."
بە گوتەی ئەو نووسەر و لێکۆڵینڤانە، "ئازیزییەکان (بەدرخانییەکان) منداڵە ساواکانیان دەخستە بەردەستی دایەن، ئەو ژنانەیان هەڵدەبژارد کە بە کوردییەکی پاراو قسە دەکەن، بۆ ئەوەی بەو زمانە بێخەوشە گۆش بکرێن."
پیتی لاتینی بۆ رێنووسی کوردی
میر جەلادەت بەدرخان بەوە بەناوبانگە كە (ئەلفبای كوردی) بە پیتی لاتینی داناوە. سەعید ڤەرۆژ، نووسەر و مێژووناس بە رووداوی گوت، ساڵی 1919 پیتی لاتینی بۆ رێنووسی کوردی پێشنیاز دەکرێت و سیاسەتمەدار و هۆزانڤان عەبدوڵلا جەودەت (1869-1932) پشتگیریی ئەم پێشنیازە دەکات. دواتر گەنگەشەی ئەو پرسە دەکرێت و میر جەلادەت زۆر بە رژدی جێبەجێی دەکات.
میر جەلادەت، سەرەتا توانی ئەلفبایەك دادەنێت، كە ژمارەی پیتەكانی (36) پیت بوون، پاشان لە ساڵی 1924 كە لە ئەڵمانیا بوو بەو ئەلفبایەدا چووەوە و دەستكارییەكی كرد و ژمارەی پیتەكانی كردن بە 24 پیت، تاوەکو لە ساڵی 1928 بۆ جاری دووەم دەستكاری كرد و ژمارەی پیتەكانی كردن بە 25 پیتی لاتینی. ئەم ئەلفبایە بووە بنەما بۆ ئەو ئەلفبایەی كە لە 1932 دا لاپەڕەكانی گۆڤاری ھاوار بڵاویكردەوە.
پاش 14 ساڵ لە توێژینەوەی زمانەوانیی، ئەلفابێی کوردی ئێستای کرمانجی کە بە ئەلفوبێی لاتینی یان ئەلفوبێی هاوار ناسراوە، دامەزراند و زمانی کوردی هێنایە قۆناخێکی نوێوە.
دامەزراندنی بزووتنەوەی خۆییبوون
سەعید ڤەرۆژ، نووسەر و مێژووناس، لەبارەی جموجۆڵە سیاسییە نەتەوەییەکانی جەلادەت بەدرخانەوە دەڵێت: لە ئەڵمانیا، میر جەلادەت بەشی ماف دەخوێنێت و هەر لەوێش لەگەڵ براکانی (بزووتنەوەی خوییبوون) دادەمەزرێنن و دواتر کۆنگرە دەبەستن و جەلادەت وەکو سەرۆک هەڵدەبژێردرێت.
سینەم بەدرخان، کە ئێستا تەمەنی نزیک بووەتەوە لە نۆ دەیە، کچی جەلادەت بەدرخانە. ئەویش قسەی بۆ رووداو کرد و دەڵێت: "زۆر کورد چوونە نێو ریزەکانی بزووتنەوەی خۆییبوون، زۆر لەوانە کەسانی ناسراو بوون، بەتیابەت لە شام و جزیر، وەکو ماڵباتی جەمیل پاشا، ماڵباتی حاجۆ، ماڵباتی نایف پاشا، ماڵباتی عەلی ئاغا زولفۆ و ماڵباتی حاجی عەبدولکەریم."
دەڵێت: کاتێک باوکم چوو بۆ شام، لە ماڵی عەلی ئاغای زولفۆ مایەوە، هەر لەو کاتانەش کۆمەڵەی خۆییبوونیان دامەزراند کە سەرەتای راگەیاندنەکەی لە لوبنان بوو، کە ئەوکات سنوور لەنێوان سووریا و لوبنان دا نەبوو.
کتێب و وتارەکانی بەدرخان
میر جەلادەت، زیاتر لە 20 بەرهەمی هەیە و یەکەم کەس بووە کە کتێبێکی لەسەر رێزمانی کوردی (کرمانجی) نووسیوە، فەرھەنگێکی بەکوردی و یەکێکی دیکەی کوردی – فەرەنسی ھەیە.
بەشێک لە بەرهەمەکانی
-ئەلفابێی کوردی
-رێزمانی کوردی (کرمانجی)
-فەرهەنگی کوردی (کرمانجی)
-فێرکاری ئەلفابێی کوردی
-سەیرکردنێک لە ئەلفابێ
-پێشەکی بۆ تازە لەدایک بوون
-پێشەکییەک بۆ نوێژی کوردە ئێزدییەکان
-نامەیەک بۆ مستەفا کەمال پاشا
ساڵانی کۆتایی تەمەنی جەلادەت
میر جەلادەت ساڵی 1950 لە گوندی (حاجانێ)ی نزیک دیمەشق، بۆ بژێوى ژیانى کشتوکاڵی کردووە. هەرچەند بهپێى سهرچاوهكان زۆر لەبرادەرانی دەوڵەمەند بوون و ویستوویانە هاوکاری بکەن، بەڵام ئهو قبووڵی نەکردووه.
میر جەلادەت لە 15 ی مانگی تهمووزى ساڵی 1951 لە گوندی (حاجانێ) كۆچى دوایى كرد، لە تەنیشت باپیری (میر بەدرخان) لە گۆڕستانی مەولانا خالید نەقشبەندی لە شام لە گەڕەکی کوردان بەخاکسپێردراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ