رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان سەفقان ئۆرکێش بەرهەمێکی تازە بە ناوی "ئەمێ ڤەگەڕین" بڵاودەکاتەوە.
هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، گوتی، پەیامی ئەو لەم گۆرانییە "هاندانە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین، گەڕانەوەیەکی ئاسوودە و بەڕێزەوە، هەروەها بەشێکی گۆرانییەکە بۆ گیانی هونەرمەندی عەفرینی جوان حەسەنە."
ئاواز و هونەراوەی "ئێمە دەگەڕێینەوە" لە لایەن هونەرمەند سەفقان ئۆرکێشەوە دانراون و زەکەریا عەفرینی کاری دەرهێنەری بۆ کلیپەکەی کردووە.
هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش دەڵێت: "بەشێک لە هۆنراوەی گۆرانییەکە لە ساڵی 2017ـەوە لەلایەن شاعیرێکی خەڵکی عەفرینەوە بۆ من نێردرا و ئێستا منیش چەند وشەیەکی تازەی دیکەم خستە سەر هۆنراوەکە و کردم بە گۆرانی."
سەفقان ئۆرکێش هەروەها گوتی، کلیپەکە لەنێو باخێکی زەیتوون لە ناوچەی جەزیرەی رۆژئاوای کوردستان ڤیدیۆکراوە و ئاشکرای کرد کە ئەو دەیەوێت لە ماوەیەکی نزیکدا بچێتە عەفرین و کۆنسێرت لەو شارە کوردییە ساز بکات.
سەفقان ئۆرکێش ناوی تەواوی محەممەد رەمەزان حەسەنە، لە 1976 لە عامودای رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە منداڵییەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لە پارچە تەنەکە و دار ئامێری سازی دروستکردووە و میوزیکی ژەنیوە.
لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئاگری گۆرانی گوتووە، بەرهەمەکانی لەسەر کاسێت تۆمار و بڵاوکراوەنەتەوە، ئەو کات یەکەم منداڵ بووە لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، دواتر لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئۆرکێش کاری کردووە.
ئۆرکێش، خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانی و چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپیە، جگە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، کۆنسێرت و ئاهەنگی لە رووسیا، ئیمارات و قەتەر گێڕاوە.
جگە لە گۆرانیگوتن، توانای ژەنینی چەندین ئامێری میوزیکی هەیە و بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی لە نووسین و ئاوازی خۆیەتی.
سەفقان ئۆرکێش، لە قامشلۆ دەژی و پێشتر رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە هەر دۆخێکدا بێت، ئامادە نییە جێبیهێڵێت و لە کوردستان دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ