رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، خەڵاتی "سۆزی کامپاری بۆ فیلم" بە گاس ڤێن سێنت، دەرهێنەری ئەمریکی دەبەخشرێت.
خەڵاتەکە رێزلێنانە لە حەز و سۆزی داهێنەرانەی ڤێن سێنت و توانای لە ئاوێتەکردنی دیدگەی هونەریی بوێرانە و پەیوەندیی زیندووی لەگەڵ بینەراندا. ئەمەش بە تەواوی لەگەڵ ئەو ئامانجانەدا دێتەوە کە خەڵاتەکە حەوت ساڵ لەمەوبەر لە ڤێنیس راگەیێندرا.
خەڵاتەکە وەک مەدالیایەکی رێزلێنان بۆ کۆتایی لە کاروانێکی هونەریدا دیزاین نەکراوە، بەڵکو دانپێدانانە بە دینامیکییەتی حەزی هونەری و توانای داهێنەران بۆ گۆڕینی دیدگەی فیلمسازان بۆ وزەیەکی درەوشاوە لەنێو فیلمدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ئەمساڵ گاس ڤێن سێنت هەڵبژێردراوە.
رۆژی سێشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، خەڵاتەکە لە کۆشکی سینەما پێشکێش دەکرێت، ئەمەش پێش یەکەم پێشاندانی جیهانیی فیلمە نوێیەکەی ئەو دەرهێنەرە بە ناوی "Dead Man’s Wire" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەیە و ماوەکەی 105 خولەکە.
گاس ڤێن سێنت سوپاسگوزاریی خۆی بۆ "ئەم ئاوڕلێدانەوەیە" دەربڕی و رایگەیاند: "ئەمە مانایەکی زۆری بۆ من هەیە، نەک تەنیا لەبەر دانپێدانان بە کارەکانم، بەڵکو لەبەر ئەو پاڵپشتییەی لەلایەن یەکێک لە دێرینترین دامەزراوە سینەماییەکانی جیهانەوە پێشکێشی دەکرێت."
ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەکە، دەرهێنەرە خەڵاتکراوەکەی بە "یەکێک لە دەنگە هەرە تایبەتەکانی دیمەنی سینەمای هاوچەرخ" دەناسێنێت، چونکە "توانای هەیە لە نێوان رەوتێکی سەربەخۆی پتەو و کراوەییەکی دەگمەن بەرامبەر بە بینەردا هاوسەنگی رابگرێت".
باربێرا جەختی کردەوە کە "ڤێن سێنت دوای 40 ساڵ لە یەکەم فیلمی، هێشتا هونەرمەندێکی پڕشنگدارە و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە" و بەڵگەکەش فیلمە نوێ و نایابەکەیەتی بە ناوی "Dead Man’s Wire".
.jpg)
گاس ڤێن سێنت وەک یەکێک لە هێما دیارەکانی سینەمای سەربەخۆی ئەمریکی لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەناسرێت. کارەکانی بە تیشک خستنە سەر کارەکتەرە پەراوێزخراو و دوورخراوەکان و هەرزەکارە ونبووەکان ناسراوە، هەروەها تیشک دەخاتە سەر تەنیایی لە شار و نامۆبوونی کۆمەڵایەتی بە شێوازێکی بینراوی تێکەڵ لە تاقیکردنەوە، هاوسۆزی و سادەیی لە گێڕانەوەدا.
.jpg)
ئەو دەرهێنەرە جیهانییە لە 1985 هاتە نێو دنیای فیلمسازی و کاری دەرهێنانی بۆ یەکەم فیلمی بەناوی "Mala Noche" کرد، بەڵام ناوبانگێکی بەرفراوانی بە فیلمی "Drugstore Cowboy" لە 1989 دەستیپێکرد.
فیلمی "My Own Private Idaho" لە 1991 ناساندنێکی جیهانیی بە ڤێن سێنت دا و لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس پێشاندرا.
.jpg)
ئەو فیلمسازە ئەمریکییە لە 1997 فیلمی "Good Will Hunting"ـی بەرهەمهێنا و دوو خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا، ئەویش باشترین ئەکتەری پاڵپشت بۆ رۆبن ویلیامز و باشترین سیناریۆی رەسەن بۆ مات دەیمن و بێن ئافلێک. لە 2003 خەڵاتی چڵە خورمای زێڕین و خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە رێگەی فیلمی "Elephant" بەدەستهێنا.
دەرهێنەر ساڵی 2008 بە یەکێک لە دیارترین فیلمە سیاسییەکانی گەڕایەوە، ئەویش فیلمی "Milk" بوو، ناوەڕۆکی باس لە ژیانی چالاکوانی مافە مەدەنییەکان هارڤی میڵک دەکات. فیلمەکە دوو خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە، باشترین ئەکتەری سەرەکی بۆ شۆن پێن و باشترین سیناریۆی رەسەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ