ریدلی سکۆت: 20 ملیۆن دۆلارم بۆ دەرهێنانی (Terminator 3) رەتکردەوە

03-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ریدلی سکۆت Terminator
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ریدلی سکۆت، دەرهێنەری ناسراوی بەریتانی، ئاشکرای کرد، 20 ملیۆن دۆلاری بۆ دەرهێنانی بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی(Terminator)  لە 2003 رەتکردووەتەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کارەکە لەگەڵ شێوازی هونەری ئەودا نەدەگونجا.
 
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی زە گاردیان، سکۆت (87 ساڵ) گوتی: "شانازی بەمەوە دەکەم.. کرێیەکی 20 ملیۆن دۆلاریم رەتکردەوە.. هاوڕێ، من بۆ کڕین نیم."
 
بە گاڵتەوە گوتیشی: "پێم گوتن: من ئەوەم دەوێت کە ئارنۆڵد شوارزنێگەر وەریگرت. کاتێک گوتیان بەڵێ، منیش گوتم: بە نەفرەت بێ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەم فیلمە لەگەڵ مندا نەدەگونجا."
 
سکۆت روونیکردەوە: "فیلمەکە لە جۆری من نییە.. وەک دەرهێنانی فیلمێکی جەیمس بۆند وایە، تێیدا ناوەڕۆکەکەی خۆشی و گاڵتەئامێزی هەیە، بەڵام تێرمینەیتەر تەنیا چیرۆکێکی وێنەییە، منیش هەوڵم دەدا بیکەمە شتێکی ریاللیتی، هەر بۆیەش هەرگیز دەرفەتی دەرهێنانی فیلمی بۆندم پێنەدرا، چونکە لەوانەیە تێکیبدەم."
 
(Terminator 3: Rise of the Machines) یەکەم فیلم بوو لە زنجیرەکەدا کە بەبێ بەشداریی جەیمس کامیرۆن، داهێنەری زنجیرەکە، بەرهەمهێنرا. ناوی سکۆت، لەگەڵ رۆلاند ئێمێریچ و دەیڤد فینچەر، وەک بەربژێر بۆ دەرهێنانی فیلمەکە هاتە ئاراوە، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا جۆناسان مۆستۆ بۆ دەرهێنانی کارەکە هەڵبژێردرێت.
 
لەو ماوەیەدا، ریدلی سکۆت سەرقاڵی فیلمی جەنگی (Black Hawk Down) بوو کە لە 2001 پێشاندرا و دوو خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا.
 
لەو کاتەوە، سکۆت بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی زنجیرە فیلمەکانی، وەک (Alien) لە رێگەی (Prometheus) لە 2012 و (Alien: Covenant) لە 2017، هەروەها بەرهەمهێنانی (Blade Runner 2049)ـی لە ئەستۆ گرتووە.
ئەو دەرهێنەرە جیهانییە ئەمساڵ بە فیلمی چاوەڕوانکراوی (Gladiator II) گەڕاوەتەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کار لەسەر بەشی سێیەمی زنجیرەکە دەکرێت. بڕیارە پرۆژەی داهاتووی بە ناوی (The Dog Stars) لە 27ـی ئاداری 2026 نمایش بکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە