رووداو دیجیتاڵ
بۆکس ئۆفیسی سینەماکان لە کۆتایی هەفتەی هالۆویندا تووشی شکستێکی گەورە هات و نزمترین داهاتی لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا تۆمارکرد.
فیلمی (Regretting You) بە کۆکردنەوەی 8.1 ملیۆن دۆلار، ریزبەندی یەکەمی گرت، لەکاتێکدا کۆی داهاتی گشتیی سینەماکان لەو کۆتایی هەفتەیەدا تەنیا 49.8 ملیۆن دۆلار بوو.
بەگوێرەی شرۆڤەکارانی کۆمپانیای (کۆمسکۆر)، ئەمە خراپترین داهاتی کۆتایی هەفتەی هالۆوینە لە 1993ـیەوە، بەبێ هەژمارکردنی ساڵی 2020 کە بەهۆی پەتای (کۆڤید-19) سینەماکان داخرابوون.
شارەزایان چەند هۆکارێک بۆ ئەم داکشانە دیاری دەکەن، لەوانە: نەبوونی فیلمێکی بازرگانیی بەهێز: بە پێچەوانەی ساڵی 2024 فیلمێکی وەک (Venom: The Last Dance) پێشاندرا، ئەمساڵ هیچ فیلمێکی گەورە و چاوەڕوانکراو لە سینەماکاندا نەبوو.
بەرکەوتنی هالۆوین لەگەڵ رۆژی هەینی، ئەمەش وایکرد کە زۆر کەس، بەتایبەتی ئامانجی سەرەکیی فیلمی (Regretting You) کە کچانی گەنج بوون، سەرقاڵی چالاکییەکانی هاڵۆوین بن.
بەڕێوەچوونی یارییەکانی کۆتایی زنجیرەی جیهانیی بەیسبۆڵ، سەرنجی بەشێکی زۆری خەڵکی لە سینەماکان دوورخستەوە.

(Black Phone 2) بە کۆکردنەوەی 8 ملیۆن دۆلار، ریزبەندی دووەمی گرت، کۆی داهاتی ناوخۆیی گەیشتە 61.5 ملیۆن دۆلار و لەسەر ئاستی جیهان 104 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند.

فیلمی ئەنیمەی ژاپۆنی (Chainsaw Man – The Movie: Reze Arc)، بە کۆکردنەوەی 6 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی سێیەمدا کۆی داهاتی جیهانیی گەیشتە 139 ملیۆن دۆلار.

(Bugonia) فیلمی نوێی دەرهێنەر یۆرگۆس لانسیمۆس بە بەشداریی ئەستێرە ئێما ستۆن، 4.8 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە و لە ریزبەندی چوارەمدا هات.
فیلمی (Back to the Future) لە یادی 40 ساڵەی نمایشکردنیدا، ئەم فیلمە کلاسیکە دووبارە لە سینەما پێشاندرایەوە و بە کۆکردنەوەی 4.7 ملیۆن دۆلار ریزبەندی پێنجەمی گرت.

هەروەها چەندین فیلمی دیکە وەک (Twilight) و (Rocky Picture Horror Show) بەبۆنەی هالۆوینەوە دووبارە نمایشکرانەوە. ئەم داکشانە لە داهاتی سینەماکاندا دوای خراپترین مانگی تشرینی یەکەم دێت لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا، کە نیگەرانیی زۆری لەناو پیشەسازیی فیلمدا دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ