رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی، کۆنسێرتێکی تایبەت بە ئامێری پیانۆ بەڕێوەچوو؛ تێیدا 10 پیانۆژەن بەشداربوون و چەندین بەرهەمی کلاسیکیی جیهانییان پێشکێشکرد.
کۆنسێرتەکە لەلایەن ئەژی ئەکرەم، مامۆستای پیانۆوە سەرپەرشتی کراوە و ژمارەیەک لە خوێندکارە بە ئەزموونەکانی بەشدارییان تێدا کرد.
هۆناس جەمال، یەکێک لە ژەنیارە بەشداربووەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەمە سێیەمین کۆنسێرتە کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لەگەڵ مامۆستاکەی بەشداری دەکات.
لەبارەی ئەو پارچە میوزیکەی ژەنیویەتی، گوتی: "ئەمساڵ بە پارچە میوزیکێکی شۆپان بەشداریم کردووە؛ ئەم پارچەیە کاتی خۆی شۆپان بۆ پرسە نووسیویەتی، تەنانەت لە هەندێک لە پرسەی کەسە بەناوبانگەکان، وەک هیتلەر ئەم پارچەیە بەکارهێنراوە".
نیڤین، ژەنیارێکی تەمەن 17 ساڵە و یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی کۆنسێرتەکە. ئەو دەڵێت: "کێشە نییە شوێنەکە کوێ بێت، هونەر لە خودی کەسەکەدایە".
ئاماژەی بەوەش کرد، بەنیازە لە داهاتوودا پیشە و بوارەکەی خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام وەک شتێکی لاوەکی لەگەڵ کارەکەیدا هەر لە پیانۆژەنین بەردەوام بێت.
لە کۆنسێرتەکەدا جگە لە خەڵکی شارەکە، ژەنیارێکی عەرەبیش بەشداربوو. تەیمور فوئاد، ژەنیارێکی پیانۆیە و خەڵکی بەسرەیە، بەڵام لە سلێمانی دەژی و بە رووداوی گوت: "خەڵکی بەسرەم و دانیشتووی سلێمانیم، چونکە سلێمانی پاڵپشتی لە هونەر و بەهرە و پیانۆ دەکات، بۆیە هاتم بۆ ئێرە و بەر لە چەند مانگێک لەلای مامۆستا ئەژی دەستم بە فێربوونی پیانۆ کرد و دۆخەکە نایابە".
لای خۆیەوە ئەژی ئەکرەم، مامۆستای پیانۆ و سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە ئامانجی چالاکییەکەی روونکردەوە و گوتی: "کۆنسێرتەکە تایبەتە بە 10 لە خوێندکارەکانم؛ ئەمانە هەموویان کۆمەڵە پیانۆژەنێکی بە ئەزموونن و پێشتر چەندین کۆنسێرتی گەورەیان ئەنجام داوە، بۆیە ئەمڕۆ هەستام بە کۆکردنەوەی 10 لە باشترین خوێندکارەکانم بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کۆنسێرتە ئەنجام بدەین".
کۆنسێرتەکە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ