فیلمێک لەبارەی دایکانی شەممە لە هەولێر پێشاندەدرێت

04-02-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی 'In The Blind Spot' لە دەرهێنانی ئایشە پۆلات، دەرهێنەری باکووری کوردستان، پێشاندانێکی تایبەتی لە هەولێر بۆ دەکرێت و بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادەی پێشاندانەکە دەبێت.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە کاژێر 7:00ـی ئێوارەی چوارشەممە 7ـی شوباتی 2024 لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق لە سینەما ئێمپایەر پێشانبدرێت، پێشتر ئەو رێکخراوە چەند فیلمێکی دیکەی کوردی لە هەولێر پێشانداوە.
 
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە و لە 19ـی شوباتی 2023 لە بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس'ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین پێشاندرا.
 
'In The Blind Spot' لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئازیز چاپکورت، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
 
ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە قەرس و بازیدی باکووری کوردستان وێنەگیراوە، کۆمپانیای 'میتۆس فیلم' بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای 'ئارت هوود ئینتەرتەیمنت'ـە.
 
دایکانی شەممە نزیکەی چوار دەیەیە لە پارێزگا جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا چالاکی دەکەن و داوادەکەن چارەنووسی کەسوکاری نادیاریان ئاشکرا بکرێت و بکوژان سزا بدرێن. 
 
تەنیا لە ئامەدی باکووری کوردستان 110 کەس بێسەروشوێنن؛ هەروەها نزیکەی دوو هەزار کوژراو هەن کە دیار نییە کێ بکوژیانە. 
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 1980ـەوە نزیکەی حەوت هەزار کوژراوی بکوژنادیار لە تۆمارەکاندا هەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە