زەهاوی سنجاوی دەبێتە ئەندامی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی بوداپێست

04-02-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی بوداپێست زەهاوی سنجاوی منداڵیی عیماد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زەهاوی سنجاوی، فیلمسازی کورد، وەک ئەندامی لیژنەی دادوەری، هەڵسەنگاندنی بۆ فیلمەکانی 11ـەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی بوداپێست لە هەنگاریا کرد، هەروەها چوار پێشاندان بۆ بەڵگەفیلمەکەی "منداڵیی عیماد" کرا.
 
زەهاوی سنجاوی، بە رووداوی راگەیاند، لە 2023 بەڵگەفیلمی "منداڵیی عیماد" لە فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی بوداپێست خەڵاتکرا، ئەمساڵ جگە لەوەی وەک ئەندامی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکە دیاریکرا، چوار پێشاندان بۆ فیلمەکەی کرا و تەواوی بلیتی چوار پێشاندانەکە فرۆشران. گوتیشی، پێشوازیی کەم وێنەی بینەران لە فیلمەکانی فێستیڤاڵ، جێگەی سەرسوڕمانە و نیشانەی ستراتیژیەتی سەرکەوتووی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکەیە.
 
روونیشیکردەوە، دامەزرێنەرانی فێستیڤاڵەکە خۆیان فیلمسازن و لە ماوەی 11 ساڵدا بووەتە رووداوێکی گرنگی هونەری لە هەنگاریا، بینەرێکی یەکجار گەورەی کۆکردووەتەوە، بە تایبەت لە نێۆ زانکۆ و قوتابخانەکاندا. 
 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی بوداپێست، بە گرنگترین فێستیڤاڵی فیلم لە هەنگاریا دەناسرێت، چالاکییەکانی ئەمساڵی لە 25ـی کانوونی دووەم تاوەکو 2ـی شوباتی 2025 لە بوداپێستی هەنگاریا بەڕێوەچوو و خەڵاتی لە شەش بەشدا پێشکێشکرد.
 
سنجاوی ئەوەشی خستەڕوو، تەواوی بەڵگەفیلمە هەڵبژێردراوەکانی فێستیڤاڵ کە ئاستی هونەریی بەرزیان هەبوو، مەرجی سەرەکی هەڵبژاردنیان، ناوەڕۆکیان بوو، دەبوو لەبارەی جەنگ و رووداوە سەختەکانی ئێستای جیهان بن.
 

روونیشیکردەوە، فێستیڤاڵەکە شوێنی گردبوونەوەی ئەو فیلمسازانەیە کە هەڵوێستیان بەرامبەر گرفت و کێشەکانی گۆمەڵگەکانیان هەیە، بۆیە بە بینینی فیلمەکان و گفتوگۆ لەگەڵ بەرهەمهێنەرەکانیان، روانگەیەکی روونتر لەبارەی کێشە و گرفتەکانی ئەم سەردەمەی وڵاتان بەرچاو دەخرێن. 
 

ئەمساڵ 70 فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوون و لە 12 شار و شارۆچکەی هەنگاریا پێشاندران.
 
زەهاوی سنجاوی، لە هەولێر لە دایکبووە، لە 1975ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەیان پەنابەری ئێران بووە، لەو وڵاتە خوێندنی لە قوتابخانە تەواوکردوە، دوای نزیکەی سێ ساڵ پێشمەرگایەتی چووەتە رووسیا بۆ خوێندنی سینەما، هەشت ساڵ لە بواری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان خوێندوویەتی، 27 ساڵە وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە بواری سینەمادا کار دەکات، خاوەنی کۆمەڵێک کورتەفیلم و فیلمی درێژی درامایی و بەڵگەییە، لەوانە "سنوور"، "دایکانی من" به هاوبەشیی لەگەڵ ئیبراهیم سەعیدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، "گەڕانەوە"، "گەڕان بە دوای باوک"، "منداڵیی عیماد" و "پێکەوە ژیان" چەند بەرهەمێکی دیکە. دامەزرێنەری ناوەندی سینەمای هەولێرە لە 2024.
 

بەڵگەفیلمی "منداڵیی عیماد" بە هاوبەشی چەند لایەن و کەناڵێکی ئەوروپا و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهاتووە، لە ماوەی 13 مانگ وێنەی گیراوە.
 
چیرۆکی ئەم بەرهەمە باس لە کوڕێکی پێنج ساڵانی کوردی ئێزدی بە ناوی عیماد دەکات کە دوو ساڵ و نیو لە گەڵ ماڵباتەکەی لای داعش دیل بووە، دوای ئازادبوونی بە هۆی کاریگەریی بیر و پەروەردەی داعش ناتوانێ ژیانێکی ئاسایی منداڵانەی هەبێت و حەز و مەیلی نواندنی تووندوتیژیی بەرامبەر کەس و کار و دەورووبەری هەیە. هەوڵی پەروەردەکردنەوە و ئاساییکردنەوە بارودۆخی دەروونی عیماد پڕۆسەیەکی سەخت و درێژخایەنە کە لە لایەن داپیر و پزیشکێکی دەروونناس بەڕێوە دەچێت. 
 
بینەر بە درێژایی فیلمەکە لە دڵەڕاوکەیێکی بەردەوام دایە کە ئایا ئەم هەوڵانەی کەسانی دڵسۆزی عیماد بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی منداڵیی عیماد سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟
 
ئەم بەرهەمە ماوەکەی 78 خولەکە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییە، لە 2016 تاوەکو 2017 وێنەگیراوە، دەرهێنەری فیلم بۆ ماوەی یەکە ساڵ بە بەردەوام سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلم بووە و پۆست برۆدەکشنەکەی ماوەی سێ ساڵی خایاندووە.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەیتی پێری و جەستن ترودۆ، لە وێنەیەکی پاییزیدا لە ژاپۆن

کەیتی پێری بە فەرمی پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ جەستن ترودۆ راگەیاند

دوای چەندین مانگ لە دەنگۆ و قسەوباس، کەیتی پێری، ئەستێرەی جیهانیی پۆپ، بە فەرمی پەیوەندیی سۆزداریی خۆی لەگەڵ جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کەنەدا راگەیاند.