سینەمای ئەڵمانیا و فەرەنسا دەبنە میوانی هەولێر

20-09-2025
ڤەژین موراد
دوو ئامادەبووی هەفتەی فیلمی فەرەنسی-ئەڵمانی
دوو ئامادەبووی هەفتەی فیلمی فەرەنسی-ئەڵمانی
نیشانەکردن زەهاوی سنجاوی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی فیلمی فەرەنسی-ئەڵمانی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، تێیدا بەڵگەفیلمی "منداڵیی عیماد" کە باس لە چیرۆکی منداڵێکی رزگاربووی دەستی داعش دەکات و تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە، وەک تاکە فیلمی کوردی پێشاندەدرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025 لە سینەما هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ، هەفتە نمایشەکە لەلایەن پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر و پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانییەوە سازکرا و تاوەکو 25ـی مانگ بەردەوام دەبێت، تێیدا فیلمی فەرەنسی، ئەڵمانی و یەک بەڵگەفیلمی کوردی پێشان دەدرێن.
 
زەهاوی سنجاوی، بەرپرسی ناوەندی سینەمای هەولێر و دەرهێنەری بەڵگەفیلمی (منداڵیی عیماد)، بە رووداوی گوت: "منداڵی عیماد باس لە منداڵێکی ئێزدی دەکات بە ناوی عیماد کە ئەو کاتەی من بینیم، تازە لە دەستی داعش ئازاد کرابوو، تەمەنی پێنج ساڵ بوو. ئەو رێک دوو ساڵ و نیوەی تەمەنی لە دەستی داعش بوو و پەروەردە کرابوو بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ کەمپێک بۆ فێرکردنی شەڕ و گۆڕینی مێشک و کارکردن لەسەر رۆح و جەستەی ئەو منداڵانە، بۆ ئەوەی کە دواتر بیانکەن بە شەڕکەری ئیسلامی خۆیان لە دەوڵەتەکەیان".
 
گوتیشی: "خۆشبەختانە عیماد لەگەڵ دایکی و براکەی ئازاد بوو، بەڵام بەداخەوە باوکی شەهید ببوو. من کە بینیم هەستم کرد رەفتاری ئەم منداڵە تەواو نییە. ساڵی 2016 ماوەی 13 مانگ لەگەڵیان مامەوە لە یەکێک لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک، لەوێ ئەم فیلمە بەرهەمی 13 مانگ چاودێریکردن و وێنەگرتنی رەفتار و شێوازی ژیانی عیمادە کە بە تەواوەتی گۆڕدرابوو، دوای گەڕانەوەش هەر مەیلی ئەوەی هەبوو شەڕ بکا، مەیلی ئەوەی هەبوو توندوتیژی بنوێنێت، تەنیا لەگەڵ کەسوکاری خۆی، بەڵام ئەوەی من لە ماوەی ئەو 13 مانگەدا بەدیم کرد، هەوڵ و تەقەلای خێزان و دایک و دەوروبەر و کۆمەڵگەی ئێزدی و چەند رێکخراوێکی بیانی بوون کە هەوڵیاندا عیماد بگەڕێننەوە سەر بارودۆخی منداڵیی خۆی".
 
روونیشیکردەوە: "لە 2016 و 17 تا سەرەتای 2018 لەگەڵیان بووم. خۆشبەختانە ناوەڕاستی 2018 لەلایەن رێکخراوێکی کەنەدی مافی مانەوەیان لە کەنەدا پێدرا و چوو بۆ کەنەدا. ئێستا لەوێ لەژێر چاودێریی پڕۆفیشناڵدایە، یارمەتی دەدرێ، دەچێ بۆ قوتابخانە و بارودۆخی زۆر باشترە لەوەی لە فیلمەکەدا دەیبینین".
 
فیلمی ئەڵمانی و فەرەنسی؛ لە پرسی بیانییەکانەوە تا ژیانی ڤیکتۆر هۆگۆ
تۆماس لی، کارمەند لە پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، بە رووداوی گوت: "ئێمە دوو فیلمی ئەڵمانیمان هەڵبژاردووە، یەکێکیان باس لە تیروانینی بیانییەکان دەکات لە ئەڵمانیا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا. ئەوی دیکەیان فیلمێکی کۆمیدییە لەبارەی یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا دوای ساڵی 1990".
 
فرێدریک تارید، لە پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر، رایگەیاند: "بۆ ئێمەی کۆمەڵگەی فەرەنسی لە هەولێر، زۆر گرنگە کە بینەری فیلمی ئەڵمانی و کوردی بین. یەکێک لە فیلمەکانمان لەبارەی ژیانی کچەکەی ڤیکتۆر هۆگۆیە".
 
رۆژانە کاژێر 7:00ـی ئێوارە فیلمەکان لە سینەما هەولێر پێشاندەدرێن و بینەران دەتوانن بە خۆڕایی ئامادەبن، بەڵام پێویستە پێشتر ناوی خۆیان بۆ بینینی هەر فیلمێک تۆمار بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە فیلمی (One Battle After Another)

رەخنەگرانی لۆس ئەنجڵس باشترینەکانی ساڵیان دیاریکرد

کۆمەڵەی رەخنەگرانی فیلمی لۆس ئەنجڵس (LAFCA) براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵیان بۆ باشترین فیلم و دەرهێنان و نواندن راگەیاند؛ فیلمی (One Battle After Another) وەک باشترین فیلمی ساڵ دەستنیشانکرا.