رووداو دیجیتاڵ
نووسەرێکی کورد کە لە بەریتانیا دەژی، بەرگی چوارەمی کتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد"ـی وەرگێڕاوە بۆ ئینگلیزی و دەڵێت، دەیەوێت خەڵکی جیهان لە خەبات و قوربانیدانی کورد لە رابردوودا ئاگادار بن.
داڤان یەحیا خەلیل، وەرگێڕی کتێبەکەی سەرۆک بارزانییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کتێبەکەی سەرۆک بارزانی کە بەرگی چوارەمە، لە دوو بەشی بەهێز پێکهاتووە، لەسەر راسپاردەی بارەگای بارزانی ئەو دەرفەتەیان پێداوم کتێبەکە بکەمە زمانی ئینگلیزی و بڵاوی بکەمەوە بۆ خوێنەرانی دەرەوەی کوردستان".
بەرگی چوارەمی کتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد" باس لە رووداوەکانی کوردستان و شۆڕش و خەباتی گەلی کورد دەکات لە نێوان ساڵانی 1975 بۆ 1990.
لە کتێبەکەدا سەرۆک بارزانی ئەو سەردەمەی بە سەردەمێکی تاریک پێناسە کردووە و باسی خەباتی سەختی پێشمەرگەی لەو ساڵانەدا کردووە. داڤان خەلیل دەڵێت: "کە کتێبەکە دەخوێنینەوە و لەو خەبات و سەختییەی ئەو ساڵانە دەڕوانین تێدەگەین، کە هەرێمی کوردستان بە خوێن و قوربانییەکی زۆر دروستبووە".
بەرگی چوارەمی کتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد" بە ئینگلیزی ئێستا لە بەردەستدایە و وەرگێڕەکەی دەڵێت: "کتێبەکە لەلایەن ئەمازۆن و ئینگرام سپارکەوە بە فەرمی سپۆنسەریان کردووە و ئێستا لە هەموو جیهان بەردەستە، چ کۆپی کتێبەکە بێت یان بە پی دی ئێف".
بە گوتەی داڤان یەحیا، زۆربەی زانکۆکانی جیهان "پێویستیان بە کتێبەکە دەبێت" بۆ ئەو خوێندکارانەی لێکۆڵینەوە لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و دەیانەوێت لەو بوارەدا بڕوانامە بە دەستبهێنن.
لەبارەی ئامانجی وەرگێڕانەکەوە، داڤان یەحیا گوتی: "هەوڵێکی زۆرم داوە ئەم جۆرە کتێبانە بکەمە ئینگلیزی بۆ ئەوەی خەڵکی بێگانە لە خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەی کورد ئاگادار بن".
کتێبەکە شەش بەرگە؛ ئەو نووسەرە کوردە ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی بەرگی پێنجەمی کتێبەکەیە و دەڵێت، کە بەرگی پێنجەم و شەشەمی وەرگێڕا، دەگەڕێتەوە سەر بەرگەکانی سەرەتا و دەیانکاتە ئینگلیزی.
داڤان یەحیا خەلیل، ساڵی 1974 لە ناوچەی شێروان مەزنی دەڤەری بارزان لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە هەشتاکان لەگەڵ خێزانەکەیدا راگوێزراون بۆ شارۆچکەی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی 1993 چووەتە دەرەوە و چەند ساڵێک لە ئیتاڵیا ماوەتەوە، لە ساڵی 2000ـەوە لە بەریتانیا دەژی. داڤان ماستەری لە بازرگانیی نێودەوڵەتیدا هەیە.
داڤان یەحیا خەلیل، کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەڤانانی بەریتانیاشە، جگە لە وەرگێڕانی کتێبەکەی سەرۆک بارزانی، چەند کتێبێکی نووسیوە. ساڵی 2021 وەکو نووسەری یەکێک لە باشترین کتێبەکانی ساڵ لە ئەمریکا دیاریکرابوو.
ئەمانەی خوارەوە چەند کتێبێکی نووسەرن:
- کوردستان، کۆمەڵکوژی و لەدایکبوونەوە، ساڵی 2013 بڵاوکراوەتەوە.
- بیرۆکەی کوردستان، ساڵی 2014 بڵاوکراوەتەوە.
- کورد لەسەر رێی سەربەخۆیی ساڵی 2016 بڵاوکراوەتەوە.
- لەسەر لێواری ئازادی، چۆن مەسعود بارزانی کوردستانی بۆ لێواری سەربەخۆیی برد، ساڵی 2021 بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ