رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی پرۆژەی "دڵۆپە مروارییەکان" پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ 20 شێوەکار کورد لە پەرلەمانی وێڵز دەکرێتەوە، تێیدا هەر شێوەکارێک چوار کاری هونەری دەخاتەڕوو.
مەریوان جەلال، هونەرمەندی شێوەکار و رێکخەری پێشانگەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەی "دڵۆپە مروارییەکان" ئامانجی پێشکێشکردنی جوانناسییە لە میوزیک، شێوکاری و ڤیدیۆگرافیک، لە ئاستێکی بەرزدا بە ئەوروپییەکان، هەروەها بەشدارییەکی ئەرێنییە سەبارەت بە نمایشی هونەر و کولتووری کورد لەسەرانسەری ئەوروپادا.
گوتیشی، ئامانجی دیکەی پرۆژەی "دڵۆپە مروارییەکان"، دروستکردنی پردی کولتووری لە نێوان گەلانی ئەوروپا و کورد لە تاراوگە.
مەریوان جەلال، گوتیشی، هونەرمەندانی کورد لە باشووری کوردستان و هونەرمەندانی کورد لە تارواگە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج و هۆڵەندا بەشدار دەبن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئالان نەژاد، بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە و دوو پەرلەمانتاری وێڵز سپۆنسەری پێشانگەکەن و گرووپی فاروق پشتیوانی دارایی دەکات و بە هاوکاری رێکخراوی کاوە سازدەکرێت.
پێشانگەکە رۆژی شەممە 6ـی نیسانی 2024 لە گەلەری ئایندەکان لە پێرهید، لە پەرلەمانی وێڵز لە شاری کاردف دەکرێتەوە و تاوکو 18ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ