رووداەو دیجیتاڵ
دوو هەفتەیە لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکوور، رکابەری کەوتووتووە نێوان فیلمێکی ئەکشن و ئەنیمەیشنێک و ریزبەندی یەکەم و دووەم چۆڵ ناکەن.
هەفتەی رابردوو فیلمی "Furiosa: A Mad Max Saga" لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا بوو، لەم هەفتەیەدا بە کۆکردنەوەی 11 ملیۆن دۆلار، بەرەو ریزبەندی دووەم دابەزی. کۆی داهاتی ئەم بەرهەمە لە ماوەی دوو هەفتەدا 50 ملیۆن دۆلارە.
نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی "Mad Max" توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 32 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، ئەمەش داهاتێکی کەم بوو و لە ئاست ناوبانگییەکەی نەبوو.
ئەنیمەیشنی "The Garfield Movie" هەفتەی رابردوو بە کۆکردنەوەی 31 ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە، لە ریزبەندی دووەمی لیستکەدا هات و چاوی بڕیبووە ریزبەندی یەکەم، لە هەفتەی دووەمدا بە کۆکردنەوەی 14 ملیۆن دۆلار، توانی بگاتە ریزبەندی یەکەم.
ئەم هەفتەیە بە هەفتەیەکی ئارام لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، لە کاتی پشووی خوێندن هەژمار دەکرێت، چونکە زۆرترین داهاتی فیلم 14 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا مانگی شەش کاتێکی گونجاو و گرنگە بۆ پێشاندانی بەهێزترین فیلمەکان و بەدەستهێنانی داهاتی زۆر.
بەشی نوێی "Mad Max" نەک تەنیا ریزبەندی یەکەمی جێهێشت، بەڵکو ریزبەندی دووەمیشی بەهاوبەشییە لەگەڵ فیلمی "IF" کە بە هەمان شێوە 14 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.
داهاتی "The Garfield Movie" بە بەراورد لەگەڵ هەفتەی رابردوو 42٪ کەمیکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆی گەیاندە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکوور کە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا دەگرێتەوە. لە ئاستی سینەماکانی جیهانیشدا بە کۆکردنەوەی 27 ملیۆن دۆلار، لە ریزبەندی یەکەمدایە و کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا 152 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
داهاتی "Furiosa: A Mad Max Saga" بە بەراورد لەگەڵ هەفتەی رابردوو، بە رێژەی 59٪ کەمیکردووە، بەمەش کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا لە ئەمریکا 49 ملیۆن و 700 هەزار دۆلارە، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 168 ملیۆن دۆلارە.
جگە لەم بەرهەمانە، لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک فیلمی نوێ لە شاشەی هەزار سینەما لە ئەمریکا و کەنەدا پێشاندران، لەوانەش "Haikyu !! The Dumpster Battle"، "In a Violent Nature"، "Summer Camp" و "Ezra"، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی بگەنە ریزبەندی پێنج فیلمە پڕداهاتەکانی هەفتە.
فیلمی "Kingdom of the Planet of the Apes" توانی بە کۆکردنەوەی نۆ ملیۆن دۆلار، پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات و لە ریزبەندی چوارەمدا بمێنێتەوە. کۆی داهاتی لە ماوەی چوار هەفتەدا لە ئەمریکای باکوور، 140 ملیۆن دۆلارە.
ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم نیگەرانن لە کەمی داهاتی فیلمەکان لە 2024ـدا، ئەمساڵ داهاتی هیچ فیلمێک لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی نەگەیشتووەتە 100 ملیۆن دۆلار. لە 2023 فیلمی "Dune: Part Two" دەستپێکێکی بەهێزی 82 ملیۆن دۆلاری هەبوو، بەڵام نەیتوانی بگاتە کاروانی ئەو فیلمانەی 100 ملیۆن دۆلاریان لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە. کۆی داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە جیهاندا 711 ملیۆن دۆلارە.
بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا چەند فیلمێکی بەهێز بکەونە نێو سینەماکاندا، لەوانەش "A Quiet Place: Day One" بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت (27ـی حوزەیران)، فیلمی "Despicable Me 4" بەرهەمی یونیڤێرساڵ لە (3ـی تەممووز)، "Twisters" لە (19 تەممووز) و دوو بەرهەمی کۆمپانیای دیزنی "Inside Out 2" لە (14ـی حوزەیران) و "Deadpool & Wolverine" لە (26ـی تەممووز).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ