شاكاری داهاتووی هۆڵیوود لە كوردستان دەكرێ؟

04-07-2019
جانۆ رۆژبەیانی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ماوەیەكی زۆرە پێشنیازی دامەزراندنی ئۆفیسی كۆمیسیۆنی بەرهەمهێنانی فیلم لە كوردستان دەكەم، بۆ ئەوەی كوردستان وەك شوێنێك بۆ وێنەگرتنی فیلم بخاتە بەردەستی هۆڵیوود و ستۆدیۆ ئەوروپییەكان. 

بەهۆی دیمەنە دڵڕفێنەكانی، مامەڵەی دۆستانەی خەڵكەكەی، مێژووە سەرنجڕاكێشەكەی و ئەو ئازادی و ئاسایشە زۆرەی لە چاو ناوچەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیەتی، كوردستان شیانی ئەوەی تێدایە كە ببێ بە شوێنی وێنەگرتنی فیلم.
ئەو كۆمیسیۆنە دەتوانێ سینەمای نێوخۆی كوردستانیش بەهێز بكات، ئەوەش لەڕێی كاركردنی بەهرەمەندانی سینەمای كوردستان وەك فێرخواز یان بە گرێبەست لەگەڵ ستافی هۆڵیوود. ئەم ئەزموونە پراكتیكییە لەگەڵ كەسانی پڕۆفیشناڵ هاوتایە لەگەڵ ساڵانێكی زۆر خوێندنی ئەكادیمی لەو بوارەدا.

دامەزراندنی كۆمیسیۆنی فیلم رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی تواناكانی كوردستان بپشكوێن، چونكە رێ بە رێككەوتنی بەرهەمهێنانی هاوبەش لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دیكە دەدات، لە كاتێكدا بێ ئەم رێككەوتنە هوڵیوود و ستۆدیۆكانی ئەوروپا ناتوانن بەرهەمهێنانی خۆیان بهێننە كوردستان.

بێشك ژمارەیەكی زۆر فیلم لەبارەی عێراق و سووریا دروستدەكرێن كە پەیوەندییان بە داعش و هاوبەشەكانی ناو هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بە بەشداریی كوردستانەوە دەبێ، جگە لەمە لەبارەی زۆر ئەكتەری دیكەی ناوچەكەش فیلم دروست دەكرێن.
واقیعەكە لەبارە بۆ تیمی هاوشێوەی فیلمی "چاك، خراپ، دزێو". ئەو فیلمەی بناغەی زۆر شاكاری كلاسیكیی هۆڵیوود بوو. وێنەگرتنی فیلم لە كوردستان قازانجێكی دارایی زۆریشی بەدواوەیە، لە كاتێكدا بودجەی ئەو فیلمانە لە 25 هەتا 200 ملیۆن دۆلارە.
لەڕووی لۆجیستیكیشەوە، كوردستان سامانێك لە سەرچاوەی راستەقینەی هەیە كە دەتوانێ پێشكەشی بكات، بۆ نموونە بەشداریی پێشمەرگە و ئاوارەكان، دیمەن و باكگراوندی راستەقینەی كەمپەكانی ئاوارە و ئەو شار و شارۆچكانەی داعش وێرانی كردوون. جیا لەمە لە زۆربەی ناوچەكانی جیهانەوە گەشتی راستەوخۆ بۆ كوردستان دەكرێ، باڵەخانەی لێیە كە بە ستانداردی رۆژئاوایی دروستكراون، لە هەمووشی گرنگتر هاوپەیمانێتیی فرەلایەنی كورد لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی رۆژئاوایی دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی پێشوازییەكی گەرم لە رۆژئاواییەكان بكرێ. 

بەڵام بەرهەمهێنانی فیلم لە كوردستان نابێ لە بەرهەمهێنانی زەبەلاحی هۆڵیووددا قەتیس بكرێ كە فۆكەسی سەرەكییان لەسەر داعش و رووداوە جەنگییەكانە.

هەرچەندە فیلمسازانی كورد ماوەیەكی زۆرە تراژیدیا و مەینەتییەكانی گەلی خۆیان كردووە بە فیلم، بەڵام كاتی ئەوە هاتووە رووی كامێراكانیان بۆ لای كولتور و فۆلكلۆری خۆیان بسووڕێنن كە لە چەندین نەوەی پێشووەوە بۆیان بە میرات ماوە، لەوانەش داستانە مێژووییەكان و فۆلكلۆرە رۆمانتیكەكانی رابردوو و ئێستا.

كوردستان لانكی یەكێك لە كۆنترین شارستانییەكانی جیهانە و ژمارەیەكی زۆر شوێنەواری كۆنی لە ئامێز گرتووە كە مێژووی هەندێكیان بۆ چاخی نیاندێرتاڵەكان لە 40 هەزار ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە.

جوانیی سروشتی كوردستانیش سنوور ناناسێ، بە تایبەتی لە بەهاراندا، كاتێك بەفر بە لوتكەی چیاكانەوە ماوە،  دۆڵەكان دڵڕفێنن، تاڤگەكان كە لە بەفری تواوەی چیاكانەوە دروست دەبن و ئاوەكەیان تێكەڵ بە خوڕەی ئاوی رووبار و چەمەكان دەبێ، زنجیرەی گردەكان و پێدەشتە بەرینەكان كە گوڵ و شكۆفە رەنگاوڕەنگەكان دایانپۆشیون.

ئینجا ئەمە خۆری زێڕینی كوردستانیشی بێنە سەر كە لە كۆنەوە رێزی لێدەنرێ و لە هەموو شتێكی كوردستاندا بەرجەستە بووە، هەر لە ئاڵای نەتەوەیی كوردەوە بیگرە هەتا دەگاتە شێوەی پەرستگاكانی ئێزدی.

سێرگێی بۆدرۆڤ، دەرهێنەری رووسی، لە كاتی سەردانی بۆ كوردستان لەگەڵ شاندێكی هۆڵیوود، رۆژی كوردستان وەك "گەنجینەیەك بەدەست فۆتۆگرافەری فیلمەكانەوە" وەسف دەكات.

كاتێك لە 2001 خەریكی وێنەگرتنی فیلمی ژیان بووم، ئامێر و كەرەستەی فیلم، بەتایبەتی كەرەستەی رووناكی لە هەرێمی كوردستان زۆر كەم بوو. بۆیە تەنیا پشتمان بە رووناكیی خۆر بەست، ئەوەش تیشكێكی زێڕینی بەسەر هەموو فیلمەكەدا باراند و گەرمییەكی زۆری بە دیمەنەكان بەخشی.

ئەم جوانییە سروشتییە كوردستان دەكاتە شوێنێكی بە پیت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، چونكە رووی كامێرا بۆ هەر لایەك بسووڕێنین، ئەو وێنەیەی كە دەستماندەكەوێت نوێ و دڵڕفێنە وەك شنەبای بەرەبەیان.
لەو وتارەی كە پێشتر لەسەر مێژووی سینەمای كوردستان نووسیم و لە (رووداو) بڵاوم كردەوە، پێشبینی ئەوەم كرد كە بەرهەمهێنەرانی یاریی ڤیدیۆیی لە داهاتوویەكی نزیكدا سوود لە پاڵەوانە ئافرەتە كوردەكان وەردەگرن. بیرمان نەچێت، كۆمپانیای ئینفینیتی وارد، بۆ بەرهەمهێنانی یاریی ڤیدیۆیی، لە دوایین یاریی خۆیدا بە ناوی (Call to Duty: Modern Wafare)  رێك ئەو كارەی كردووە. 

جاكوب میكنۆف، دەرهێنەر لە كۆمپانیای (ئینفینیتی وارد) لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی دان بەوەدا دەنێ كە ئیلهامی لە شەڕڤانە ئافرەكانی یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەرگرتووە كە لە عێراق و سووریا لەدژی داعش شەڕیان كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا یارییەكە هیچ ئاماژەیەك بە كورد نادات. رووداوەكانی ئەو یارییە لە وڵاتێك بە ناوی ئورزیكستان روودەدەن كە دیارە ناوەكەی تێكەڵەیەكە لە ناوی وڵاتە جیاوازە موسوڵمانەكان. وەك دەیڤید رۆمانۆ، گۆشەنووسی (رووداو) ئاماژەی بۆ دەكات، كاراكتەرە كوردەكەی یارییەكەش ناوێكی عەرەبی هەیە: فەرەح كەریم!

ئەگەری روودانی ئەم بەهەڵە نواندنە زۆر كەمتر دەبووەوە ئەگەر كوردێك لە بۆردی راوێژكارانی كۆمپانیای ئینفینتی وارد بووایە. ئەمە دەكرێ وانەیەك بێ بۆ پیشەسازیی فیلمی كوردی كە لە گەشەسەندندایە. ئەگەر ئۆفیسی كۆمیسیۆنی فیلمی كوردی هەبووایە، دەكرا گەرەنتی ئەوە بكەین كە كورد وەك خۆی پیشان بدرێ.

دەبێ شارەزایانی كورد لە بوارەكانی مێژوو، كولتوور و سیاسەت وەك راوێژكار لە سێتی بەرهەمهێنانی فیلمەكاندا سوودیان لێوەربگیرێ، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی كورد و رۆڵی كورد لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا دروست پیشان دەدرێ و لە بەهاكەی كەم ناكرێتەوە.

ئۆفیسی كۆمیسیۆنی فیلمی كوردستان رێخۆشكەر دەبێ بۆ ئەوەی كوردستان بەشێوەیەكی واقیعبینانە ببێ بە شوێنی وێنەگرتنی هەموو رووداوێك، لە چیرۆكە هەنووكەییەكانی و وێرانی و ئازایەتییەوە بیگرە هەتا داستانە مێژووییەكان كە لە شێوەی شاكارە پڕداهاتەكانی هۆڵیوود یان فیلمی بەهرەمەندە خۆماڵییەكان بەرهەم بهێنرێن و لە هەموو جیهان نمایش بكرێن. لە هەمووشی گرنگتر ئۆفیسی فیلمی كوردستان دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێ كە كوردستان بە هەموو جوانیەكانییەوە بە دروستی و وردی پیشان بدرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێتفلێکس ستۆدیۆکانی وارنەر و (ئێج بی ئۆ ماکس) بە 72 ملیار دۆلاری دەکڕێتەوە

نێتفلێکس ستۆدیۆکانی وارنەر و (ئێج بی ئۆ ماکس) بە 72 ملیار دۆلاری دەکڕێتەوە

کۆمپانیای نێتفلێکس رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ کۆمپانیای وارنەر برۆس دیسکەڤەری، گەورەی کۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی سینەما کردووە کە خاوەنی زنجیرە بەناوبانگەکانی (Harry Potter) و (Friends)ـە، بەمەبەستی کڕینەوەی ستۆدیۆکان و بزنسی پەخشی ئۆنلاین بە بڕی 72 ملیار دۆلار.