لۆنی ئاندەرسن لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

04-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن لۆنی ئاندەرسن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لۆنی ئاندەرسن، ئەو خانمە ئەکتەرەی بە رۆڵە بەهێزەکەی لە نێو زنجیرە کۆمیدیی بەناوبانگەکەی "WKRP in Cincinnati" ناسرابوو، تەنیا چەند رۆژێک پێش یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی، کۆچی دوایی کرد.
 
شێریل جەی. کەیگن، بەڕێوەبەری کاروباری راگەیاندنی ئاندەرسن، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 3ـی ئابی 2025 لە نەخۆشخانەیەکی لۆس ئەنجلس بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە گیانی لەدەستداوە. ماڵباتەکەیشی لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی: "بە دڵێکی خەمبارەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوژین و دایک و داپیرە ئازیزەکەمان رادەگەیەنین."
 
ئاندەرسن لە 5ـی ئابی 1945 لە شاری سەینت پۆڵ لە ویلایەتی مینیسۆتا لەدایکبووە. باوکی کیمیاگەرێکی ژینگەیی و دایکی نمایشکاری جلوبەرگ بووە.
 
زنجیرەی "WKRP in Cincinnati" لە نێوان ساڵانی 1978 بۆ 1982 پەخش دەکرا، چیرۆکی وێستگەیەکی رادیۆی لە شاری ئۆهایۆ دەگێڕایەوە کە هەوڵی دەدا بە میوزیکی رۆک خۆی نوێ بکاتەوە. ئاندەرسن رۆڵی جێنیفر مارلۆی دەگێڕا، کە سکرتێر و کارمەندی پێشوازیی وێستگەکە بوو؛ جوانییەکەی هاوتای زیرەکییەکەی بوو. جێنیفر بەردەوام بە شێوازێکی زیرەکانە پەیوەندییە ناپەسەندەکانی لە بەڕێوەبەرەکەی دوور دەخستەوە و لێهاتووییەکەی زۆرجار وێستگەکەی لە بەرامبەر بێتوانایی کەسانی دیکەدا بەڕێوە دەبرد.
 
ئەو رۆڵە دوو جار بەربژێربوونی بۆ خەڵاتی ئیمی و سێ جار بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ ئاندەرسن بەدەستهێنا.
 

لە 1983، ئاندەرسن شانبەشانی ئەکتەری ناودار بێرت رێینۆڵدز لە فیلمی کۆمیدیی "Stroker Ace" دەرکەوت. دواتر ئەو دوو ئەکتەرە ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، دوای ئەوەی چەندین کێشە کەوتە نێوانیان، لە 1994 جیابوونەوە.
 
ئاندەرسن لە ژیاننامەکەیدا کە لە 1995 بە ناوی "My Life in High Heels" بڵاویکردەوە و باسی لە ژیانی هاوژینیی و کێشەکانی کردبوو، لە بەشێکیدا نووسیویەتی: کتێبەکە "لەبارەی گەشەکردنی ژنێکە، ژنێک کە لە ژیاندا دەمێنێتەوە."
 
ئاندەرسن چوار جار ژیاونی هاوژینی پێکهێناوە، دوایینیان لە 2008 بوو لەگەڵ بۆب فلیک و کچ و کورێکیان هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە