رووداو دیجیتاڵ
لە زنجیرە فیلمێکی ئێرانیدا بێڕێزی بە هاونیشتمانییانی لوڕ کراوە و دژی بێڕێزییەکە، گردبوونەوە و خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت.
لە بەشێکی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی سووشون، خەڵکی لوڕستان وەکو خەڵکێکی برسی و رەشوڕووت و دواکەوتوو پێشان دراون. خەڵکی لوڕستان دەڵێن، ئەو بێڕێزییە "بە ئەنقەست" پێیان کراوە و دوێنێ چوارشەممە، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی کولتووری شاری شیراز گردبوونەوە.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە رایانگەیاند، لە بەرامبەر بێڕێزیکردن بە شوناسی نەتەوەیی و کولتووری خۆیان بێدەنگ نابن و دژی کەمتەرخەمی دامودەزگا حکومییەکان بەرامبەر بێرێزیکردن بە خەڵکی لوڕستان دروشمیاندا. تاوەکو ئێستا لە چەندین فیلم و پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی ئێراندا بێڕێزی بە خەڵکی لوڕستان کراوە و لە ساڵی 2013ش خەڵکی لوڕستان دژی ئەو بێڕێزییانە خۆپێشاندانیان کرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، لە رۆژانی داهاتوودا لە شارەکانی دیکەش گردبوونەوە و خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت.
زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی سووشون لە دەرهێنانی نەرگس ئابیارە و تاوەکو ئێستا حەوت بەشی بڵاوکراوەتەوە. بیرۆکەی فیلمەکە لە رۆمانی سووشوون لە نووسینی سیمین دانشوەر وەرگیراوە لەبارەی رووداوەکانی نێوشاری شیراز لە ساڵانی کۆتایی شەڕی جیهانیی دووەمدا.
دەرهێنەر و تیمی بەرهەمهێنانی زنجیرەی سووشون لە راگەیێندراوێکدا داوای لێبووردن لە خەڵکی لوڕستان دەکەن و دەڵێن، ئەو بەشەی ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، لە زنجیرەکە لابراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ