رووداو-هەولێر
هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، شەهرام نازری رایگەیاند، بڕیاربوو دوای 26 ساڵ بە هەوڵی ئەنجوومەنی شانۆی نیشتمانی سوید لە شارەکانی ماڵمۆ و ستۆکهۆڵم کۆنسێرت بەڕێوەببات، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە لە رۆژئاوای کوردستان شەڕە، کۆنسێرتەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.
نازری بە رۆژنامەیەکی ئێرانی راگەیاندووە "زۆربەی کوردان دڵ بە خەمن و لەو شەڕەدا ئازیزانیان لەدەستداوە، وەک رێزێک بۆ کوردی خۆشەویست، بڕیارمدا کۆنسێرتەکە هەڵبوەشێنمەوە".
شەهرام نازری لە 18-2-1950 لە کرماشان لەدایکبووە. ئاوازخوێن، ئاهەنگساز و شارەزای میوزیکی رەسەنی کوردی و فارسییە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 ئەلبۆمی میوزیکی بڵاوکردووەتەوە. خاوەن 12 نازناو و خەڵاتی نێودەوڵەتییە وەک شواڵیەی ئەدەب و هونەری فەڕەنسا و باشترین هونەرمەندی ئاسیا لە ساڵی 2007. ئەنجوومەنی شار و شارەوانی شاری سەن فیەگۆی ئەمریکاش رۆژی 25ی مانگی فێڤرییەیان بەناوی شەهرام نازری ناو ناوە.
پێشتریش لەرۆژی 12ـی ئۆکتۆبەر کەیهان کەلهووڕ ژەنیاری بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە خاوەنی خەڵاتی گرەمی میوزیکە، لە کۆنسێرتی لەندەن رایگەیاند، بەهۆی ناڕەزایەتی لە هێرشی تۆرکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کۆنسێرتەکەی لە ئیستەنبووڵ هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەو هەڵوێستەی کەلهووڕ، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران و سۆشیاڵمیدیا هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ