رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی سینەمای هەولێر، فیلمی سینەمایی (ژیانی کڵۆ بەفرێک) لە دەرهێنانی کازم ئۆز، دەرهێنەری کورد و بە ئامادەبوونی دەرهێنەرە لە هەولێر پێشاندەدرێت. فیلمەکە چیرۆکێکی ئەڤینداریی نێوان کچێکی تورک و کوڕێکی کورد لە باکووری کوردستان دەگێڕێتەوە.
زەهاوی سنجاوی، فیلمساز و بەرپرسی ناوەندی سینەمای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە سینەما هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ پێشاندەدرێت، گوتیشی، پێشاندانی فیلمەکە کاژێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی کانوونی یەکەم) و سبەی هەینی (5ـی کانوونی یەکەم) بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەرهێنەری فیلم هەردوو رۆژ لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبێت و لە دوای پێشاندانی فیلم؛ گفتوگۆیەکی کراوەی بۆ سازدەکرێت.
فیلمەکە بەناوی (The Life of a Snowflake)یە واتە (ژیانی کڵۆ بەفرێک)، چیرۆکێکی راستەقینە و کاریگەرە لەبارەی پەیوەندیی نێوان دوو گەنجە؛ بە ناوەکانی میاسە و ئادار.
میاسە کچێکی تورکە و خەڵکی ترابزۆنە، ئاداریش کوڕێکی کوردە و خەڵکی هەکارییە؛ ئەوان گیرۆدەی خۆشەویستییەکی بەهێز دەبن، بەڵام لە شەوی سەری ساڵی نوێدا، ئادار بەشێوەیەکی کتوپڕ ون دەبێت.
میاسە لە رۆژێکی سەختی زستاندا بڕیار دەدات بەدوای خۆشەویستەکەیدا بگەڕێت و گەشت بۆ دێرسیم دەکات. ئەو گەشتە یەک هەفتەییە دەبێتە گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو ئەشقە خەماوییەی کە "لەژێر بەفردا شاردراوەتەوە".

فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێستای باکووری کوردستان و تورکیا.
(ژیانی کڵۆ بەفرێک) فیلمێکی بڵندە و لە ژانری بەرهەمە درامایی و رۆمانسییەکانە و بەرهەمی 2022ـە.

کازم ئۆز، ساڵی 1973 لە دێرسیم لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. یەکێکە لە دەرهێنەرە دیارەکانی کورد، بەرهەمەکانی بە ئاوێتەکردنی هونەری سینەما و بەڵگەفیلم ناسراون.
ئەو دەرهێنەرە خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە و بە فیلمەکانی وەک (فۆتۆگراف - 2001)، (باھۆز - 2008) و (زەر - 2017) ناوبانگێکی دەرکردووە. سینەمای کازم ئۆز بەردەوام هەوڵ دەدات لە رێگەی چیرۆکە مرۆییەکانەوە، ئازارەکان، کێشەی ناسنامە و دیمەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشاندانی جیهان بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ