(One Battle After Another) خەڵاتی باشترین فیلم و دەرهێنەر بەدەست دێنێت

دوێنێ کاژێر 06:51
پەسار فایەق
نیشانەکردن خەڵاتەکانی هەڵبژاردەنی رەخنەگران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو، لە لە سانتا مۆنیکا، 31ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی هەڵبژاردنی رەخنەگران بۆ باشترین بەرهەمەکانی فیلم و تەلەڤزیۆن بەڕێوەچوو، تێیدا فیلمی (One Battle After Another) گەورەترین خەڵاتی شەوەکەی بردەوە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا کە چێڵسی هاندلەر بۆ چوارەم ساڵی لەسەریەک پێشکێشکاری بوو، فیلمی (One Battle After Another) توانی خەڵاتی باشترین فیلم بەدەستبهێنێت، هەروەها پۆڵ تۆماس ئاندەرسن، دەرهێنەری فیلمەکە، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێبەخشرا.
 
فیلمی (Sinners) یەکێکی دیکە بوو لە سەرکەوتووانی شەوەکە و چوار خەڵاتی بردەوە؛ لەوانە خەڵاتی باشترین دەستەی ئەکتەران کاست و ئینسامبڵ کە ئەمساڵ وەک بەشێکی نوێ زیادکراوە و خەڵاتی باشترین ئەکتەری گەنج کە بۆ مایلز کاتۆن بوو، لەگەڵ باشترین سیناریۆی رەسەن بۆ رایان کوگلەر و باشترین میوزیک بۆ لودویگ گۆرانسۆن.
 
لە بەشی نواندندا، تیمۆسی شالامێ وەک باشترین ئەکتەر بۆ رۆڵی لە فیلمی (Marty Supreme) دەستنیشانکرا، جێسی بوکلییش خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی بۆ فیلمی (Hamnet) بردەوە. هەروەها جەیکۆب ئێلۆردی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتی بۆ فیلمی (Frankenstein) و ئەیمی مادیگان خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتی ژنی بۆ فیلمی (Weapons) وەرگرت.
 

فیلمی ئەنیمەیشنی (KPop Demon Hunters) دوو خەڵاتی بردەوە، کە بریتین لە باشترین فیلمی ئەنیمەیشن و باشترین گۆرانی.
 

لەسەر ئاستی دراما و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان، زنجیرەی (The Pitt) خەڵاتی باشترین زنجیرەی درامای بردەوە و هەردوو ئەکتەری سەرەکی زنجیرەکە، نو‌هـ وایڵ و کاترین لا نێسا خەڵاتی باشترین نواندنیان پێبەخشرا. لە بەشی کۆمیدیادا، زنجیرەی (The Studio) بە باشترین زنجیرەی کۆمیدی هەڵبژێردرا و سێس رۆگن و ئایک بارینهۆڵتز خەڵاتی نواندنیان بۆ هەمان زنجیرە بردەوە.
 

زنجیرەی (Adolescence) یەکێکی دیکە بوو لە براوە دیارەکان و توانی خەڵاتی باشترین زنجیرەی سنووردار (Limited Series) و سێ خەڵاتی نواندن بۆ ئەکتەرەکانی ئیرین دۆهرتی، ستیڤن گراهام و ئۆوین کووپەر بەدەستبهێنێت.
 
ئەمساڵ کۆمەڵەی رەخنەگران چوار بەشی نوێیان بۆ خەڵاتەکان زیادکردبوو، کە پێکهاتبوون لە: باشترین دەستەی نواندن، باشترین زنجیرەی ڤارایتی، باشترین دیزاینی ستانت و باشترین دەنگ.
 

بە گشتی ئەمانە گرنگترین براوەکانی خەڵاتی هەڵبژاردەی رەخنەگران بوون بۆ 2026:
 
باشترین فیلم: (One Battle After Another)
باشترین دەرهێنەر: پۆڵ تۆماس ئاندەرسن بۆ فیلمی (One Battle After Another)
باشترین ئەکتەری پیاو: تیمۆسی شالامێ لە فیلمی (Marty Supreme)
باشترین ئەکتەری ژن: جێسی بوکلی لە فیلمی (Hamnet)
باشترین ئەکتەری پاڵپشت (پیاو): جەیکۆب ئێلۆردی لە فیلمی (Frankenstein)
باشترین ئەکتەری پاڵپشت (ژن): ئەیمی مادیگان لە فیلمی (Weapons)
باشترین زنجیرەی دراما: (The Pitt)
باشترین زنجیرەی کۆمیدی: (The Studio)
باشترین زنجیرەی سنووردار: (Adolescence)
باشترین فیلمی ئەنیمەیشن: (KPop Demon Hunters)
باشترین فیلمی بیانی: (The Secret Agent)
باشترین شۆی تەلەڤزیۆنی: (Jimmy Kimmel Live!)

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە