رۆون ئاتکنسن لە زنجیرەی 'Man Vs Baby' رۆڵدەگێڕێت

05-02-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن رۆون ئاتکنسن مستەر بین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆون ئاتکنسن، ئەکتەری کۆمێدی بەریتانی کە بە کارەکتەری مستەر بین ناوبانگی پەیداکردووە، لە زنجیرەی "Man Vs Baby" رۆڵدەگێڕێت.
 
"Man Vs Baby" زنجیرەیەکی نوێ نییە، بەڵکو گرێدراوی زنجیرەی "Man vs Bee"ـە کە نێتفلێکس لە 2022 بڵاویکردەوە و بڕیارە لە چوار ئەڵقەدا پێشکێش بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 3ـی شوباتی 2025 لە لەندەنی بەریتانیا، ئەو ئەکتەرە لە کاتی وێنەگرتنی زنجیرەکەدا بینراوە و هاوشێوەی کارەکتەری مستەر بین دەرکەوتووە، بەشێک لە هۆگرانی پێشبینی ئەوەیان دەکرد، ئەو رۆڵە بگێڕێتەوە.
 
لە کاتی وێنەگرتندا، ئاتکنسن کڵاوێکی لەسەر بوو و کۆرپەیەکی لە باوەشدا بوو. پێدەچێت لە وەرزی نوێدا ئەرکی بەخێوکردنی منداڵی لە ئەستۆ گرتبێت، لە دوای ئەوەی لە وەرزی یەکەمدا ئەرکی چاودێریکردنی ماڵێکی گرانبەهای لە ئەستۆ بوو، بەڵام بە سووتاندنی ماڵەکە کۆتایی هات.
 
ئاتکنسن، لە 1990 بۆ یەکەمجار رۆڵی کارەکتەری مستەر بینی لە چەند فیلمێکی کورتدا گێڕا، لە دوای بڵاوبوونەوەی وێنە نوێیەکانی، هۆگرانی نووسیویانە: "جەژنی لەدایکبوون زووتر دێت؟" و "گەڕانەوە بۆ بین"، ئەمانەش ئاماژەیێکن بۆ دووبارە رۆڵگێڕانی کارەکتەری مستەر بین.
 
"Man vs Bee" بەرهەمێکی کۆمێدی - خێزانییە، لەلایەن رۆون ئاتکنسن و ویلیام دەیڤزەوە نووسراوە، جگە ئاتکنسن، هەریەک لە جینگ لوسی، کلۆدی بلاکلی و تۆم باسدن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە بەریتانییە لە 24ـی حوزەیرانی 2022 لە 10 ئەڵقەدا لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە. چیرۆکەکەی باس لە پیاوێک بە ناوی ترێڤەر دەکات، بەهۆی هەنگێکەوە تەواوی ژیانی دەشێوێت و بەردەوام لە جەنگ و ململانێدایە لەگەڵیدا.
 
رۆون ئاتکنسن، لە 6ـی کانوونی دووەمی 1955 لە بەریتانیا لەدایکبووە، ئەکتەر و نووسەرە و لە رێگەی زنجیرەی گاڵتەجاری "Blackadder" ناوبانگی پەیداکرد کە لە (1983-1989) پێشکێشکرا، بەڵام زنجیرەی "Mr. Bean" لە (1990-1995) ناوبانگی جیهانیی پێبەخشی.
 
ئەو ئەکتەرە لە چەندین فیلم و زنجیرەدا رۆڵی گێڕاوە، دواتر رووی لە شانۆ کردووە و لە چەند بەرهەمێکدا بەشداربووە، لە 2007 وەک یەکێک لە ئەکتەرە خۆشەویستەکان لە کۆمێدیای بەریتانی ناسێندرا، لە 2005 وەک یەکێک لە 50 هونەرمەندە کۆمێدییەکان لە جیهاندا ناسێندرا.
 
ئاتکنسن، جگە لە خەڵاتی بافتا، براوەی چەندین خەڵاتی دیکەیە لە بواری سینەما، تەلەڤزیۆن و شانۆ، لەوانە خەڵاتی ئۆلیڤیە.
 
بەهۆی کارەکتەری مستەر بین ناوبانگی پەیداکردووە، کە ئەو ئەکتەرە لە کورتە فیلمی تەلەڤزیۆنیدا گێڕاویەتی، دواتر لە فیلمی سینەمایی و بەرهەمی ئەنیمەیشنیشدا بەرجەستەی کردووە.
 
لە 2014، زنجیرەیەک لەبارەی کارەکتەری مستەر بین بەرهەمهات و تاوەکو 2019 بەردەوام بوو، لە پێنج وەرز و 104 ئەڵقە پێکهاتووە.
 
ئەو ئەکتەرە لە 1983 لە زنجیرە فیلمی سینەمایی جەیمس بۆند بەناوی "Never Say Never Again" بەشداربوو، لە 1988 لە کورتە فیلمی "The Appointments of Dennis Jennings" بەشداربوو کە براوەی خەڵاتی ئۆسکارە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.