مانگی داهاتوو سەعد لمجەرەد دادگەیی دەکرێتەوە

05-05-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن سەعد لمجەرەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوو، سەعد لمجەرەد، گۆرانیبێژی مەغریبی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنی سێکسی و توندوتیژی لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی فەرەنسا ئامادە بێت، پێشتریش بەهۆیەوە بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.
 
لە 2003 دادگەی فەرەنسی لە پاریس، ئەو هونەرمەندەی بە تاوانبار ناساند و بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازادکرا و ماوەی دوو ساڵە لەژێر چاودێریدایە.
 
بڕیارە دانیشتنەکانی دادگە لەمبارەیەوە لە 2-6ـی حوزەیرانی 2025 لە دادگەی کریتەی بەڕێوەبچێت.
 
ئەو گۆرانیبێژە تۆمەتی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێک لە یەکێک لە هوتێلەکانی پاریس لە 2016 خراوەتە پاڵ، ئەو کات بە مەبەستی سازکردنی کۆنسێرتێک لەو وڵاتە بوو.
 
بڕیارە لۆرا بی (30 ساڵ) قوربانیی دۆسییەکە وەک ئەوەی دادگە ناساندوویەتی، لە دادگەییکردنەکە ئامادە بێت.
 
یەکەم دادگەییکردنی لمجەرەد لە 2017ـە بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، لەبارەی دۆسییەکە، دادگەییکردنی دواخرا.
 
فەرمانبەرانی هوتێلەکە پێشتر شایەتیان بۆ ئەوە دابوو کە لەو شەودا کچێکیان بینیوە بە گریناەوە هاتووەتە لایان و داوای بەهاناوەچوونی کردووە، پیاوێکی سەرخۆشیشیان وەستاندووە کە بەدوای کەوتبوو.
 
ئەو هونەرمەندە یەکەمجار نییە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەخریتەپاڵ، پێشتریش هەمان تۆمەتی لە ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتەکەی خراوەتە پاڵ.
 
سەعد لمجەرەد، لە 7ـی نیسانی 1985 لە مەغریب لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، سەمکار، تێکستنووسی گۆرانی و بەرهەمهێنەرە، کوڕی هەردوو هونەرمەند ئەلبەشیر عەبدو و نەزهەت رکراکییە، لە 2007 دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە رێگەی کار هونەرییەکانییەوە چەندین خەڵاتی عەرەبی و جیهانی وەرگرتووە، یەکەم هونەرمەندی عەرەبە ڤیدیۆکلیپێکی بەناوی 'لمعلم' لە یوتیوب بگاتە یەک ملیار بینەر.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە