چیرۆکی ئەنیتا لاسکەر و ژەنینی چەلۆ لە ئۆردوگای مەرگدا

05-08-2025
ژیار عومەر
نیشانەکردن ئەنیتا لاسکەر-واڵفیش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نێو درندەیی و تاریکیی ئۆردوگای مەرگی ئاوشویتز، کە ملیۆنان مرۆڤ تێیدا لەناو برا، بەهرەیەکی هونەری بووە هۆی رزگارکردنی ژیانی کچێکی گەنجی جوو. چیرۆکی ئەنیتا لاسکەر-واڵفیش، ژەنیاری ئامێری چەلۆ، بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر هێزی سەیر و سەمەرەی میوزیک لە رووبەڕووبوونەوەی دڕندەییەک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
 
ئەنیتا لاسکەر، لە ماڵباتێکی جووی ئەڵمانی لەدایک بوو، لەگەڵ خوشکەکەیدا، ریناتە، لە 1942 هەوڵیاندا بە بەڵگەنامەی ساختەوە لە ئەڵمانیاوە بەرەو فەرەنسا هەڵبێن، بەڵام هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و دەستگیر کران. دوای ماوەیەک مانەوە لە زیندان، لە 1943ـدا بەرەو ئۆردوگای ئاوشویتز-بێرکیناو گواسترانەوە، کە بە "کارگەی مەرگ" ناسرابوو.
 
لە کاتی گەیشتنیان، وەک هەموو زیندانییەکی دیکە، رووبەڕووی پرۆسەی جیاکردنەوە بوونەوە کە زۆربەی کات چارەنووسی خەڵکەکەی دیاری دەکرد، یان کاری زۆرەملێ یان ژوورەکانی گاز. کاتێک ئەفسەرێکی نازی پرسیاری لە ئەنیتا کرد کە پێشتر چی دەکرد، ئەو بە ترس و لەرزەوە وەڵامی دایەوە: "من چەلۆم دەژەنی".
 
ئەم وەڵامە سادەیە، ژیانی گۆڕی، لەبری ئەوەی رەوانەی مەرگ بکرێت، بردیان بۆ لای ئالما رۆزێ، ژەنیاری بەناوبانگی کەمانچە و کچەزای گوستاڤ مالەر، ئاوازدانەری و سەرپەرشتیاری ئۆرکێسترای ژنانی ئاوشویتز بوو.
 
ئۆرکێستراکە ئەرکێکی سەیر و دژواری پێ سپێردرابوو. ئەوان دەبوو رۆژانە لەبەردەم دەروازەی سەرەکیی ئۆردوگاکەدا میوزیک و مارشی سەربازی بژەنن کاتێک زیندانییەکان بۆ کاری زۆرەملێ دەبرانە دەرەوە و کاتێکیش بە شەکەتی دەگەڕانەوە. هەروەها ئاهەنگی تایبەتیان بۆ ئەفسەرە نازییەکان ساز دەکرد و میوزیکی کلاسیکیان بۆ دەژەنین.
 
ئەنیتا لە یادەوەرییەکانیدا باس لە دژوازیی ئەو دۆخە دەکات؛ ژەنینی پارچە میوزیکێکی جوانی شومان یان گریگ لەکاتێکدا دووکەڵی سووتانی تەرمی مرۆڤەکان لە دوورەوە بەدی دەکرا. ئەو دەڵێت، "میتوزیک ژیانی رزگار کردم، بەڵام ژەنین لەو شوێنەدا گاڵتەجاڕی بوو".
 
ئەندامێتی لە ئۆرکێسترادا مانای ژیانێکی باشتر نەدەگەیاند، بەڵکو تەنیا دواخستنی مەرگ بوو. ئەوان خواردنی کەمێک باشتر و جلوبەرگی جیاوازتریان پێدەدرا و لە ژوورەکانی گاز پارێزراو بوون، بەڵام لەژێر فشارێکی دەروونیی تونددا بوون، چونکە دەبوو بۆ ئەو کەسانە بژەنن کە خانەوادە و هاوڕێکانیانیان دەکوشت.
 
کاتێک سوپای سوور لە سوپای نازی نزیک بووەوە، ئەنیتا و ئەندامانی دیکەی ئۆرکێستراکە گواسترانەوە بۆ ئۆردوگای بێرگن-بێڵسن. لەوێش رزگاری بوو تاوەکو لە نیسانی 1945ـدا لەلایەن سوپای بەریتانیاوە ئازاد کرا.
 
دوای جەنگ، ئەنیتا لاسکەر-واڵفیش چوو بۆ بەریتانیا و بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئۆرکێسترای ژووری ئینگلیزی و ژیانی هونەریی خۆی درێژە پێدا. بۆ ماوەی دەیان ساڵ رەتیکردەوە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاریدا چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە تاوەکو ببێتە دەنگێکی کاریگەر دژی لەبیرکردنەوەی هۆلۆکۆست و هۆشیاریدان لەبارەی مەترسییەکانی رەگەزپەرستی.
 
چیرۆکی ئەو تەنیا گێڕانەوەی رزگاربوون نییە، بەڵکو شایەتحاڵییەکە لەسەر ئەوەی چۆن جوانی و هونەر دەتوانن لەناو ناشیرینترین و تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، وەک چرایەکی هیوا بمێننەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڵگەفیلمی خولەپیزە

خولەپیزە چۆن ژیا و چۆن گیانی لەدەستدا؟

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا، بەڵگەفیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ژیان و بەسەرهاتی مەحموود محەممەد، ناسراو بە خولەپیزە و هاوڕێکانی دەگێڕێتەوە کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا دژی حکومەتی پاشایەتیی عێراق چەکیان هەڵگرت.