رووداو دیجیتاڵ
ویلیام دافۆ، ئەکتەری ئەمریکی، لە 31ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی سەرایێڤۆدا بە بەخشینی خەڵاتی "دڵی شانازیی سەرایێڤۆ" رێزی لێدەگیرێت. خەڵاتەکە رێزلێنانێکە بۆ بەشدارییە بەرچاوەکانی لە هونەری سینەمادا.
فێستیڤاڵەکە یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵەکانی فیلمە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا و بڕیارە لە 15 تا 22ـی ئابی 2025 بەڕێوەبچێت.
دافۆ، لە ماوەی کاروانە هونەرییەکەیدا لە زیاتر لە 150 فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، بەهۆی فرەلایەنی و بوێری لە هەڵبژاردنی رۆڵەکانیدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسراوە.
جۆڤان مارجانۆڤیچ، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی سەرایێڤۆ، رایگەیاند: "گەڕانەوەی ویلیام دافۆ بۆ فێستیڤاڵی فیلمی سەرایێڤۆ دوای 25 ساڵ، جێگەی شانازی و خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە خەڵاتی دڵی شەرەفی سەرایێڤۆی پێشکەش بکەین".
گوتیشی: "هەر جارێک دێتە بەردەم کامێرا، دەیسەلمێنێت کە مامۆستایەکی راستەقینەی پیشەکەیەتی، جا چ لە فیلمێکی گەورەی هۆڵیوود بێت یان فیلمێکی سەربەخۆی کەم بوودجە، کارەکتەرەکانی بەردەوام ئاڵۆز، پڕ لە هەست و لەبیرنەکراون".
ویلیام دافۆ لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا ماستەرکلاسێکیش پێشکێش دەکات، تێیدا ئەزموونی خۆی لەگەڵ بەهرەمەندە گەنجەکان، پیشەوەرانی فیلم و ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکەدا هاوبەش دەکات.
دافۆ لە ماوەی کارکردنیدا چوار جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، لەوانە بۆ فیلمەکانی "Platoon"، "Shadow of the Vampire"، "The Florida Project" و "At Eternity's gate"، هەروەها خاوەنی چەندین خەڵاتی دیکەی بەناوبانگە وەک جامی ڤۆڵپی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس و ورچی زێڕینی شانازیی بەرلین.
یەکەمجار نییە دافۆ سەردانی سەرایێڤۆ دەکات، بەڵکو 25 ساڵ لەمەوبەر بەشداریی لەم فێستیڤاڵەدا کردووە.
ئەمساڵ جگە لە دافۆ، رێز لە سینەماکاران و ئەکتەرانی دیکەی وەک پاولۆ سۆرێنتینۆ، ستێلان سکاشگارد و رەی وینستۆنیش دەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ